کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئه‌ندامێكی كۆنگرێسی ئامریکا ڕایگەیاند پشتیوانی لە كوردەكانی ڕۆژھەڵات ده‌كه‌ین

00:52 - 1 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: لە کێبڕکی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا بۆ سەرکۆماریی ئەو وڵاتە ئەندامێکی کۆنگرێسی ئامریکا باسی لەوە کرد کە پشتیوانی لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئامریکا کۆنگرێسمەنێکی کۆمارییەکان لە کەمپەینی ‌حیزبەکەیاندا بۆ سەرخستنی دۆناڵد ترامپ باسی لەوە کرد کە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرانبەر ئێراندا دەکەن.

ئەگەرچی دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازەکان لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرکۆماریی ئامریکا بە توندی کەوتەنەتە کێبڕکێی یەکتری بەڵام تاکوو ئێستا دێموکراتەکان کە هیلاری کلینتۆن کاندیدیانە باسیان لە پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نەکردووە و پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەتۆمی دەکەن.

پێشتریش جان کێربی باسی لەوە کردبوو کە ئامریکا ئاگاداری ئۆپراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دژی سپای پاسداران نیە و دەبێ ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا باس بکات.

لە دوای دەسپێکی خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوخۆی وڵات و دەرگیری لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، چەندین حیزب و لایەنی سیاسی و ڕێکخراوەی مەدەنی لە هەرچوار بەشی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لەو خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی و پشتیوانیی خۆیان دووپات کردەوە.