کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێهدی زانا پشتیوانیی خۆی لە خەباتی نوێی حیزبی دێموكرات دەربری

16:55 - 28 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: مێهدی زانا کەسایەتی ناسراوی باکووری کوردستان لە سەردان بۆ دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پشتیوانیی خۆی لە خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە ڕیکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی،‌ مێهدی زانا كەسایەتی ناسراوی باكووری كوردستان و هاوسەری خەباتكاری ناسراوی گەلی کورد لەیلا زانا، بە مەبەستی دووپاتكردنەوەی پشتیوانی خۆی لە حیزبی دێموكرات و خەباتی نوێی كوردستانی ڕۆژهەلات سەردانی نوێنەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لە شاری هەولێر كرد.

مێهدی زانا لەو سەردانەدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بە بۆنەی شەهیدانی ئەم دواییەی حیزبی دێموکرات، وەبیری هێنایەوە كە هەروەک چۆن لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بە مەبەستی پشتیوانی لە حیزبی دێموكرات سەردانی د. قاسملوو و حیزبی دێموکراتی لە كوردستانی ڕۆژهەلات كرد، ئێستاش بە هەمان نەفەسەوە ئامادەی هەر هاوكاری و پشتگریەک لە خەباتی حیزبی قازی و قاسملوو و شەرەفكەندین و داوای لە هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر كرد كە لەو مەیدانەی خەبات دژی ڕێژیمی ئێراندا هاوكار و پشت و پەنای حیزبی دێموكرات بن.

لەو سەردانەی مێهدی زانا لە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات، لە لایەن محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر، بە نوێنەرایەتی سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مستەفا هیجری پێشوازی لێی كرا و زانیاری پێویست لە سەر بارودۆخی كوردستانی ڕۆژهەلات و دوژمنكارییەكانی ڕێژیمی ئێران دەرهەق بە گەلەكەمان و خەباتی حیزبی دێموکراتی بۆ ڕوون كرایەوە.

مهدی