کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی وەفایەک بۆ پێشمەرگە سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە

22:39 - 28 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کەمپەینی وەفایەک بۆ پێشمەرگە لە ڕێگای کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی پشتیوانی لە خەبات و چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکات و سپاسنامەیەکی بڵاو کردووەتەوە.

دەقی پەیامەکە:

دۆستانی بە پەرۆش‌و خەمخۆری پێشمەرگە!


وەفایەک بۆ پێشمەرگە نمونەی پەرۆشی و دڵسۆزی‌ و وەفای ئێوەیە بۆ ئازیزترینی ئەو ئازیزانە کە هەمانن. پێشمەرگە ئەو ئینسانە خۆنەویستە و ئەو عەوداڵە شکۆدارەیە کە بۆ ئازادیی ژیانی میللەت ‌و ئارامی دایکی وەتەن گیان لە سەردەست‌ و ئامادە بۆ گیانبازی بە گژ قەڵای نگریسی زۆردای‌ و داگیرکاریدا دەچێتەوە، بەڵێ منەتی لەسەر سەرمانە و هەموومان بە گیان قەرزداری بەخشەندەیی ئەوانین.

لەم ماوەیەدا لە کەمپینی وەفایەک بۆ پێشمەرگەدا ئەو شانازیەمان بە بەش بوو کە دەلیلێک بین بۆ گواستنەوەی پەیامە تەژی لە وەفا و ئەمەداریەکانتان.

دەلیل بووین ‌و چەند بەختەوەر بووین کە مەجالی ئەوەمان پەیدا کرد سەرێک لە دڵە گەورەکانتان بدەین ‌و لەوێوە لە دڵی ئێوەوە لە خۆشەویستی‌ و جوانی ‌و شکۆی بێ‌کۆتایی پێشمەرگە و شەهید‌انمان ‌و بنەماڵه سەربەرزەکانیان بڕوانین ‌و دڵنیا ببینەوە کە کورد تا گەیشتن بە لوتکەی ئاواتەکانی، خەباتە ڕەواو بەرحەقەکەی درێژە دەدات‌و هەرگیز بۆ ساتێکیش بێت خەبات و جوڵانەوەی کورد پەکی ناکەوێت.

دۆستان‌و بەشدابووانی خۆسەویست لە وەفادا!

هەروەک ئاگادارن کەمپینی وەفایەک بۆ پێشمەرگە جێ‌خۆی گرتووە. وەک خسڵەتی هەموو پرۆژەیەکی یەکتر چڕین (چالش) ئەوە تاکەکان بە بەرفراوانترکردنی بازنەکەیان بە چڕینی (تاگ کردن) هاورێیانیان زەمانەتی بەردەوامی ‌و سەرکەوتنی دەکەن.

ئێمە تەنیا سەرەتا و گوازەرەوەی چالاکیەکانتان بووین ‌و ئەوە ئێوە بوون ‌و لە داهاتوشدا ئێوەن کە کەمپینەکە بەڕێوە دەبەن. هەوڵمانداوە لۆگۆیەکی شیاو لە ئاست گەورەیی ناوی کەمپینەکەدا هەڵبژێرین ‌و تا ئەو جێگایە پێمان کرابێ دریغیمان نەکردووە لە ناساندن ‌و پەرەپێدانی‌دا، وەک ئەرکێک نە هیچ شتێکی‌تریش لەو بابەتەمان ڕوانیوە.

لێرەدا ڕادەگەینین کە ئێمە لە کەمپینی وەفایەک بۆ پێشمەرگەدا لەم ڕێکەوتەوە بەدواوە درێژەپێدانی کارەکە بۆ خۆتان جێ‌ئەهێلین ‌و وەک بەشی کۆکردنەوەی وەفاکانیشتان، هەروەک لە یەکەم ساتەوە بەشی ماڵیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وەڵات پێ‌هەستاوە کاری ئەوان دەبێت.

لێرەوە بۆ جارێکی‌تر سپاسی هاورێی ئازیز سابیر قادری دەکەین کە یەکەم کەس بوو دۆستانی خۆی چڕی بۆ هاوکاری ‌و خاوەنی بیرۆکەکەیە.

سپاسی بەرپرسی پەیوەندیەکانی‌ دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شاهۆ حسینی دەکەین کە لە یەکەم ڕۆژەوە پشتی گرتین ‌و کارئاسانی زۆری بۆ کردین، هەروەها بیرمان ناچێت کە بەرێزانی بەرپرس لە بەشی ماڵی ‌و بەشی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وەڵات لە گەلمان هاوکار‌ بوون‌‌‌ و سپاسیان دەکەین.

لێرەدا ئاماژەکردن بۆ دوو خاڵی گرینگ بە پێویست دەزانین.
یەکەم، وەک لە سەرەتای کارەکانمانەوە بەلێنمان دابوو بەشێکی دیاریکراوی یارمەتییەکانتان بۆ بنەماڵەی شەهیدان ئەبێت، لەگەڵ بیرهێنانەوەی ئەو گرینگیە لەوە دڵنیاین ‌و دڵنیاشتان دەکەینەوە کە بەرپرسانی حیزبی دێموکرات لەو مەسەلەدا لە ئێمە پەرۆشتر دەبن ‌و بە ئەمانەتەوە وەفاکانتان دەگەیننە دەستی ئەو ئازیزە سەربەرزانەمان.

دووهەم، ئێمە لە کەمپینی وەفادا تەنیا ئەرکەمان بانگەوازکردن ‌و پەرەپێدانی بیرۆکەکە بووە، کۆکردنەوەی یارمەتییەکانتان ‌و پرۆسەی ماڵیی نە کاری ئێمە و نە تەخەسۆس‌ و ئەرکی ئێمە بووە. بەشی ماڵیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وەلات بە هاوئاهەنگی کۆمیتەکانیان لە وەڵاتان میکانیزمی گۆنجاو و کەسی جێگای باوەڕیان بۆ ئەو کارە هەڵبژاردون‌ و بە ڕاگەیاندراوی ڕەسمی ئەو شتە بڵاو بووەتەوە.

لە کۆتایدا

سپاسی هەموتان دەکەین، داواکارین کە نەهێڵن تا ماوەیەک کەمپینی وەفا ڕاوەستێت ‌و خۆتان بە خاوەنی بزانن کە خسڵەتی ئەم کەمپینە ئەوەیە خاوەنداریەتی لە تاکێکەوە بۆ تاکێک دەگوازێتەوە. ئێمەیش وەک ڕابردو بۆ پەرەپێدانی کارەکانی وەفا ئەوەی لە دەستمان بێت بە زیادەوە دەیکەین‌ و ئەم نووسینەیش تەنیا ڕاگەیاندنی ئەوەیە کە پرۆژەکە چێ‌تر پێویستی بە کۆمیتە نییە و کارێکی گشتییە کە تاک بە تاکمان تێیدا دەبێ خۆ ببینینەوە.

لەگەڵ ڕێز
سەلاح ئارامش
دڵشاد هەورامی