کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە سووریه بنكەی دروستكردنی مووشەكی دامەزراندووە

23:06 - 14 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی دەستێوەردان و شەڕی ڕێژیمی ئێران لە سووریه بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد، ڕێژیمی ئێران بنکەی دروستکردنی مووشەکی لەو وڵاتە دامەزراندووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاکراوەکان، حوسێن شێخولئیسلام، ڕاوێژكاری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ڕايگه‌ياند کە، ئەو ڕێژیمە لە سووریه بنكەی دروستكردنی مووشەک و بەرھەمھێنانی سووتەمەنی دامەزراندووە.

ئەو بەرپرسە تێرۆریستەی ڕێژیمی ئێران ئامانج لەو كارەی، بەھێزكردنی مێحوەرەكانی شەڕ لە سووریه ڕاگەیاندووە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: ڕاوێژكارانی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دەستپێكی قەیرانی سووریه لەو وڵاتەدا دەستێوەردانیان کردووە و لە ماوەی ٥ ساڵ شەڕی نێوخۆیی سووریەدا، ڕێژیمی ئێران، ئێستا بنكەی دروستكردنی مووشەکی لە سووریه دامەزراندووە.

ئەو بەرپرسە جینایەتکارەی ڕێژیمی ئێران هه‌روه‌ها گوتوویەتی: بوونی ھێزەكانمان لە سووریه، بۆ پاراستن و بەرگری، لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بووە.

عادڵ ئەلجۆبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە، لە لێداونێکدا، ڕێژیمی ئێرانی بە داگیرکەر لەقەڵەم دا و داوای لە ڕێژیمی تاران کرد کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی سووریە، عێراق، یەمەن و لوبنان بێنێت.

ناوبراو، ڕێژیمی ئێرانی لەهەمبەر سووریە بە وڵاتێکی داگیرکەر وەسف کرد و داوای لە ڕیبەرانی ڕێژیمی تاران کرد کە هێزەکانی خۆیان و حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە بکێشنەوە و هەناردەکردنی چەک و چۆڵیش بۆ ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕابگرن.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.