کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عادڵ ئەلجۆبەیر دیسانەوە لەدژی ئێران هەڵوێستی گرت

16:59 - 2 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: پاش ئاشکرابوونی تیمێکی تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی بەحرەین، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان جارێکی تر هۆشداری دایە لێپرسراوانی ڕێژیمی تاران.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ڕێکەوتی ٢٢ی جولای لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە تیمێکی تێرۆریستییان دەستبەسەر کردووە کە لەلایەن ئێرانەوە دنە درابوون تاکوو کردەوەی تێرۆریستی لەم وڵاتەدا ئەنجام بدەن؛ بە وتەی پۆلیسی بەحرەین ئەم کەسانە لە ئێران و عێراق ئاموزش درابوون.

عادڵ ئەلجۆبەیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یورونیوز ڕایگەیاند هێزە تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی هەوڵیان داوە یەمەن بە دەستەوە بگرن؛ ٣٥ ساڵە ئێران سەرقاڵی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەیە کە زەقترینیان خۆخزاندن لە عێراق و پشتیوانی کردن لە ڕێژیمی ئەسەدە و ئەمەش ئیدی بەسە.

ناوبراو هەروەها لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیگمۆنت سەر بە وەزارەتی دەرەوەی بێلژیک باسی لە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی کردووە و وتوویەتی ڕێژیمی تاران ماکەی تێرۆریزمی نێونەتەوەییە و تێیدا چەندین بەڵگەی لەمەڕ دەست تێدابوونی کۆماری ئیسلامی لە کردەوە تێرۆریستییەکان خستەڕوو.

لە بەرامبەر لێدوانەکانی ئەلجۆبەیر، فەرماندەی هێزی تێرۆریستی سپای پاسداران، مۆحەممەد عەلی جەعفەری گووتوویەتی: عەرەبستانی سعودی هەنوکە هاوشێوەی ئامریکا یەکێکە لە دوژمنە ئاشکراکانی ئێمە و ئەگەر بکەوێتە مەیدانی کردەوە ئەوا ئێمە دەتوانین هەموو ناوە دەریاییەکانی ئامریکا لە ئاوەکانی کەنداودا نوقم بکەین.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەڕانسە دادگای پێداچوونەوەی کوەیت حوکمی ئێعدامی ئەندامێکی حیزبوڵای لوبنانی بە تاوانی سیخوڕی کردن بۆ ئێران پەسند کرد.