کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ڕاسان\" ژیاندنەوەی خەونەکانی سەدان ساڵەی نەتەوەی کوردە

23:25 - 10 گەلاوێژ 2716

مەجید حەقی

کاتێک دەوڵەت وەڵامی داخوازە سیاسیەکانمان ناداتەوە، کاتێک دەوڵەت گوێ بۆ کۆمەڵگای مەدەنی ڕاناگرێت، کاتێک بۆ دەوڵەت ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئینسانیی خەڵک نرخ و بەهایەکی نیە، کاتێک دەوڵەت نایهەوێ پرسەکان چارەسەر بکات، نایهەوێ گوێ بگرێت، هەموو ڕێگاکانی چارەسەری دەبەستێت و تەنیا دیکتە دەکات، خەڵک پەنا دەباتە توندترین و پڕهەزینەترین شێوەی خەبات. خەباتێک کە شۆڕشگێڕان و مرۆڤ دۆستان هەمیشە ویستوویانە خۆیانی لێ دوور بخەنەوە و تا دواساتەکان هەوڵیان داوە لە ڕێگا سەختەکانی ئاشتی و مەدەنییەوە پرسەکانی خۆیان بەرەو پێش بەرن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا کە بزاڤی کوردستان یەک لایەنانە خەباتی چەکدارییان وەلا نابوو، بە بێ ئەوەی کە هەنگاوێک بەرەو نەمانی زەمینەی ئەو خەباتە هەڵگرێت، دڕندانەتر لە پێشوو دەستی کرد بە وێران کردنی سیستماتیکی کوردستان. سەرەتا ڕەشبگیرییەکی زۆریان کرد، بە سەدان کەس لە چالاکانی کوردستانیان لە ماوە جیاجیاکاندا ڕەوانەی سیاچاڵەکانیان کرد و بە تاوانی ئەمنیەتی و موحاربە خرانە زیندان و ئێعدام کران. لە کاتێکدا کە ژمارەی کوردەکان لە چوارچێوەی ئێراندا دەبنە نزیک بە سەدا پازدەی هەموو دانیشتوانی ئێران، ژمارەی زیندانیانی سیاسی کورد لە ئێراندا سەدا شەشتی زیندانیان پێک دێنن. دواتر دەستیان کرد بە وێرانکردنی ژینگەی کوردستان، بە دامەزراندنی بەناو بەنداوەکانەوە کارێکیان کرد کە زۆر لە ناوچەکان تووشی وشکی و قەیرانی ئاو ببن و بە کردەوە هەلومەرجی ژیان لەخەڵک ئەستێندرا، تەنیا لە دەوروبەری گۆلی ورمێ زیاتر لە ١٢٠ بەنداویان سازکرد و لە ئەنجامدا بە کردەوە ژێنۆسایدێکیان دژی سروشت و مرۆڤی کوردستان و ئازەربایجان پێک هێنا و زەمینەی خوڵقانی گەورەترین کارەساتی سروشتی دژی نەتەوەی کورد و تورکیان خوڵقاند. ئەوجارە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی سیستماتیکی مادەهۆشبەرەکان بە چەشنێک کە کوردستان بە بەراورد لە گەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران زۆرترین بەکارهێنەری مادەی هۆشبەری تێدایە. بەتایبەتی ڕوویان لە وێرانکردنی ئەو کەسانەکرد کە سەرەرای هەموو سەرکوتەکان توانیبوویان لە بواری هونەر، نووسین و داهێناندا ببنە کەسانی شوێندانەر لە ناو کۆمەڵگای کوردی‌دا.

بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بەتەواوی ببنە بەشێک لە تۆڕی هێمنایەتی و سەرکوتی ئەو ڕژێمە، هەلومەرجەکانی ژیانی ئابوورییان ڕۆژ بە ڕۆژ بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەختتر کردووە. زەحمەتکێشانی کورد ناچار بوون پەنا بەرنە بەر مەترسیدارترین شێوەی ژیان و بە کاری کۆڵبەری ژیانی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو دابین بکەن، کۆماری ئیسلامی بەوەش نەوەستاوە و بە کوشتنی هەموو ڕۆژەی کۆڵبەران و ئاژەڵەکانیان شەڕێکی ڕاستەوخۆ و سەرانسەرییان دژی زەحمەتکێشان و ژیندارانی کوردستان ڕاگەیاندووە. بەوە دەیانهەوێ خەڵک ناچار بکەن بۆ بەڕێوەچوونی ژیانیان چەکی جاشێتی و خۆبەدەستەوەدان بە ڕێژێم هەڵگرن و ببن بە بەشێک لە تۆڕی سەرکوتی ئەو ڕێژێمە.

