کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عیرفان ڕەهنموون: ڕێفۆرمخوازانی بەناو کورد دژە شۆڕشن و بەرژەوەندییان لە دۆخی ئارامدایە

14:41 - 11 بانەمەڕ 2718

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتی ئاکادمیک وتووێژی پێک هێناوە کە دەقەی ئەم وتووێژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەم پێوەندییەدا لەگەل "عیرفان ڕەهنموون " چالاکی سیاسی وتووێژێکی لەم بارەیەوە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١ـ پێویستییەکانی ڕاسانی حیزبی دێموکرات لەم قۆناغەدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئەم ڕاسانە نوێیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، سەرچاوە گرتوو لە پێویستییەکی مێژوویی و ئەو ئەتمۆسفێرە ئاڵۆز و تێکچێڕژاوە سیاسییەیە کە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گرتووەتەوە. هەر وەک هەموان ئاگادارن، نەتەوەی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکووردا ، لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە ململانییەکی خوێناوی و مافخوازانە دایە و پێش ئەم ڕاسانە نوێیەی ڕۆژهەلات ، ڕێژیمی فاشیست-ئیسلامیی ئێران ، وای دەنواند کە لەبەرەی دژی تێرۆریزمی داعش دایە و لافی ئەوەی لێدەدا کە ئێران دووڕگەی ئارامە و چەقی سەقامگیری و تەناهییە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی تەژی لە ئاگر و خوێندا. هەر بۆیە پێویست بوو ئەو دووڕگە بە رواڵەت ئارامەی ڕیژیمی فاشیستیی تاران ، لە لایەن پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە بشڵەقێ و ڕێگا بە ڕێژیمی سەرەڕۆی تاران نەدرێ کە دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات ببێتە ڕۆژەڤی دەنگ و باسی دونیا و ڕۆژئاواش لەوە تێ بگات کە، ئێران وڵاتێکی لەرزۆکە و ناتوانن و لە بەرژەوەندییان نیە کە سەرمایەکانیان لەو وڵاتەدا بخەنە گەڕ.

٢ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندە دەتوانێت ببێتە هێزێکی شوێندانەر لە ناوچەکەدا؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، حیزبێکی مێژووییە و تەژییە لە وزەی شۆڕشگێڕی و بەسەدان هەزار ئەندام و لایەنگر و سەمپاتی لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا هەیە و ئەگەر بتوانێت ، گشت وزە هێزەکی(بلفعل)یەکانی بخاتە بواری پراکتیکەوە و بەپێی بەرنامەی ورد و کارناسانە ، بڕواتە پێش ، نە تەنیا لە سەر ئاستی ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان ، بەڵکو لە سەر ئاستی ڕۆژهەلاتی ناڤینیش‌دا، دەتوانێ ببێتە هێزێکی شوێندانەر لە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و لەوەها دۆخێکدا، هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان ناتوانن بە هێندی وەرنەگرن.

٣ـ چالاکانی ئیسلاح تەڵەب لە کوردستان ڕاسانی حیزبی دێموکرات چەواشە دەکەن، بۆ چ هۆکارێک دەگەڕێتەوە؟

ڕێفۆرمخوازانی بەناو کورد بەپێی پێوەرە زانستییەکان لە نێو هێزە کۆنسێرڤاتیڤە پاشڤەڕۆکاندا پۆلینبەندی دەکرێن و لە ڕووی چینایەتیشەوە ئەخلاقی وردە بۆرژوایان هەیە و بەپێی سروشتیان، دژە شۆڕشن و بەرژەوەندییان لە دۆخی ئارامدایە تا بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان نەکەوێتە مەترسییەوە. ریفۆرمخوازانی بە ناو کوردی نێو سیستمی ڕێژیمی ئاخوندی ، توێژێکی پاسیڤ و بەرژەوەندیخواز و ناشۆڕشگێڕ و کۆیلەی ئەربابە ئێرانی- فارسەکانیانن و هیچ پێگەیەکیان لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا نیە و تەنیا کارییان ، ڕووتوش‌کردنی سیمای دژە مرۆڤانەی ڕیژیمی فاشیست-ئیسلامیی ئێرانە.

٤ـ بە گشتی ڕا و بۆچوونی ئێوە لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکرات چیە؟

ئەم ڕاسانە نوێیە بە یەکێک لە زێڕینترین بڕگەکانی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەزانم و ئەرکی هەموو کوردێکی ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەرە کە لە هەر ڕێگەیەکەوە کە بۆیان دەلوێ، یارمەتی ئەم ڕاسانە مافخوازانەیە بدەن. هەروەها پێویستە پارت و ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەلاتی کوردستانیش، پەیوەست بەم سەرهەڵدانە شۆڕشگێڕانەیە ببن و هەموان بەتێکڕا بتوانن بەرە و ئاسۆی ڕوونی وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان هەنگاو بنێنن. لە کۆتایی‌دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی سەربەرزی داستانە نەبەردییەکانی ناوچەی شنۆ و کۆساڵانی مەریوان نەوی دەکەم.