کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تۆڵەی مانگرتنی ٢٢ی پووشپەڕدا، ڕێژیم لە كرماشان دەستی دایە هەڕەشە و كاولكاری

17:48 - 28 پووشپەڕ 2716

كوردستان میدیا: مانگرتنی سەركەوتوانەی ٢٢ی پووشپەڕی خەڵكی كوردستان، لە شاری كرماشان لەگەڵ زەبروزەنگی توندی ڕێژیم بەرەوڕوو بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە مانگرتنی سەرانسەریی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا كە لە سەر داخوازی كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەڕێوە چوو، ڕێژیم بە هەڕەشە لە دوكاندارەكان و خەڵكی شاری كرماشان و زەبرزەنگ و كاولكاری هەوڵی دا پێش بە سەركەوتنی ئەو مانگرتنە بگرێت.

هەواڵنێری كوردستان میدیا لە كرماشانەوە ڕایگەیاند، لە مەیدانی ئازادی (گاراج) تا مەیدانی موسەدیقی ئەو شارە، بەكرێگیراوانی ڕێژیم شیشە و دەرگای ٣٠ دوكانی هاوڵاتیانیان شكاندووە.

هەروەها لە شەقامی نەوبەهار ١٠ دوكان، جەوانشیر ٥ دوكان و دەوڵەتاوا ٢٠ دوكان كەوتوونەتە بەر هێرشی هێزە دژی گەلییەكانی ڕێژیمی داگیركەری ئێران و شیشە و درگاكەیان تێك شكێنراوە. ڕێژیم هەڕەشەی سزادان و زیندانیكردنی لە دوكاندارەكان كردووە و بەو شێوەیە هەوڵی داوە خەڵكی مافخوازی شاری كرماشان چاوترسێن بكات.

سەرەڕای ئەو هەوڵانە، خەڵك لە زۆربەی گەڕەكەكانی شاری كرماشاندا چاونەترسانە بەرەنگاری هەڕەشەكانی ڕێژیم بوونەتەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر پاڵپشتیی خۆیان بۆ بانگەوازی كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزب و قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەربڕیوە.

شایانی باسە لە پووشپەڕی ئەمساڵدا، بە بۆنەی بیست و حەوتەمین ساڵوەگەڕی تیرۆری دوكتور قاسملوو لە لایەن دیپلۆمات تیرۆریستەكانی ڕێژیمی ئێرانەوە، كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە دەركردنی بانگەوازێك داوای لە خەڵكی كوردستانی ئێران كرد ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ بكەنە دەرفەتێك بۆ لێكگرێدانی خەباتی شاخ و شار و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و داگیركاریی ڕیژیمی كۆماری ئیسلامی لە كوردستاندا.