کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد تڕامپ: \"بەرجام\" گەمژانەترین ڕێککەوتنی مێژوویە

21:43 - 4 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: کاندیدی کۆماریخوازەکانی ئامریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ناسراو بە بەرجام هیچ قازانجێکی بۆ ئێمە تێدا نەبووە و وەک گەمژانەترین ڕێککەوتننامەی مێژوو ناوی لێ برد.

دۆناڵد تڕامپ کە لە کۆڕی لایەنگرانی حیزبی کۆریخوازەکانی ئامریکا قسەی دەکرد بە ئاماژەکردن بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئۆباما گوتی: ئۆباما بە سیاسەتەکانیەوە نەتەنیا لە نێوخۆی وڵات بەڵکوو لە دنیای دەرەوەشدا ئامریکا و ئامریکاییەکانی کردە گاڵتەجاڕی وڵاتگەلێکی وەک ئێران.

ناوبراو بەئاماژەکردن بە دەستبەسەرکردنی مەلەوانە ئامریکاییەکان لە ئاوەکانی کەنداو لە لایەن سپای پاسدارانەوە گوتی: من هیچ کات ئەو سەرشۆڕی و سوکایەتییە لە بیر ناکەم؛ سوکایەتییەک کە ئۆباما نەتەنیا هەڵوێستی نەگرت بەڵکوو لە وەڵامدا ١٥٠ میلیارد دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ئێرانی ئازاد کردەوە.

سەبارەت بە بەرجامیش گوتی: ئەم ڕێککەوتن نامە گەمژانەیە هیچ قازانجێکی بە ئێمە و کۆمەڵگای جیهانی نەگەیاند و هەموو قازانجەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی بووە.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ڕوو لە خەڵکی ئامریکا وتی: ئەگەر دەتانەوێ ئەم سووکایەتی و سەرشۆڕییانە وەک خۆیان بمێننەوە ئەوا دەنگ بە کلینتۆن بدەن چونکە ئەو جێبەجێکارێکی باشی سیاسەتەکانی ئۆبامایە.