کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕووخان کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمیشی گرتەوە

17:20 - 12 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: لە پاش لێدوانە پڕ لە ترس و قینەکانی فەرماندەکانی سپا و وەلەرزەکەوتنی کۆشکی زۆرداریی تاران، هەندێک لە بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمیش هاتنە سەر هێڵ.

لە پاش چاوپێکەوتنی مەحمود عەباس لەگەڵ مەریەم ڕەجەوی لە پاریس، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، پاسدار مۆحسێن ڕەزایی، وێڕای سووکایەتی کردن بە سەرۆکی ڕێکخستنەکانی فەتح، وتوویەتی هەوڵێک بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم لە ئارادایە، بەڵام ئێمە بە توندترین شێواز وەڵامی هەر کەسێک دەدەینەوە کە بیهەوێ دەستدرێژی بکاتە سەر خاکەکەمان.

ناوبراو کە وشەی خائین و بێ‌کەڵک دەخاتە پاڵ مەحمود عەباس، دەڵێ: ئەوانە مۆرە و ئامرازی دەستی ئامریکان.

لە لایەکی دیکەشەوە حسەین شێخولئیسلام ڕاوێژکاری جەواد زەریف، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی میزان وتوویەتی: عەباس سیخوڕی CIA و یەکێک لە ئاڵقەکانی پێوەندی نێوان ئیسڕائیل و دژەشۆڕشەکانە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە پاش ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی کوردستان و جموجۆڵەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خوڵقاندنی حەماسەی قەرەسەقەڵ و کۆساڵان، ڕێژیمی داگیرکەری تاران هێزێکی زۆر و زەوەندی خۆی ڕەوانەی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان کردووە، کە وەک کارناسانی کاروباری ئێران دەڵێن، ئەمە نیشانەیەکی دیاری ترسی سەرانی کۆماری ئیسلامییە لە هێزە ئازادیخوازەکان.