کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دۆخی شاری کامیاران ئەمنییەتی دەکات

22:34 - 8 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری کامیاران دۆخی شاری کامیاران ئاڵۆز دەکەن و ڕێوشوێنی ئەمنییەتی دەگرنە بەر.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای سەرکوتکەری پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە جل‌وبەرگی شەخسی و فەرمییەوە سەرقاڵی ئەمنییەتی‌کردن و ئاڵۆزکردنی شاری کامیارانن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە جل‌وبەرگی شەخسی لە ناو شاردا یەکجار زۆر بوونە و شەوانەش لە نێو شاردا دەگەڕێن و هەڵسوکەوت و هاتوچۆی هاووڵاتییان دەخەنە ژێر چاودێرییەوە.

هەروەها، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، کێوەکانی دەورووبەری کامیاران ئاگر تێبەردەدەن و لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، پشت گوندی ماراو شاخ شکێن ئاگر دراوە.

لە دوای شەڕ و دەرگیریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕای ڕەوانەکردنی هێزێکی زۆر بۆ ناوچە سنوورەییەکانی کوردستان شار و گوندەکانی کوردستانیشان میلیتاریزە کردووە.