کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە باری ژیانەوە وەک یەکێک لە خراپترین وڵاتانی جیهان ناسراوە

16:57 - 31 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپرسییەک کە لە نێو ١٦٢ وڵاتی جیهاندا ئەنجام دراوە، وڵاتی سۆئێد بە باشترین و لیبیش بە خراپترین وڵات بۆ ژیان کردن ناسێندرا.

ماڵپەڕی العربیە بڵاوی کردەوە، ئەم ڕاپرسییە کە لە مانگی ڕابردوودا ئەنجام درا، بەپێی ٣٥ پێوەر لەوانە: خزمەتگوزاری، ژینگەپارێزی، خەسار نەگەیاندن بە وڵاتانی دیکە، یەکسانی و دادپەروەری، لەش ساخی و تەندروستی و خۆشبژێوی هاتە ئاراوە.

ئەم ٣٥ پێوەرە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانییەوە دەستنیشان کراوە.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە نێوان ١٦٢ وڵاتدا پلەی ١٣٦ی وەدەست هێناوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش زانکۆی کۆلۆمبیای ئامریکا، لێکۆڵینەوەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ ئاستی شادمانی و ڕازی بوون لە ژیان لە نێو وڵاتانی جیهاندا ئەنجام دا، کە تێیدا، ئێران لە پاش وڵاتانی جیبۆتی، بەنگلادێش، زامبیا، پاکستان، تورکیە و تورکەمەنستان، لە پلەی ١١٥ی نێوان وڵاتانی جیهاندا جێی گرتەوە.

پێوەرەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بریتی بوون لە؛ ڕێژەی تەندروستیی دەرونی، ڕێژەی هیوا بە داهاتوو، ڕێژەی هیوا بۆ ژیانێکی تەندروست، ڕێژەی گەندەڵی، ئازادیی هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و بەرهەمی ناپاقژی نێوخۆیی.

مانگی ڕابردووش دامەزراوەی توێژینەوەکانی لێگاتۆم پێوەری خۆشبژیویی جیهانی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئێران لە نێو ١٤٢ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٠٢ی وەدەست هێنابوو.