کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی بەلووچ بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم کوژرا

16:36 - 10 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی بەلووچ خەڵکی شاری چابەهار، لەلایەن هێزە بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیم کوژرا.

کەمپەینی چالاکانی بەلوچ لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە چەند ڕۆژ پێش ئێستا، پاش ڕاوەدوونانی لاوێکی خەڵکی چابەهار لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە بەبیانووی نەبوونی مۆڵەتی شۆفیڕی، چەکدارانی ڕێژیم بە ماشین لە ناوبراو دەدەن و بەتووندی برینداری دەکەن.

بەپێی ئەم هەواڵە پاش ئەم ڕووداوە هێزەکانی ڕێژیم ناوبراو بەبرینداری بەجێ دەهێڵن و خەڵکی ئاسایی ئەم لاوە دەگەیێننە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی خوێنڕێژی هەناوی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ئەمە یەکەم جار نییە کە هاووڵاتییانی بەلووچ لەلایەن هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمەوە دەکەونە بەر دەسڕێژ و پیشتریش حاڵەتی لەم چەشنە و بە شێوازی دیکە ڕووی داوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٥٢ هاووڵاتی بەلووچ لە شارەکانی پارێزگای سیستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژراون.