کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆكی CIA: بەرانبەر بە داهاتووی سووریە وەكوو وڵاتێكی یەكپارچە، گەشبین نیم

17:17 - 10 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: سەرۆكی ڕێكخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (CIA) ڕایگەیاند بەرانبەر بە داهاتووی سووریە و مانەوەی وەكوو وڵاتێكی یەكپارچە گەشبین نیە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتێرز، جان بێرنان، سەرۆكی ڕێكخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا كە ڕۆژی هەینی لە كۆڕی ئەمنیەتیی ساڵانەی ئێسپەن قسەی دەكرد، ڕایگەیاند: نازانم ئایا دەتوانرێت بۆ جارێكی دیكە سووریە یەكپارچە بكرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ڕابردوو یان نا؟

ئەوە یەكەم دانپێدانانی ڕاشكاوانەی كاربەدەستێكی باڵای ئەمریكایی لە پێوەندی لەگەڵ سووریەدایە كە پێی وایە پاش شەڕێكی نێوخۆیی ٥ ساڵە، ڕەنگە سووریە ئیتر وەكوو وڵاتێكی یەكپارچە نەمێنێتەوە.

ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی سووریە كە لە ژێر شوێندانەریی شۆڕشەكانی ناسراو بە بەهاری عەرەبیدا سەری هەڵدا، بە هۆی سەركوتی خوێناوی لە لایەن ڕێژیمی ئەسەد و دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران و ڕێكخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بەرەوە توندوتیژی پاڵیان پێوە نرا.

ئەرتەشی ئازادی سووریە كە لە ساڵی ٢٠١١دا لە لایەن ئەفسەرانی جیابوو لە ئەرتەشی سووریەوە دامەزرابوو، وەكوو ئۆپۆزیسیۆنی چەكداری سووریە لە لایەن هێندێك لە وڵاتانەوە پشتیوانیی لی كرا. لە لایەكی دیكەوە گرووپە ئیسلامییەكانی دەرەوەی سووریەش پاش دەستێوەردانەكانی ئێران و حیزبوڵڵا دزەیان كردە ناو خاكی سووریە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ژمارەی ئەو قوربانیانەی كە بە هۆی بۆردمانی شار و ناوچەكانی سووریە لە لایەن ڕێژیمی ئەسەد و هاوپەیمانانییەوە تا ئێستا كوژراون، گەیشتۆتە پانسەد هەزار كەس. نزیك بە ٧ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار كەسیش لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوونە.

لەو ژمارەیە نزیك بە ٢ میلیۆن كەس بۆ توركیە، ١ و نیو میلیۆن كەس بۆ لوبنان و پاشماوەیان بۆ عێراق و ئۆردۆن و وڵاتانی دیكە هەڵاتوون.