کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران سووکایەتی بە نەتەوەی کورد کرد

16:56 - 29 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە سووکایەتی بە نەتەوەکانی ئێران و ئەمجارەیان نەتەوەی کوردی بە دواکەوتوو وەسف کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاکراوەکان، دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران کە زوڕناژەنی دەسەڵاتی ڕێژیمە و جیا له بیرۆکەی دواکەوتوانە و چەق‌بەستوو و بڵاوکردنەوەی بیری ئیدئۆلۆژیک، هیچ بەرنامەیەکی دیکە بڵاو ناکاتەوە، لە بەرنامەیەکی تەلفزیۆنیدا سووکایەتی و بێ‌ڕێزی بە نەتەوەی کورد کرد.

لەو پێوەندییەدا، بەرنامەیەکی کۆمێدی لەژێر ناوی دورهمی لە دەرهێنانی مێهران مودیری سینەماکاری گوێڕایەڵ و گۆپاڵ بەدەستی ڕێژیمی ئێران، کە لە ئێراندا بڵاو دەبێتەوە، سووکایەتی بە نەتەوەی کورد کردووە.

بەرنامەی کۆمێدیی دورهمی بە تەواوەتی لە بەرنامەیەکی هێندی هەڵگیراوەتەوە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە سینەمای ڕێژیمی ئێران بە هۆی ژێر دەستەیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هیچ بەرهەمێکی نوێی نییە.

مێهران مودیری ئەو سینەماکارەی ڕێژیمی ئێران، لەو بەرنامەیەدا، بە شێوەیەکی زۆر سەخیفانە باسی هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان دەکات که گۆیا لە ڕەوتی فرۆشتنی بڵیتی یارییەکانی جامی جیهانیی برێزیل، فڕۆکەی تەماشاوانان بە جێگای ئەوەیکە له شوێنی یارییەکان بنیشێت، هەر لە هەولێر دەنیشێتەوە و تەماشاوانانی ئەو یارییانە سەر لە مسافیرخانەیەک دێنە دەری و لە ڕێگای تەلفزیۆنێکی سەرەتایی سیاسفید تەماشای بەرنامە دەکەن.

ئەو کاررەی مودیری لە کاتێک دایە کە بۆ هەموو کەس ڕوون ئاشکرایە سەرەڕای ئەوەیکە هەرێمی کوردستان و شارەکانی کوردستانی باشوور، بە هۆی شۆڕش دژی ڕێژیمی بەعسیی عێراق، لە سەرەتایترین ئیمکاناتی دەنگ و ڕەنگ و تەنانەت خۆش‌بژیوی بێبەش بوونه، بەڵام ئێستا تەلەفزیۆن و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردیی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی لە هەرێمی کوردستان‌دا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیان کردووە و سینەمای ئێران لە ئاستیدا زۆر بێ بایەخە.

هەروەها ئەو بەرنامە کۆمیدییە سەبارەت بە شاری هەولێر لە کاتێک‌دا بڵاو دەبێتەوە کە بلاڤۆکی اشپیگل ئاڵمان لە بارەی هەولێردا دەنوسێت: سەرەڕای توندوتیژی و شەڕ کە بەرۆکی عێراقی گرتووەتەوە، هەولێر وەکوو ناوەندێکی سیاسی و بەناوبانگ لە جیهاندا، نیشاندەری عێراقی نوێیە. هەمووی ئەو پێشکەوتن و گەشەیە لە حاڵێک دایە کە ئەو وڵاتە تووشی شەڕ و قەیرانی سیاسی و ئابوورییە.

سینەماکارانی سەرئەسپەردە بە ویلایەتی فەقیهـ لە کاتێک‌دا باس لە دواکەوتوویی نەتەوەی کورد دەکەن کە سینەمای تایبەت بە ئاخوند و فارسەکان خۆیان هیچ بەرنامەیەکی تازەیان نیە و تەنیا لە ڕووی بەرنامەی تەلەفزیۆنی وڵاتانی دیکە بەرنامە بەرهەم دێنن و لە ڕێگای بەرنامەی چەواشەکارانە و بڵاوکردنەوەی درۆ، بیروڕای گشتی بەلاڕێدا دەبەن.