کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"لە ڕێبازی ‌قاسملوودا، ڕێبەران، سەنگەری ‌پێشەوەی بەرگرین\"

16:13 - 30 پووشپەڕ 2716

فواد خاکی بەیگی

زیاتر لە ٧٠ ساڵە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دابین کردنی ئاشتی وئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە هیچ چەشنە خەبات و قوربانی‌دانێک درێغی نەکردووە.

ئەوەی لەم کورتە باسەدا جێگای سەرنج و تێڕامانە، ئاوڕدانەوەیەکی خێرایە لە دەور و ڕۆڵی ڕێبەرایەتی حیزب لە هەلومەرجە سەخت و دژوارەکاندا کە شان بە شانی پێشمەرگە و بە کردەوە، خوێنی سووریان دەبێتە وەزە و بڕوا و ئیمانیان دەبێتە هاندەر، تاکوو هەموو لایەک بە شکۆیەکی چیاییەوە هەنگاوی بە بڕشت و لەو ڕاستە ڕێیەدا هەڵبگرین.

شاراوە نیە، دامەزرانی حیزبی دێموکرات، نوختە گۆڕانێکی بنەڕەتیە لە بزاڤی نەتەوەیی، دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان کە بڕیاری تاک بە کردەوە ببێت بە بریاری جەمعی، ڕێبەری حەرەکەتێک لە چوار چێوەیەکی داخراودا نەمێنێتەوە و مەوداکان لە نێوان ڕێبەر و بەڕێوەبەر تاکوو بتوانرێت کەم بکرێتەوە.

یەکەم چەخماخەکانی نەمانی جیاوازی لە نێوان پێشمەرگە و ڕێبەری بۆ گەیشتن بە مەقامی بەرزی شەهید بوون، لە سەرکردە و سەرکۆماری یەکەم کیانی کوردی لە شکڵی کۆماری‌دا، واتە کۆماری کوردستان بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات دەستی پێکرد، ئەویش لەسێدارەدانی ڕێبەری ئەم بزاڤە خۆنەویست و خەڵک ویستە، پێشەوا قازی محەممەد بوو.

پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد، وانە و ئامۆژگارییەکیان بۆ هاورێیانیان لە حیزبی دێموکرات بەجێهێشت کە بۆ هەتاهەتایە هەم پێشمەرگەی حیزب و هەم ڕێبەریی حیزب شان بە شانی یەکتر، لە پێشکەش کردنی ئازیزترین سەرمایەی ژیانیان کە گیانیانە، بۆ سەرخستنی بزووتنەوە ڕەواکەمان درێغی نەکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زیاتر لە ٧٠ ساڵە نیزیک بە ٧٠ کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی شەهیدبوون کە نەتەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە کەمتر بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا هاوتای دەبینرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نیشانی داوە، هەتاکوو بمێنێ، دێموکراسی مەبەست و ئامانجیەتی، ئەگەرچی هەڵبژاردن لە بچووکترین ئۆرگانی خوارەوە بۆ سەرووترین ئۆرگانیەتی و بڕیارەکان دواتر لە ڕێبەری‌دا گەڵاڵە دەکرێن و بۆ بەڕێوەبردنی، بەدەنەکەی و کادر و پێشمەرگەکانی ئەرکدار دەکرێن، بەڵام لە مێژووی ئەو ٧٠ساڵەدا ڕوون و ئاشکرایە کە لە هەلومەرجە دژوار و ئەستەمەکاندا، ڕێبەریی حیزب و پێشمەرگەکانی حیزب، مەرگ بە چۆکدا دێنن و وەڵامی سەرجەم ئەو جاش قەڵەم و دڵ ڕەش و نیشتمان فڕۆشانە کە بەردەوام باس لەوە دەکەن حیزبی دێموکرات ڕێبەری و پێشمەرگەکانی لە دوو ژیانی جیاوازدا دەژین، بە کردەوە و بە ڕۆژی ڕووناک دەدەنەوە.