بەسەرکوتی سیستماتیک کارێکیان کرد کە ئاستی مەرگی پێشوەخت بە هۆی تەنگەژە و قەیرانی دەروونی، دڵ، کەم خوێنی، خواردنی شیمیایی، ماشێنی تەمەنی مەرگ لە ناو خەڵکدا دابەزێت و ڕۆژ نەبێت کەسێک لە گەڕەک، شار و کۆڵانێک بە هۆکاری جەستەیی، وەستانی دڵ، نەخۆشیی MS و نەخۆشییەکانی دیکە گیانی لەدەست نەدات. ئاستی تۆلێرانسی خەڵک بەهۆی زەختەکانەوە بەڕادەیەک دابەزیوە کە مرۆڤی کورد لەبەرانبەر بچووکترین بەرهەڵستدا تووشی شەڕ و کێشەی کارەساتساز لە گەڵ دەوروبەری بێت.

ژیانی کولتووری، چاندی و ڕۆشنبیریی خەڵکی کوردستان بە تەواوی لە ژێر چاوەدێری‌دایە و هەوڵی ڕیژێم ئەوەیە ناسنامەی کوردستانی و کوردی لە خەڵکی کورد بسرێتەوە و ئەوان تووشی بێ‌ناسنامەیی و تەنگەژەی خۆناسین بکات. سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستی کە تەنیا دەوڵەتێکی داگیرکەر دەتوانێت دژی نشتیمانێکی داگیرکراو ئەنجامی بدات.

لە وەها هەلومەرجێکدا خەباتی خەڵکی کورد تەنیا بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکان و جێبەجێ بوونی پەیمانە نێونەتەوەییییەکان لە پێوەندی لەگەڵ مافی کەمایەتیەکان کە کۆماری ئیسلامیش واژۆی کردووە نیە، بەڵکوو خەباتە لە بەرانبەر پرۆژەی تواندنەوە و لەناوبردنی نەتەوەیەکی ژێردەست. خەباتە بۆ بەدەستهێنانی بەها مرۆڤیەکانی خەڵکێک کە خەریکە تانۆپۆی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی ئەو بەهۆی تۆڕە شەرخواز و دوژمنسازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەنێو دەچێت و بنەماکانی خۆبڕوابوون و خۆبوون لێیان ئەستێندرێتەوە. خەباتە لەپێناو گەڕاندنەوەی ڕوومەتی ئینسانی و هیوای ژیانێکی دووبارە بۆ خەڵکێک کە مەترسی ئاسیمیلاسیۆنی سەرانسەری دژی ئەو هەیە.

دکتۆر سەعیدی ڕێبەر زۆر بە جوانی وتویەتیئێمە کە شەڕمان بەسەردا سەپاوە و لەبەرانبەر دڕندەترین ڕژێم خەبات دەکەین، لە هەموو کەس زیاتر واتای ئاشتی دەزانین و بێزارین لە شەر. بۆیە ناکرێت ڕاسان تەنیا وەک بزاڤێکی چەکداری ببیندرێت و لەو چوارچێوەیەدا تەسک بکرێتەوە.

راسان تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی و بزاڤێکی چەکداری بۆ خۆ دۆزینەوەی حیزبی دێموکرات نیە. ڕاسان لەوانەیە لە سەر نرخی لەدەستدانی هێزێکی زۆری دێموکرات و شەهیدبوونی باشترین کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبە تووشی قووڵترین خەمەکانی سەردەمی خەباتی چارەنووسساز لە هەلومەرجی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا بکات.

ڕاسان بەر لە هەمووشتێک ڕاسانەوەی مرۆڤی کورد بەرانبەر بە هەستی خۆبەدەستەوەدان، ئێگۆیزم، کولتوور و نەریتە کۆنەپەرەستانەکان، هەستانەوە بەرانبەر بە زوڵم و ستەمی خۆجێی و ناوخۆیی، خۆوشیاریی مرۆڤ بەرانبەر بە ستەم و ستەمکارییە. ڕاسان دەبێ بکرێتە بزاڤێک بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بە دوای فەلسەفەی وجوودی خۆی. راسان زیندووکەرەوەی کەرامەتی ئینسانی و نەتەوایەتی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ڕاسان درێژەی پرۆژەی بەنەتەوەبوون، بەهێزکردنی بایەخە مرۆڤدۆستانە و هوومانیستیەکانی جۆڵانەوەی نەتەوایەتی کورد، هەستی یەکسانی‌خوازی و فەلسەفەی مرۆڤ سەنتەری حیزبی دێموکراتە. سەرهەڵدانە بەرانبەر بە پرۆژەی قووڵی کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتدار دژی نەتەوەی بندەست و بەرز بوونەوەی بانگی ئازادیخوازیی و ئینسان خۆشەویستیە. بۆ سەربەستی پێویست بە ژماردن، مەنتقی سیاسی و لێکۆلینەوەی ئاکادێمیک ناکات. هیچکام لەوانە سەرەڕای پیویستییان ناتوانن بە ڕادەی خەون و بڕوا بە خەونەکان نەتەوەیەک بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی ڕێبەری بکەن. لەو ڕوانگەیەوە ڕاسان هێمای خەونی سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستانە، کە جێی خۆیەتی هەموو تاکەکانی نەتەوەی کورد بیکەینە دەسپێکی پەیمانێکی یەکگرتووی نەتەوایەتی بۆ گەیشتن بە خەونی گەورەی ئازادی و مرۆڤایەتیمان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە