کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی فەتح وەڵامی لێدوانەكانی ڕاوێژكاری وەزیری دەروەی ئێرانی دایەوە

18:59 - 13 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی فەلەستین (فەتح) لە وەڵامی لێدوانەكانی حوسەین شێخولئیسلام، ڕاوێژكاری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێراندا دژ بە مەحموود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین ڕایگەیاند: ئەو لێدوانانە كاردانەوەی سیاسەتی كاولكەرانەی ئێران لە ناوچەی عەرەبیدایە.

بە گوێرەی هەواڵی ئەلعەرەبیە، فەتح لە بەیاننامەیەكدا كە لە لایەن كۆمیتەی باڵای چاپەمەنییەكان و فەرهەنگی ئەو بزووتنەوەیەوە بڵاو كرایەوە، جەختی كردەوە: كەسێك كە ڕیزەكانی گەلی فەلەستینی لێك ترازاندووە و خەیانەتی لە پرەنسیپەكانی ئەمەگناسی كردووە، مافی ئەوەی نیە باس لە ئارمانجی گەلی ئێمە و قودس بكات.

لە بەیاننامەی بزووتنەوەی فەتحدا هاتووە: ئەوانەی كە بەردەوام بۆ لەنێوبردن و لێكترازانی ڕیزەكانی گەلی فەلەستین و قووڵتركردنی كەلێنی نێوانیان هەوڵ دەدەن و تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی بەرزتر و دابینكردنی بەرژەوەندیی خۆیان لایەنەكانی دیكە بە گژ یەكتردا دەدەن، بە دوای ئامانجێكەوەن كە هیچ پێوەندییەكی نە بە قودسی یەكەمین قیبلەی موسڵمانان و سێهەمێن بارەگای شەریفەوە هەیە و نە بە دادپەروەرانەبوونی ئارمانجی فەلەستینەوە، بەڵكوو تەنیا بۆ بەكارهێنانی لایەنێكی فەلەستینی وەكوو كارتێك لە خزمەتی بەرژەوەندیییەكانی خۆیان و سەپاندن و پەرەپێدانی هێژمۆنی خۆیان لە ناوچەدا هەوڵ دەدەن.

لەو بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژە بە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەمەڕ چاوپێكەوتنی نێوان مەحموود عەباس و مریەم ڕەجەوی، سەرۆكی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلق لە پاریس، هاتووە: ئێمە هیچمان لەوان (ڕێژیمی ئێران) نەبینیوە بەدەر لە خەیانەت، پێشێلكردنی بەهاكان و پێداگری لەسەر پاڵپشتیكردنی كوودەتاچییەكان لە فەلەستیندا كە بە پێچەوانەی پرەنسیپە نەگۆڕەكانی گەلی فەلەستین و ئارمانجە نەتەوەییەكانی، سنوورە كاتییەكانیان بۆ وڵاتی فەلەستین قبووڵ كردووە.