شۆڕشی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی، کە وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە مێژووی پر سەروەریی حیزبدا بۆ هەتاهەتایە لە ئاسمانی بایەخە مرۆڤانییەکاندا دەمێنێتەوە، یەکێکی دیکە لەو قۆناغە هەستیارانەیە کە سامی بەناو ژاندارمی ناوچەکە و ڕیژیمی پاشایەتی پەهلەوی شکاند، کاتێک ڕێبەرانی ئەم بزاڤە چەکدارییە پاش باس و ڕاوێژ لە گەڵ کومیتەی ساخکەرەوەی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات وەک ڕاوێژکارانی کومیتەی ناوەندی دیاریکران و شەهیدی هەردەم زیندوو، سمایلی شەریف زادە، پێشمەرگە و خوێندکار و ڕێبەر سەرقافڵەیی ئەم حەڕەکەتە مەزنەی گرتە ئەستۆ و هاوشان لەگەڵ هاوڕێیانی، ئاوارە و موعینی داستانی خۆڕاگری و خۆنەویستی و قارەمانەتیان تۆمار کرد کە هەنووکە وانەیەکە لە زانکۆی پڕسەروەریی مەکتەبی دێموکرات بۆ قوتابیان و درێژەدەرانی ئەم خەباتە ئاشتیخوازانەیە.

سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵان بردنی دەسکەوتەکانی شۆڕش و وەڵام نەدانەوە بە داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و بیری چەق بەستوو و سەدە نێوڕاستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە حیزبی دێموکرات هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کرد کە لە ڕێگای دیالۆگ و لە یەکتر تێگەیشتن هەوڵی چارەسەری ناکۆکییەکان بدرێت، کە نەورۆزی خوێناویی سنە و خاپوورکردنی کوردستان، وەڵامی نیەتی ئاشتیخوازانەی حیزب لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە بوو.

پیلان و پلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، نانەوەی ئاژاوە و تەماح وەبەرنان بە مەبەستی پێدانی پۆست و پایە و لادانی تاقمی ٧کەسی، حیزبی دێموکراتی لە ویستە ڕەوا و مرۆڤ تەوەکانی پاشگەز نەکردەوە و کوردستان بوو بە سەنگەری لەگیران‌نەهاتووی سەرانسەری ئێران و حەماسە و قارەمانیەتیەکانی ساڵانی ٦٠ی هەتاوی، هەزاران چیرۆک و ڕۆمانی خۆڕاگری و نەبەزییان تۆمار کردووە. بە دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەری لە ئاگری تا تاقەوستان، هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزب و گەڵ، وەک فەرماندەرانی هێز بە هێزەکانی ئاگری و سپی‌سەنگ و ٢ی ڕێبەندان و شاهۆ و داڵاهۆ و...هتد و جەنگاوەرانی خۆرەتاوی کومیتەی سەرجەم شارستانەکان لە قوڵایی خاکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان‌دا شەهید بوون و گڵکۆ پیرۆزەکانیان قیبلەگای عاشقانی ئازادی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە.

شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگە و دەیان ئەندامی ڕێبەری، چۆکی بە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و داهێنەری ناوی پێشمەرگە و دامەزرێنەری یەکەم هێزی پێشمەرگە و دیاریکەری ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دانەدا.
ئەوجار و لەبەرزترین ئاست و پلەدا کە کەسایەتی کاریزماتیکی مەکتەبەکەمانە، گیانی پاکی فیدای بەرژەوەندیی خاک و خەڵکی کوردستان کرد.

قاسملووی ڕێبەر، قاسملووی مامۆستا و ڕێ‌نیشاندەر بۆ کەم کردنەوەی ژمارەی منداڵە شەهیدەکان، بەدڵێکی پاک و تەژی لە ئینسان دۆستی، مێزی وتووێژ و دیالۆگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری سێدارە هەڵبژارد.

گوێگرتن لە تۆمارە دەنگیەکانی، چرکەساتەکانی کۆتایی ژیانی پڕسەروەریی کاک د. قاسملوو و باس کردن لە داخوازییە نەتەوەییەکانی گەڵی کورد، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە مەرگیش چۆکی بە ڕێبەر دانەدا و ویست و داخوازیی خەڵکی کوردستان لە سەرووی سەرجەم داخوازییەکانیەتی.

