کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاووس عەزیزی: ڕاسانی ئەمجارەی حیزب بایەخی کەمتر نیە لە هەموو شۆڕشەکانی ڕابردووی کورد

23:39 - 23 پووشپەڕ 2716

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتی ئاکادمیک وتووێژی پێک هێناوە کە دەقەی ئەم وتووێژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەم پێوەندییەدا لەگەل کاووس عەزیزی چالاکی سیاسی وتووێژێکی لەم بارەیەوە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١- هەندێک لە حیزبە کوردییەکان هەوڵی بێ‌بایەخ‌نیشاندنی ئەم خەباتە نوێیەی حیزبی دێموکرات دەدەن، ڕای ئێوە لەو بوارەوە چیە؟

بایەخی هەر حەرەکەتێک بەرنامە و ئامانجەکانی، جیدییەت بۆ گەیشتن بەو ئامانج و بەرنامە دەست نیشانکراوانە و لە نیهایەت دا نرخ و وزەی تەرخان کراو بۆ حەرەکەتەکەیە و ئاکامی بە دەست هاتووی ئەو حەرەکەتە نرخی ئەو حەرەکەتە دیاری دەکا. واتە ئاکامی ڕاسانەکە قورسایی و بایەخ دەردەخات. هیچ حەرەکەتێک نیە کە موخالیف و موافیقی خۆی نەبێ. هێندێک لە موخالیفان هەوڵ دەدەن ئەو حەرەکەتە بە باشترین شێوە بەڕێوە بڕوات و ئامانجیان لە موخالیفەت ئیسلاح و باشترکردنی حەرەکەتەکەیە. ئەوان ڕەخنە دەگرن، پرسیار دەورووژێنن و نیگەرانن لە ئاکامی خەباتەکە. لام وایە ئەم کەس و لایەنانە پێویستە گوێییان لێ بگیرێ و سوپاسیشیان بکرێ. هیندێکی دیکە هەر لە ئەسڵ‌دا موخالیفی فەلسەفەی وجوودیی ئەو حەرەکەتەن کە لایەنێک دەستی پێکردووە ، نموونە ڕاسانی نوێی حیزب. ئەوان پێیان وایە هەرچیەک لە توانای خۆیاندا نەبوو و بۆیان نەکرا، پێویست نیە لایەنیکتر بی کات .

ئەوەش دەزانین کە هەموو حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی باوەڕی بە بوونی هێزی پێشمەرگە و تەنانەت بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە کاتی زۆر پێویستیش دا نیە .ئەوە مافێکی ڕەوای ئەو لایەنانەیە کە لەگەل ئەو شێوە خەباتە نەبن . چوونکی ئەوان بەرگری چەکدارانە بە هۆکاری زیاتر میلیتاریزە کردنی کوردستان دەزانن. ئەوەش کە چەندە ئەو بۆچوونە لەگەل واقعیەتی بوونی نیزامێکی کۆنەپەرەستی وەک کۆماری ئیسلامی دەگونجێ باسێکی دیکەیە.

هیندێک کەس و لایەنیش هەن کە موخالیفەتەکەیان تەزریقییە. ئەگەر تەنانەت ئەو موخالیفەتە بە دڵیشیان نەبێ، مادام دەستیان لەژێر بەرداشی لایەن و جیهەتی‌تر دایە، بۆ ئەوەی دەستیان ورد و خاش نەبێ بە نابەدڵیش بێ دەکەونە سەنگەری موخالیفەت و بگرە دژایەتی کردن. مەعلوومە هەنگاوی یەکەمی دژایەتی کردنیش کەم ڕەنگ کردن و بێ بایەخ نیشاندانی حەرەکەتێکە کە ئەوان ئامانجی دژایەتیان هەیە و دەیانەوێ لەبەر چاوی موافیقان بچووک نیشان بدەن.

ڕاسانی ئەمجارەی حیزب بایەخی کەمتر نیە لە هەموو شۆڕشەکانی ڕابردووی کورد. لە کاتێکدا کە دوژمن لەوپەڕی دەسەڵاتی داسەپاوی دایە، تەواو لە خۆ بایی بووە لەوەی کە گوایە هیچ هێزێک نیە لە هەمبەری دا ڕابوەستێ و ئیزهاری وجوود بکا، بەوپەڕی دڕندەیییەوە بەر بووەتە گیانی میللەتێکی گەورەی وەک کورد و بە هەموو شێوەیەک له هەوڵی سڕینەوەی دایە، هێزێکی بە ژمارە کەم، بە ئیمکاناتێکی بە نیسبەت ئەمڕۆ زۆر لاواز، بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و خەباتکارانە ئامادەیە بەو هێزە زەبەلاحەی دوژمن بڵێ : نە! سەر نەوی ناکەم و لە هەمبەرت دا ڕادەوەستم. ئەوە نە لە شۆڕشی ئەیلوولی باشوور کەمترە، نە لە شۆڕشی نوێی باشوور و گوڵان کەمترە، نە لە ١٥/٨/١٩٨٥ باکوور بچووکترە.

کەوایە هەر جیهەتێکی کورد بیهەوێ ئەو لایەنە ئەرێنی و پڕ لە شانازییەی ڕاسانی نوێی حیزب کەم بایەخ نیشان بدا و بە جۆرێک بکەوێتەوە سەنگەری دژایەتی، خەڵک دەبینێ و لە کاتی پێویست دا ئەو ڕەفتارانەی بە ناو چاوان دا دەداتەوە.

لایەنەکان پێویستە چاوی دیتنی خەباتی یەکتریان هەبێ و چارەنووسی نادیار بۆ لایەنەکانیتر ئارەزوو نەکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆرجار لاواز بووە، نەخۆش کەوتووە، بەڵام بە پشتیوانیی خەڵک لە ماوەیەکی کورتدا کەوتۆتەوە سەرپێ و ڕەساڵەتی مێژوویی خۆی بەرە و مەنزڵگای سەرکەوتن هیدایەت کردووە. ئەم ڕاسانەش لە هەمان چوارچێوەدا جێ دەگرێ. نرخە پێشکەش کراوەکان گەورەیی حەرەکەتەکەیان سەلماندووە .

٢ ـ ئەرکی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لەم قۆناغەی خەبات‌دا چیە؟

ئەگەر باسی ئەرکی ئەندامانی حیزب بکەین ڕەنگ بێ کات و وڵامی دوور و درێژی گەرەک بێ . بەڵام هەر بە کورتی دەبێ بڵێم کە: بۆ ئەم قۆناغەی خەباتی حیزب یەکگرتووی تشکیلاتی، هەماهەنگیی ئۆرگان و بەشەکان، هەڵگرتنی فاسیلەی بەینی ڕێبەری و بەدەنەی حیزب، ئیعتیماد کردن بە ڕێبەرایەتیی حیزب. ئەندامانی حیزب نابێ کاتی خۆیان و ئینێرژیی خۆیان سەرفی وڵامدانەوەی ئەو دەنگە ناسازانە بکەن، لەباتی سەرفی کات بەو شتانەوە، کاتەکەیان بکەنە کار و خەباتی زیاتر. ئەندامانی حیزب هەرکام لە جۆغرافیا و مەوقعیەتی خۆیدا پێوسیەت نهێنی کاری، پاراستنی ئووسوول ، جیدیەت بکاتە سەرلەوحەی ژیانی حیزبایەتیی. هیچ میللەتێک بە بێ بوونی ئۆرگانیزاسیۆنی فەعال بە ئامانج نەگەیشتووە. ئەوەی کە زۆر جار دەڵێن: با کوردایەتی بکەین و حیزبایەتی نەکەین، ئەوە خۆ دزینەوەیە لە ئەرک. من وەک خۆم دەڵێم: من حیزبایەتی لە حیزبێکی بەرپرسدا بە کوردایەتی دەزانم. بەرژەوەندیی حیزب بە بەرژەوەندیی میللەت دەزانم. سەرکەوتنی حیزب بە سەرکەوتنی میللەت دەبینم. حیزبێکی خاوەن موئەسیسات لە ئاواتەکانی منە.

