کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی سپای پاسداران لە ڕاسانی كوردستانی رۆژهەڵات تۆقیون

16:34 - 3 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: بەرپرسێكی سپای تیرۆریستیی پاسداران وێڕای دووپاتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی كە وە پاڵ حیزبی دیمۆكرات و هێزەكانی دیكەی بزووتنەوەی كوردستانی دەدەن، كۆبوونەوەی ٦ لایەنی كوردستانی رۆژهەڵاتی بە پیلانی عەرەبستان و ئیسرائیل ناو برد.

پاسدار سەرتیپ مەجید ئەرجومەند، جێگری قرارگای حمزە سیدالشهدا شەوی ڕابردوو لە رێوڕەسمێكدا كە بۆ یەكێك لە پاسدارە كوژراوەكانی رێژیم بەڕێوەیان دەبرد، وتی : تۆڕی سیخوڕیی ئەمریكا و عەرەبستان لە ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەیەكی بەربڵاو و توكمە سەرقاڵی تێكدانی ئاسایشی ئێرانن و ئەو پرۆژەیان دەست پێكردووە.

ئەو بەرپرسەی سوپای داگیركەری تیرۆریستیی پاسداران كە هێزی پارێزەری دواكەوتووترین و كۆنەپەرستترین ڕێژیمی سەردەمە، لە كاتێكدا كە هەوڵی دەدا خۆی لە هێنانی ناوی تۆقێنەری حیزبی دێموكرات ببوێرێ، بە ئەدەبیاتێكی ئاشنا كە زۆرجار لە زمانی هێندێك لایەن و هێندیك قەڵەمی ژەهراوییەوە دژ بە حیزبی دیمۆكرات و حیزبەكانی دیكەی رۆژهەڵات بەكار دەبرێت، حیزبەكانی ئەو بەشەی كوردستانی بە حیزبی سووننەتی و كلاسیك ناو بردووە و وتوویە: عەرەبستان بەڵێنی دابینكردنی چەكوچۆڵ و كەرەستەی سەربازیی بە ئەو گرووپانە داوە و پاش ٣٦ ساڵ توانیویە كە ئەو حیزبە كلاسیكانە لە دەوری یەكتر كۆ بكاتەوە.

مەبەستی ناوبراو كۆبوونەوەی ٦ لایەنی رۆژهەلاتی كوردستانە كە لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا و بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و گوڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی دوو جار كۆ بوونەتەوە.

پاسدار ئەرجومەند لەدرێژەدا باسی لەوە كردووە كە ئەركی سەرەكیی ئەو حیزبانە كە لە لایەن ئەمریكا و عەرەبستانەوە پشتگیری دەكرین، تێكدانی ئاسایشی ئێرانە كە دیارە لێرەشدا مەبەستی ناوبراو ئەمنیەتی ڕێژیم بوو.
دوای پەیامی نەورۆزیی بەڕێز مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دیمۆكرات و بڕیاری گرێدانی خەباتی شاخ و شار و ڕاسانی نوێ و هەروەها حەماسەكانی شنۆ و كۆساڵان، بەرپرسانی ڕێژیم ترسیان لێ نیشتووە و بەردەوام هەوڵ دەدەن بە كەڵك وەرگرتن لە هێزی میدیایی خۆیان خەباتی گەلی كورد و حیزبی دیمۆكرات چەواشە بكەن و بە داردەستی وڵاتانی بیانی لە قەڵەمی بدەن.

بەڵام خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ نیشانیان دا كە ئەو خەباتە هەڵقوڵاوی ویستی كۆمەڵانی خەڵكە و ئەو تۆمەتانەی رێژیم كە دەیداتە پاڵ حیزبی دیمۆكرات، بە درۆیان خستەوە و بە كردەوە دەریان خست كە پاڵپشتی راستەقینەی حیزبی دیمۆكرات و ڕاسانی نوێ، تەنیا خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵاتن.