کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدریس ئەحمەدی: هێزی پێشمەرگە ئەو هاوینە سەلماندیان هێزی کۆماری ئیسلامی زۆرتر وەهمە تاکوو ڕاستی

15:36 - 27 پووشپەڕ 2716

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتی ئاکادمیک وتووێژی پێک هێناوە کە دەقەی ئەم وتووێژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەم پێوەدنییەدا لەگەل دوکتور ئیدریس ئەحمەدی لێکۆلەر و مامۆستای زانکۆی علوومی سیاسی لەم بارەیەوە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١ـ دوای ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لە پەیامی نەورۆزیی ئەمساڵدا، ڕێژیم دەستی دایە پڕۆپاگەندا دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. ئەوە کارەی ڕێژیم بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانی کۆماری ئیسلامی لەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو دەیەی هەشتا و سەرەتای نەوەدەکان، گرینگیی ژێئۆستراتژی تایبەت بە خۆی پەیدا بکاتەوە. ڕێژیمی تاران نیگەرانە لەوەی حیزبی دێموکرات لە ئاست کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا، ببێ بە ئاکتۆری نیزامی و سیاسی شوێندانەر و لە ئاکامدا نەک تەنیا مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێودەوڵەتی بێ، بەڵکوو ڕۆهەڵاتی کوردستان ببێ بە گۆڕەپانی ژێئۆسیاسی بۆ ململانێێ هێزی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی لە تاران.

ڕاستییەکی، ئەو پرۆپاگەندەیە پێش گەڕانەوەی هێزەکانی دێموکرات بۆ قەندیل دەستی پێ کرد، بەڵام دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە کوردستان لە هاوینی ئەمساڵدا، بە ڕادەیەکی بەرچاو پەرەی ئەستاندووە. دوای هاتنە سەرکاری ڕۆحانی، کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوە بوو چەند پەیامێک بە ڕۆژئاوا بگەیەنێ. یەکەم، کۆماری ئیسلامی بەنیارە لەمەوبەدو لەگەڵ ڕۆژئاوا هەڵ بکا و لە سەر هێندیک مەسەلە دەتوانن بە ڕێککەوتن بگەن. دووهەم، گۆیا ئێران دووڕگەیەکی سەقامگیرە لە ناوچەیەکی ناساقامگیردا و بە پێچەوانەی وڵاتانی دراوسێ، شتێک بە ناو موشکیلەی کورد لە ئێران وجوودی نییە و کورد بە دەنگدانی بەرچاو بە ڕۆحانی، پشتیوانی لە حکومەتەکەی دەکی و کۆماری ئیسلامی دەکەن. سێهەم، گۆیا حیزبە کوردیەکان لە نێو خەڵکی کورددا، هیچ پشتیوانییەکیان نەماوە. بەشی ئەساسی ئەم پرۆپاگەندە لە وتارێکدا لە فاینانشڵ تایمز لە ٣ دێسامبری ٢٠١٤، واتە پێنچ مانگ پیش گەڕانەوەی هێزەکانی حزبی دێموکرات بۆ قەندیل، بەدی دەکرا.

بەڵام گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ شاخ و هەڵگرسانەوەی شەڕ، کۆماری ئیسلامی هەژاندووە. هێزی پێشمەرگە ئەو هاوینە سەلماندیان هێزی کۆماری ئیسلامی زۆرتر وەهمە تاکوو ڕاستی. کۆمار ئیسلامی زۆرتر لە ڕێگای پرۆپاگەند، درووستکردنی داروودەستە لە دەرەوەی ئێران و شەڕی ڕەوانی توانیویەتی ئەو وەهمە بێنێتە ئاراوە و دونیایی پێ بترسێنێ. لە دژکردەوەدا، کۆماری ئیسلامی پەرەی بە پرۆپاگەندی هەمەلایەنە و نوێ داوە.

٢ـ ئەو پڕۆپاگەندایەی ڕێژیمی ئێران دژی حیزبی دێموکرات تا چ ڕادەیەک کاریگەرییان هەبووە؟