کەوایە هەموو ئەندامان پێویستە هەوڵ بددەن تا حیزبێکی بە هێزمان هەبێ. کە حیزبی بەهێزمان هەبوو گەیشتن بە ئامانجە گەورەکان کە ڕزگارین ئاسانتر دەبنەوە. حیزبی لاواز ناتوانێ ئامانجەکان وەدی بێنێ.

ئەندامان پێوسیتە بیر لەوە بکەنەوە کە چلۆن حیزب گەورە بکەن، چلۆن حیزب بخەنە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی. چلۆن حیزب لە بواری ئابوورییەوە دەوڵەمەند بکەن. چلۆن هەوڵ بدەن حیزب بکەنە حیزبی هەمووان. کە ئەمانەمان کرد ، ئەوە توانیومانە هەموو ئەرکەکانمان بە جێ بگەیەنین و حیزب بکەینە قەوارەیەکی جێی متمانەی زۆرینەی هەرە زۆری نەتەوەکەمان و هەنگاوەکانمان بۆ لای ئامانج خێراتر دەبنەوە. بەتایبەتی ئەو ڕاسانەی نوێی حیزب پێویستیی بە فیداکاریی ئەندامان هەیە تا حیزب لەو قەیرانی دارایی یە ڕزگار بکەن.

٣- خەباتی ئێستای حیزبی دێموکرات تا چەندە وێکچوویی بە خەباتی چەکداریی ساڵانی پێشووە هەیە؟

ئەگەر بمانەوێ بە دوای وڵامی ڕاستەقینەی ئەو پرسیارە گرینگە دا بگەڕێین، پێوسیتە زەمان و مەکان بکەینە پێوەر.

خەباتی چەکدارانە ساڵانی پێشوومان فەرقی ئەوەبوو کە: کاتێک حیزب خەباتی ئاشکرای لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ لە شاری مەهاباد ڕاگەیاند، شتێک بە ناوی حکوومەت وجوودی نەبوو. ئەرتەش لانیکەم لە کوردستان هەر ناوی هەبوو. ١١ ڕۆژ بەرلە ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب گەورەترین ناوەندی نیزامی لە زادگاهی حیزب و پێتەختی کۆمار دەستی بەسەردا گیرابوو. لە ماوەیەکی کورتدا نیزیک بە تەواوی کوردستان کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەوە. پۆلێکی دەیان کەسی لە ئەفسەرە هەرە بەوەجە کوردەکانی نێو ئەرتەشی ئێران ڕیزی ئەو ئەرتەشەیان بە جێ هێشتووبوو ببوونە بناغەی سازماندەهی و فەرماندەریی هیزی پێشمەرگە. ئەو هێزە زوو شکڵی گرت. شەڕ لە شارەکانەوە دەستی پێکرد، گەیشتە جاددە ئەسڵییەکان، پاشان دێهات و ئەوجار خەباتی پارتیزانی . ئەو مەودایە نیزیک بە ٦ ساڵی خایاند و نرخی زۆرمان دا. کەواتە پێشمەرگە لە شەڕی شارەکانەوە دەستی پێکرد تا خەباتی پارتیزانی و تا ئەزموونی پێویست بەدی هات، زیاتر لە ٤ هەزار شەهید درا.

ئەوەیە کە خەباتی چەکداریی پێشوو هیزی پێشمەرگە لە نەبوونی حکوومەت و سپایەکی مونەزەم ڕا دەستی پێکرد و شکڵێ گرت. پێشمەرگە لە نێو خەڵک دا بوو و سپای دەوڵەت هەوڵی ئەوەی دەدا تا پێشمەرگە و خەڵك لێکداببڕێ کە بۆی نەدەکرا.

بەڵام ئەمجارەیان دوای بیست و یەک ساڵ تەقریبەن دابڕانی خەڵک و پێشمەرگە، بوونی هێزێکی زۆری دوژمن لە کوردستاندا، نەبوونی ئەزموونی پێویست بۆ خەباتی پارتیزانی لە نێو هێزی گەنجی ئەم جیلەی پێشمەرگە، جیاوازی زۆرە. ئەوک ات ڕێژیم دەیەویست پێشمەرگە لە نێو خەڵک دەربکا و خۆی ببێتەوە دەسەڵات. بەڵام ئێستا ئەوە پێشمەرگەیە دەبێ خۆی تێکەڵ بە خەڵک بکاتەوە و دوژمن وەدەرنێ. بۆیە جیاوازی زۆرە. ژمارەی پێشمەرگە لە گەل ئەوکات، ئەزموونی خەبات، فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگەی ئێستا لەگەڵ ئەو کات زۆر فاسیلەیان هەیە. چەک و چۆڵی ئێستای پێشمەرگە هیچ گەشەیەکی بە خۆیەوە نەبینیوە، بە دوژمن لەگەل سەردەم تێکنۆلۆژیی سەربازی چوتە پێش.

بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەم جیاوازیانە، من بە ئەزموونێک کە هەمە پێموایە ئەگەر حیزب لەو حەرەکەتە دا جیدی و شێلگیر بێ کە هەیە، پێشمەرگە ئیستیعدادی ئەوەی هەیە ئەو کۆسپانە لابەرێ. چوونکی لەهەمووی گرینگتر یەک شتە، ئەویش ئیرادە. پێشمەرگەی حیزب ئیرادەی هەیە.

٤ـ بە گشتی ڕا و بۆچوونی ئێوە لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکرات چیە؟

ئەم ڕاسانە ڕاستە حیزب چەغماقەی لێداوە، بەڵام نابێ حیزب تەنیا لە خۆیدا خولاسە بکاتەوە. بەڵکوو پێویستە هاوکات لەگەڵ بەرەو پێش بردن و بەرینکردنەوەی ئەو ڕاسانە، لایەنەکەی‌تری ڕاسانیش فەرامۆش نەکا کە دروست کردنی کۆدەنگی و هاوکاریی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتە. حیزب پێویستە هەوڵ بدا لەگەل ئەو لایەنانە بگاتە قۆناغێک کە هاودەنگی و کۆدەنگی هەبێ، خاڵە هاوبەشەکان بخەنە ئەولەویەت، هیندێک وردکە گرفت کە هەبووە وەلا بنێن.

هەروەک دیتمان کە زۆربەی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە زۆر خاڵی پەیوەست بەم ڕاسانە لەگەڵ حیزب هاوڕا بوون. هاودەنگ و هاودەردی حیزب بوون. ئەوە هەنگاوی زۆر گرینگن. زۆر حیزب و لایەن تا ٢ مانگ لەوەپێش هیچ پەیوەندیەکیان لەگەڵ حیزب نەبوو، کەچی دەبینین هەنگاوی نیزیک بوونەوەیان هەڵگرتووە. بۆیە حەق وایە حیزبیش هەنگاوی زیاتر هەڵگرێ. بە کورتی حیزب دەبێ بۆ ئەوەی ڕەساڵەت مێژوویی خۆی بە دروستی ببات بەڕێوە، پێویستە حیزب هەوڵی یەکڕیزی بدا. لە پێشان لە گەڵ بەشەکەی‌تری خۆیدا یەک بگرێ.

ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە کە : ئەو حەرەکەتەی دەستی پێکراوە موافیقی هەیە، موخالیفی هەیە، تەنانەت دژبەریشی هەیە، بەڵام ئەگەر ئیدامەی پێ بدرێ من دڵنیام کە دەتوانێ ببێتەوە مێحوەری لە دەوری یەک کۆکردنەوەی هەموو هێز و لایەنە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. با هەموومان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵێن و پشتی بڕیاری ڕێبەریی حیزب بگرین بۆ بەرینتر کردنی ئەو ڕاسانە. ئەگەر ئەوە نەکەین خەباتەکە هەمە لایەنە نابێ و زەربە پەزیریش دەبێ.