کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپراسیۆنی هەڵۆکانی زاگرۆس دژ بە هێزەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەری ئێران بەردەوامە

15:56 - 3 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: هەڵمەتی هەڵۆکانی زاگرۆس بۆ سەر خۆفرۆش و بەرماولیسەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەڵۆکانی زاگرۆس لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، له ئۆپراسیۆنێکدا هێرشیان کرده سەر ماشێنێکی جاشه خۆفرۆشەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و سزای جاشێکی سەر بە ڕێژیمیان دا.

لەو پێوەندییەدا هەڵۆکانی زاگرۆس، شەوی سێشەممە لە سەر چوارشەممە ڕێکەوتی ٣٠ پووشپەڕی ١٣٩٥ لە گوندی زێویەی کۆنەلاجانی پیرانشار ماشێنێکی هەڵگری جاشە خۆفرۆشەکان کە لەو ماشێنەدا جاشێک بە ناوی مەلاعەلی زێویەیی تێدا بووە، بۆ سزادان دەستنیشان کرابوو، کەوتە بەر پەلاماری کوت و پڕی هەڵۆکانی زاگرۆس و بە توندی بریندار کرا.

مەلا عەلی ئەو جاشەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە هۆی پەلاماری سەختی هەڵۆکان زاگرۆس کە بە توندی بریندار بووە، سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی شاری پیرانشار و دواتر لە بەر کاریگەریی هێرش و پەلامارەکە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی، لە شاری ورمێ ڕاگوازرا.

لەو بارەوەیە هەڵۆکانی زاگرۆس ڕایانگەیاندووە کە: جارێکی دیکە وەبیر دێنینەوە کە هیچ تاکێکی خۆفرۆش و ئامرازی دوژمنی داگیرکەر لە چنگ هەڵۆتیژباڵ و چنگ بەگڕەکانی زاگرۆسی نیشتمان ڕزگاری نابێت مەگەر، لە کردەوە دزێو و خائینانەکانی دەست هەڵنەگری و چەکی جاشیەتی بۆ ڕژیم فڕێ نەدا و نەگەڕێتەوە ئامێزی گەل.