لە سەر خەڵکی کوردستان ئەو پرۆپاگەندەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە و نایبێ. بڵاوکردنەوەی تەرمی پێشمەرگەی شەهید بە پێچەوانەی نیەتی کۆماری ئیسلامی، زۆرتر خەڵکی تووڕە کردووە و خەڵک داوای تۆڵە ئەستاندنەوە دەکەن تاوەکوو ترسابێتن. ئەمە بە ڕوونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروها ئەو هەواڵانەی لە کوردستانەوە لە سەرچاوەی بێ لایەن دەگەن بە دەرەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێ. لە لایەکی دیکەوە، تۆمەتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پشتیوانی ئیسرایل، ئامریکا و عەرەبستانی سعوودی بۆ حیزبی دێموکرات زۆرتر خەڵکی لە کوردستان خۆشحاڵ کردووە و زۆر لە هاوڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەپرسن، بۆچی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەوا بوو کە لە کاتی شەڕ دژ بە عێراق، چەک لە ئیسرایل و ئامریکا وەرگرێ و بۆچی بۆ خۆی ڕەوایە پشتیوانی لە حیزبووڵا، حەماس، گرووپە شیعەکانی عێراق و یەمەن بکا، بەڵام بۆ کورد و حیزبی دێموکرات ڕەوا نەبێ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبێ؟ ئەو جۆرە پرسیارانە نیشاندەری پێشکەوتنی سیاسی جەماوەری خەڵکی کوردستان نیشان دەدەن. چی دی کورد ناکەوێتە ڕوودەربایسییەوە و لەباتی پاشەکشەکردن، دەرکی بەوە کردووە کە لە سیاسەتدا هاوپەیمان زەروورە، نەک عەیب.

ڕای گشتی فارسی گوێڕایەڵی ئەو پرۆپاگەندەن. فارسەکانی دەرەوەی وڵات، تەنانەت ئەو ڕۆژنامەوانانەش کە لە دەست ڕێژیم هەڵ هاتوون، ئەو پرۆپاگەندەیە بەرهەم دێننەوە. بە مەرجێ خەباتی نوێی حزبی دێموکرات درێژەی هەبێ، دوور نییە ڕای گشتی فارسیش بگۆڕدرێ. کەس تەسەوڕی نەدەکرد ڕای گشتی لە تورکیە لە هەمبەر کورد، بگۆڕدرێ. بە هۆی ئەوەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە خەباتی چەکداری ڕاگیردراوە، ڕای گشتی جیهانی زانیارییەکی ئەوتۆیان لە سەر کوردستان نییە. بۆیە پرۆپاگەندی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ سەرەتا هێندێک کارتێکەرێ لەسەر ڕای گشتی جیهانی هەبێ، بەڵام بەرە بەرە بە ڕووماڵکردنی زیاتری بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاستییەکان دەردەکەون و پرۆپاگەندی کۆماری ئیسلامی لە دوورمەودادا کەمتر بوردی دەبێ. هەڵبەت گرینگە کوردیش بۆ خۆی لە دەرەوە وخۆ کەوێ و بەرپەرچی پرۆپاگەندی کۆماری ئیسلامی بداتەوە. لەو بارەوە، هێندێک هەنگاوی سەرکەتوو هەبووە؛ بۆ نموونە، خەبەری چەواشەی یۆرۆنیوز لە سەر شەڕی شنۆ و بەرهەمهێنانەوەی پرۆپاگەندی کۆماری ئیسلامی لە لایەن بی بی سی بە سەرکەوتووی لەقاو دران و ئەو دوو ڕاگەیاندنە ناچار کران بە خۆیاندا بچنەوە.

٣ـ هەڕەشەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران تا چەندە دەتوانێت جیدی بێت و لە بواری شەڕی ڕەوانییەوە تا چەندە کاریگەرییان دەبێت؟

کۆماری ئیسلامی دەیەوێ زۆرتر لە ڕێگای هەڕەشەوە هەم فشار بێنێ بۆ حکومەتی هەرێم و هەمیش پاشەکشە بکا بە حزبی دێموکرات. ئێران دەتوانێ تۆپبارانی ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و بەتایبەتیش بنکەکانی پێشمەرگەی دێموکرات بکا، کە کردوویەتی. هەروها، وەک لە ڕابردوودا، دەتوانێ عەمەلیاتی تێرۆریستی و ڕەشەکوژی لە باشوور ئەنجام بدا. هەڵبەت ناتوانێ وەکوو ساڵی ١٩٩٦ هێرشی زەویی بەرێتە سەر بنکەکانی حزبی دێموکرات. لە گەڵ ئەوەی ئامریکا لە پرۆسەی هەڵکردن دایە لەگەڵ ئێران و ئیدارەی ئۆباما هەموو تەنازوڵێک دەکا بۆ ئەوەی ڕێکەوتنی ناوکی شکست نەهێنێ (چوونکە دەتوانێ بە تاکە سەرکەوتنی میراتەی سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما بێتە ئەژمار)، بەڵام هێرشیی زەویی ئێران بۆ نێو خاکی باشوور تەحەمول ناکا. بۆیە ئێران زۆرتر پەرەی بە شەڕی ڕەوانی داوە.

ئەوەی کە ئایا شەڕی ڕەوانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ کاریگەر بێ یان نا، بەندە بەوەوە کە حزبی دێموکرات چ بەرنامەیەکی دەبێ بۆ بەرپەرچدانەوەی. بەڵام نابێ شەڕی ڕەوانی کۆماری ئیلسمای بە هێند نەگیردرێ. وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، هێزی کۆماری ئیسلامی زۆرتر وهمە و لە سەر ئەساسی پرۆپاگەند و شەڕی ڕەوانییەوە ڕاوەستاوە. بۆیە حزبی دێموکرات دەبێ بەرنامەی بەرپەرچدانەوەی هەبێ.

٤ـ بە گشتی ڕا و بۆچوونی ئێوە لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکرات چیە؟

ڕاستییەکەی، بە بێ لە ئارادابوونی هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی داگیرکراودا، نە ڕێبەریەکی خاوەن ئوتۆرییتە دەتوانێ شکڵ بگرێ و نە جەماوەری تەیارە دەبێ. هەروها تاکوو پێشمەرگە دەور نەگێڕێ، نە کۆماری ئیسلامی گوێ دەدا بە داخۆازییەکانی کورد و نە مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێودەوڵەتی دەبێ. بۆیە، ستراتژی نوێی دێموکرات، ستراتژی ڕاسان، بە گرێدانی خەباتی شاخ و شار، بەرە بەرە دەتوانێ خەڵکی کوردستان تەیار بکا؛ مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر رۆژێڤی سیاسی دابنێ؛ پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی ڕەوای کورد پێک بێنێ و دواجار کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا ناچار بە پاشەکشە بکا.

ئەو ستراتژییەی حیزبی دێموکرات سەر دەکەوێ، بەڵام قووربانیدانی لە لایەن هێزی پێشمەرگەو دەوێ و کاتیش دەخایەنێ. پێم وایە خەباتی حیزبی دێموکرات بە سوودی بەشەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەت باشوور تەواو دەبێ، چوونکە سەنگی کورد لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا زیاد دەکا و بایەخی ژێئۆسیاسی کوردستان بە گشتی دەباتە سەرێ.

هەروها ئیلهامبەخش دەبێ بۆ نەتەوە زوڵملێکراوەکانی ئێران و دواجار رۆژئاوا پشتیوانی لێ دەکا. چ ڕێکەوتنی ناوکی جێبەجێ بکرێ یان نا (کە من گومان هەیە بکرێ)، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دژایەتی ئایدئۆلۆژی و هەروها ململانێی جێوسیاسی کە لە گەڵ رۆژئاوا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچە دەیکا، وا دەکا ئەو هێزانە پشتی کورد بگرن. ڕۆژئاوا دواجار بۆ چارەسەکردنی دایەمیی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ناچار دەبێ یارمەتیدەری بڵاوکردنەوەی ئازادی و دێموکراسی بدا. لەو ڕووەوە، هاوپەیمانی لە نێوان حیزبی دێموکرات و وڵاتانی ڕۆژئاوا دێتە ئاراوە. بەڵام هێزی ئەساسی لەو ڕاستایەدا، دەبێ هێزی خۆماڵی کورد بێ. تاراوەگەی کوردی، بە مەرجێ ڕێک بخرێ، دەتوانێ ببێ بە پاڵپشتێکی وا کە بزووتنەوەکە لە ڕووی دارییەوە دابین بکا.

هەڵبەت دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بین. هەوڵدانی لەبەینبردنی ڕێبەرانی دێموکرات، بەئامانجکردنی وەحشیانەی خەڵکی مەدەنی کوردستان بە مەبەستی پاشەکشەکردن بە دێموکرات، پەرەپێدانی زیاتری شەڕی ڕەوانی، گەمارۆدانی ئابووری کوردستان و تەنانەت دەسپێکردنەوەی تیرۆری ئەندامانی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات هەموو مەترسی جیدین و لە ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەموو ئەوانەی کردووە. لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی دەتوانێ لە داهاتوودا بە دانی ئیمتیاز، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دێموکرات پەشیمان کاتەوە. بۆیە، دەبێ حزبی دێموکرات بۆ هەموو ئەو ئەگەر و مەترسییانە خۆی ئامادە بکا.

کورد لە ڕۆژهەڵات لە بەردەم دووڕیانێکدایە: یان خەباتی جیدی بۆ ڕزگاری نەتەوەیی یان درێژەدان بە ژیانی کۆیلەیەتی لەژێر دەسەڵاتی ئێراندا. من دڵنیام دواجار گەلی کورد ڕێگای خەبات هەڵدەبژێری و پشتی دێموکرات دەگرێ.