جێگری مەزنی کاک د. قاسملوو، کاک د. سەعیدی هەمووکات سادق، بەڵێنی خۆی بردە سەر و ئەو پەیمانەی کە لە چیا سەرکەشەکانی قەندیلی مەکۆی دێموکرات و هەمیشە سەربەرزەوە دابووی، کە یان سەردەکەوین و یان دێین لە پەنات و لە باوەشت دەگرینی بە خوێنی خۆی لە میکۆنوس مۆر کرد و پێکەوە و هاوڕێ لەگەڵ هاوڕێیانیان پێرلاشێزیان کردە قیبلەگای ئەویندارانی دێموکرات و ڕێبەرانی ڕووناکی، ڕێبازێکی پر چراخانیان هەیە.

شۆڕە سوارانی دێموکرات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکانی کورد، قەندیلی هەمیشە سەربەرزیان بە‌جێ‌هێشت و لە هەوارگەی نێو دڵیاندا قەندیلێکی دیکەیان بونیات نایەوە و قۆناغێکی دیکە لە مێژووی حیزبی دێموکرات، ڵاپەرە زێڕینەکانی تۆمار کرد.

ڕێبەران بە هەزاران کیلومیتر دوور لە زێدی خۆیان، جڵەوی کاروانی شەهیدانیان گرتە ئەستۆ و نیشانیان‌دا کە دێموکرات لە پێشەواوە فێربووە سەرداران پێشەنگ بن، شەهیدانی دەروازەی کۆیە وتیان ئێمە هاوکات ڕێبەر و پێشمەرگەین.

زیاتر لە ٢٠ساڵ بەرژەوەندییەکانی باشووری نیشتمان پارێزرا و کاتێکی زیاتر لە پێویستیش لە بەردەم کۆماری ئیسلامی‌دا بوو تاکوو بیرێک لە چارەسەری داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بکاتەوە. نەتەنیا داخوازییەکان وەڵامی ئەرێنییان وەرنەگرت، تیڕۆر، زیندان، ئەشکەنجە و پەرەدان بە مادە هۆشبەرەکان، کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی داگیر کرد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەست بە بەرپرسایەتی بەرانبەر بە نەتەوە و نیشتمان قۆناغێکی دیکەی لە خەبات دژی پاوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی دەست‌پێکردووە، قۆناغێک لە چەمکی پر بە مانا ئەرخەوانی، شوڕشگێڕیی ڕاسان لە پەیامی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب لە جێژنی نەورۆزدا، ‌هێمای هەرمانی کوردستان و کورد وەک ڕەمز و هێمای ڕاپەرین بە گۆیی تیرۆریست پەروەرەکانی جەماراندا چرپا. ڕاسان کۆتا باسی ئەم کورتە باسەیە.

ڕاسان لە قەرەسەقەلی شنۆ چەخماخەکەی لێدرا، تێکۆشەرانی دێموکرات حەماسەیەکیان خوڵقاند کە دەسەڵاتدارانی تارانی تووشی شۆک کردووە و بە دنیا نیشانیان دا کە کۆماری ئیسلامی دورگەی ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناڤین نیە و نیەتی دوژمنکارانەیان بەرانبەر بە ئەندیشە مۆدێرن و بەها مرۆڤانیەکان، لە پشت بەرجام حەشارداوە.

ڕێبەریی بزاڤ، هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە، لە قووڵایی خاکی کوردستان گیرسانەوە، بازەکانی کۆساڵان خەویان لە چاوی بڕیاردەرانی تیڕۆریزمی دەوڵەتی تاران تاراند، لە بەرزترین ئاست کەوتنە هەڕەشە و گوڕەشە و قسەسواوەکانی جارانیان دووپات دەکردەوە کە هەوڵی پاک کردنەوەی بەشێک لە زەوی لە سەر نەخشەی جۆغرافیا دەدەن.

داستانی قارەمانیەتی ئەم قۆناغە، وەک ئاوێنەیەکی باڵانوێن لە شەهید بوونی هاوڕێی ڕێبەر کاک کاوە جەوانمەرد خۆی دەرخست. شەهیدی ڕێبەر باوەڕی وابوو کە هەنووکە خاکی نیشتمان هەناسە ئەدات و ئەوە ڕەمزی پێشمەرگەیە.

نارنجۆک بوو بە دووهەمین ڕەمزی ڕاسان و ڕایانگەیاند کە نیشتمان باوەشی ئاوەڵا کردووە و شەنگە سواران دەبێ شەپۆلی بۆ بدەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە