کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێكی پێشووی هەواڵگریی ئەمریكا پەردەی لە سەر پاڵپشتییەكانی ڕێژیمی ئێران لە ئەلقاعیدە لادا

21:29 - 30 پووشپەڕ 2716

كوردستان میدیا: بەرپرسێكی پێشووی هەواڵگریی ئەمریكا دەڵێ ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا پاڵپشتیی لە ڕێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە كردووە.

ڕۆژی دووشەممە لە كۆبوونەوەی كۆنڤانسیۆنی نەتەوەیی پارتی كۆماریخوازی ئەمریكادا لە شاری كلیڤلەندی ویلایەتی ئۆهایۆ كە لە تەلەڤیزیۆنی فاكس نیووز بڵاو كرایەوە، مایك فێلین، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریكا وێڕای باسكردن لەوەی كە زۆربەی خەڵك پێیان وایە ئەلقاعیدە و ئێران دوژمنی یەكترن، ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا ئێمە دیتوومانە كە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا پشتیوانیی لە ئەلقاعیدە كردووە. ئێران خاڵی ترانزیتیی نێوان ناوەندی كۆنترۆڵ و فەرماندەیی بن لادەن و هەموو ئەو كارانە بووە كە ئەلقاعیدە لە عێراقدا دەیكرد.

ژنراڵ فێلین لە درێژەدا وتی: ئێمە تێگەیشتین كە ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە ئێراندا خۆیان حەشار داوە. بەو پێیە وەها پێوەندییەكی سەرنجڕاكێش لە نێوانیاندا بووە و هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیدئۆلۆژییە توندئاژۆیانەیە كە بەرەوڕوومان بۆتەوە. ناوبراو هەروەها داوای لە حكوومەتی ئەمریكا كرد لەو پێوەندییەدا بەرچاوڕوونی زیاتر بخاتە ڕوو.

ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی ئەمریكا لە درێژەدا وتی: یەكێك لەو خاڵانەی كە دەبێ لەگەڵ خەڵكی ئەمریكا بە ڕاستبێژییەوە قسەی لە سەر بكەین، ئەوەیە كە ئێمە لەگەڵ دوژمنێك بەرەوڕووین كە دەیهەوێ لە چەكە كۆمەڵكوژەكان كەڵك وەربگرێت. ئێمە دەزانین كە ئەوان كەسانی گونجاویان بۆ ئەو كارەش لە بەر دەستدایە.

ژنراڵ فێلین پێشتر لە كتێبێكدا نووسیبووی كە ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لە ئێراندا لە سەر بەرهەمهێنانی چەكی شیمیایی و بیۆلۆژیكی كاری كردووە.