کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سوویس دژ بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

17:14 - 26 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شاری بێرن لە وڵاتی سوویس دژ بە هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکرات و توپبارانی ناوچە سنوورییەکان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری بێرن خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتی دژی هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان و توپبارانی ناوچە سنوورییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتا ڕامیار خادەمی بە ناوی کۆمیتەی حیزبەوە وتەیەکی کورتی پێشکەش بە بەشداران کرد.

دواتر نازدار تایک بە زمانی ئاڵمانی وتارێکی لە سەر ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هێرش و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و شەهیدکردنی چەند کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئاگر تێبەردانی دارستانەکانی کوردستان پێشکەش کرد.

لە دەرێژەی چالاکییەکەدا ڕەزا فەتحوڵڵا نژاد بە زمانی ئینگلیسی چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداران کرد، ناوبراو لە وتارەکەیدا بە وردی هێمای بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی کوردستان و شەهیدبوونی پولێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان کرد.

دواتر بابان ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سوویس، وتاریکی بە زمانی فەڕانسەوی پێشکەش کرد و لە وتارکەیدا بە وردی هێمای بە دۆخی ئێستای کوردستان و سیاسەتی هەڵاواردنی ڕێژیمی ئێڕان و تێکۆشان و چالاکییەکانی ئەم دوایانەی حیزبی دێموکرات کرد.

لە تەوەرێکی دیکەی چالاکییەکەدا، بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بە زمانی کوردی لە لایەن ئەنوەر بەردیانو بە زمانی فارسی لە لایەن فیروزە عەلیپوورەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی چالاکیەکەدا، چەندین دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی دژی ڕێژیمی ئێران بەرز کرانەوە و لە کۆتایی‌دا، بڕیارنامەی خۆپیشاندانەکە پێشکەش بە باڵوێزخانەی ئامریکا لە وڵاتی سوویس کرا.

border=0