کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام، ناكۆكییە نێوخۆییەكانی ڕێژیمی قووڵتر كردووە

17:32 - 12 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی ساڵێك لە واژۆكرانی ڕێككەوتننامەی ناوكیی ناسراو بە بەرجام، هەنووكە ناكۆكیی نێوان كاربەدەستانی باڵەكانی ڕێژیم لە سەر ئاكامەكانی ئەو ڕێككەوتنە قووڵتر بۆتەوە.

لە كاتێكدا كە عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی وێڕای دەربڕینی ئەوەی كە بەرجام هیچ كاریگەرییەكی هەستپێكراوی لە سەر ژیانی خەڵك دانەناوە، باس لە بێ ئاكامبوونی وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا دەكات، حەسەن ڕۆحانی سەركۆماری ڕێژیم ڕێككەوتنی ناوكی بە سەربەرزی لە قەڵەم دەدات.

ڕۆژی دووشەممە، عەلی خامنەیی لە لێدوانێكدا وێڕای ئاماژە بەو ڕێككەوتنە وتی: ئێستا تەنانەت بەرپرسانی دیپلۆماسی و ئەو كەسانەش كە لە دانوستانەكاندا بەشدار بوونە، ئەو ڕاستییە دووپات دەكەنەوە كە ئەمریكا بەڵێنییەكانی پێشێل دەكات و سەرەڕای زمانلووسییەكانی، خەریكی نانەوەی كۆسپ و تێكدانی پێوەندییە ئابوورییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیكەیە.

خامنەیی هەروەها وتی: هەڵبەت ئەوە چەندین ساڵە كە ئێمە بەردەوام باسی نەبوونی متمانە بە ئەمریكاییەكان دەكەین، بەڵام هێندێك كەس ناتوانن ڕاستییەكان قبووڵ بكەن.

ڕێبەری ڕێژیم وێڕای وەبیرهێنانەوەی زیاتر لە شەش مانگ لە دەستپێكردنی قۆناغی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ناوكی، ئەو پرسیارەی هێنایە گۆڕێ كە: مەگەر بڕیار نەبوو گەمارۆ ستەمكارانەكان لا ببرێن تاكوو كاریگەری لە سەر ژیانی خەڵك دابنێت؟ ئایا ئێستا پاش تێپەڕینی شەش مانگ هیچ كاریگەرییەكی هەستپێكراویان لە سەر ژیانی خەڵك داناوە؟

ناوبراو بە پشتبەستن بە لێدوانەكانی ئەو بەرپرسانەی ڕێژیم كە پێش جێبەجێكرانی بەرجام دەیانگوت پاش بەجێهێنانی بەڵێنییەكان لە لایەن ئێرانەوە، گەمارۆكان بە جارێك هەڵدەوەشێنەوە، وتی: بەڵام ئێستا باس لە لابردنی بەرەبەرەی گەمارۆكان دەكرێت. بۆ دەبێ وابێت؟

ئەو لێدوانە پڕ لە ناكۆكییانە لە نێوان دوو بەرپرسی هەرەبەرزی ڕێژیمدا دەرخەری ئەوەیە كە ڕێككەوتنی ناوكی سەرەڕای بەڵێنی و دروشمە سەرەتاییەكان لەمەڕ پێكهێنانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنیی كتوپڕ لە ژیانی خەڵكی ئێران و یەكگرتوویی نێوان باڵەكانی ڕێژیم، هەنووكە نەك هەر بەرهەمێكی ئەوتۆی بە دواوە نەبووە، بەڵكوو بۆ خۆی بۆتە گرێكوێرەیەكی نوێ و خاڵێكی سەرەكیی دیكە بۆ ناكۆكی و دژایەتی لە نێوان باڵەكانی ڕێژیمدا.