کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کەلاکی پاسدارە کوژراوەکانی خۆی لە کۆساڵان کۆ دەکاتەوە

23:46 - 23 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەریوان، لاشەی بۆنکردووی پاسدارەکانی خۆی کۆ دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران لە شاری مەریوان، لە دوای هێرش‌کردن بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و تەلەفاتێکی زۆری هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شەڕەدا، دوای چەند ڕۆژ کەلاکی بۆنکردووی پاسدارە تێداچووەکانی کۆ دەکاتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە کۆساڵان کەلاکی بەجێماوی پاسدارەکانیان کۆ دەکردەوە و خەڵکی گوندی ڕەزاو لە ناوچەی سەوڵاوا کەلاکی ئەو پاسدارانەی لە شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە کوژرابوونیان بینیوە کە هێزەکانی ڕێژیم کۆیان کردبوونەوە و ڕۆژی سێ‌شەممە دەیانهێنانە خوارەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند کە؛ ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ، کەلاکی ٦ پاسداری بەکوشت‌چووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە کۆساڵان، لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هێنراوەتە خوارە تا بیانگوێزنەوە و لە شوێنی دیکە چاڵیان بکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پاسدارە کوژراوەکانی خۆی کە لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە کوژراون، دوای ماوەیەک ئاشکرا و لەژێر ناوی جۆراجۆردا لە شارەکانی دیکەی ئێران چاڵ دەکا و دەستی بە چەواشەکاری و شاردنەوەی ئاماری کوژراوەکانی خۆی کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێران لەبەردایە کە ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، کەلاکی ٣١ پاسداری کوژراو، کە بە قەولی خۆیان کوژراوانی شەڕی ئێران و عێراقن و گوایە لە شارەکانی عێراق دۆزراونەتەوە و هێنراونەتە مەریوان دەگوازێتەوە بۆ سنە و لەوێوە بۆ تاران و لەوێ چاڵیان دەکا.