کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەزموونی تیرۆری دەوڵەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

16:50 - 23 گەلاوێژ 2716

عومەر ئیزەدخا

تیرۆری دەوڵەتی کە شێوازێکی سەرەکیی جۆرەکانی تیرۆر و هەروەها ستراتیژێکی دیاری سیاسەتی ئێران بەرانبەر نەیاران و دژبەرانی لە ماوەی هاتنەسەرکاری ڕێژێمی ئیسلامیی ئێراندا پێک دەهێنێ، و بە دریژایی ئەو مێژووەی سوودی لێ وەرگرتووە. لە زۆرترین چالاکییەکانی‌دا بە ڕوونی، بوونی دەستی دەستە و گرووپەکانی سەر بەو حکوومەتە، و تێوەگلانیان سەلماوە، کە بەشێکیان ڕاستەوخۆ پلاندانان و جێبەجێ‌کرانی، لە تارانەوە لەلایەن بەرپرسانی حکوومی و دەزگا سەربازییەکانیانەوە نەخشەکێشی کراوە و بەشێکی تریشیان لە ڕێگەی ئەو گرووپانەی کە کار بۆ بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن، و وەکو دەستێک و نوێنەرانی ئەو ڕێژیمە چالاکییەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دیکە ئەنجام دەدەن، خاڵێکی تری جێی سەرنجی پەیوەست بە پرسی تیرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بریتیە لە هاوکاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرپرسان و حکوومەتی ئێرانی بەرانبەر گرووپە فەندەمێنتاڵە سوننی مەزهەبەکانە، سەرەڕای بەکارهێنانی گرووپە توندڕەوە شیعەکان لە وڵاتانی ناوچەکە و قۆستنەوە و گەورەکردنی کێشە سیاسییەکانیان، لەوانەش هاوکاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی (القاعدە) و (طالیبان) و گرووپەکانی تری سەر بە قاعیدە و تەنانەت هەندێ سەرچاوەی پشتڕاست‌کراوەش باس لە بوونی هاوکاریی بەرپرسانی حکومەتی ئێرانی لە ڕێگەی سووریەوە بۆ هێزەکانی (داعش) دەکەن، سەرباری ئەوەی کە بینیمان حکوومەتی عێڕاقی بە سەرۆکایەتی (نوری المالکی) سەرۆک وەزیرانی پێشوو و هاوپەیمانی نزیکی سەرانی ڕێژێمی ئێرانی، بەرپرسی یەکەمی کشانەوەی هێزەکانی عیڕاقی بوو لە نەینەوا و پاشان بەهیزبوونێکی مەزنی ئەو ڕێکخراوەی لێ کەوتەوە، هەرچەند هۆکاری بنچینەیی و سەرەکیی دروستبوونی زۆربەی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستەکانی ناوچەکە، دەگەڕێننەوە بۆ هۆکارە هزرییە دینییەکان، کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە شەرعیەتدان بە توندڕەوی و پاساوهێنانەوە بە دەقی پیرۆز و باڵا لە ئەنجامدانی توندوتیژیی و ترس و تۆقاندن و کوشتار و ..لەپێناوی فەتح و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی دینی، بەڵام هۆکاری تر هەن کە کاریگەریی زۆر گەورە دەبینن لە بەهێزبوون و هاتنە مەیدانی ئەو هزرانەی کە کردەی نامرۆڤانە و فرە بەرە ئەنجام دەدەن، ئەگەر نمونەی داعش وەکوو یەکێک لەوانە باس بکەین، ئەوا ناکرێت هاوکاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وڵاتانی (ئاغای ناوچە)، (تورکیە – سعوودیە – ئێران)ی لێ بەدەر بکرێت، کە بێگومان ئێران پشکی شێری بەردەکەوێ و بەهێزبوونی ئەو گرووپانە بەشێوەیەکی زۆر لە بەرژەوەندیی ئێران بوونە و زۆرترینی بەرژەوەندییەکانی لە دوای بەهێزبوونی داعش هاتۆتە دی، کە بەشێکی ئەو بەرژەوەندییانە، خۆی لە دیفاکتۆی حکوومەتی سووری و فەوزا و شێواندنی ماڵی سوننی و زیادبوونی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە و لێدانی زیاتر لە نەیارانی بینیوەتەوە .

بابەتێکی گرنگی پەیوەست بە ستراتیژی تیرۆریستانەی ئێرانی کە پێویستە بوروژێندرێ، بریتیە لەو پرسیارەی کە ئایا تیرۆر دەکەوێتە کام ئاستەی سیاسەتی ئێرانی؟؟، ئایا میکانیزمێکی دەستپێکانەیەتی لە کارتەکانی؟؟، وەڵامی ئەوەش بریتییە لە ستراتیژیی بوونی ئەنجامدان و دروستکردنی تیرۆر لەلایەن ئەو وڵاتەوە، بەو پێیەی بنەما هزرییە بنەڕەتییەکانی ڕێژێمەکە، کە دەگەڕێتەوە بۆ هزرێکی ڕادیکاڵی – شیعی، کە هەمیشە بەچاوێکی دوژمنانە دەڕوانێتە کۆمەڵگا و هێزە سوننیەکان، وە ستراتیژی سیاسەتی دەرەکیی ئەو ڕێژێمەش لەسەر بنەمای نانەوەی کێشە و ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچەکە، لەژێر دروشمی (ناردنە دەرەوەی شۆڕش) بە ئامانجی بەهێزیی و سەقامگیریی و بەرژەوەندییە نێوخۆییەکانی خۆی، سەرباری سروشتی ئەو سیاسەتە تۆتالیتار و فاشی و مەرکەزییەی کە پیادەی دەکات و دەستی داوەتە توندوتیژییەکی بەردەوام لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی، بەتایبەت لەگەڵ نەتەوە و ئایین و گرووپە ئیتنییە جیاوازەکان، کردە و چالاکییە تیرۆریستییەکانی بە ڕوونی دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە خۆی لە غافڵکوژی و ئەنجامدانی تەقینەوە و ڕفاندن و کۆمەڵکوژی و ڕەشەکوژی و دروستکردنی ترس و تۆقاندن دەبینێتەوە .

هەر بۆیە ئەوانەی خوارەوە کۆمەڵێک چالاکین لە کۆمەڵێک بەرواری دیار، لەنێوان پرۆسەیەکی بەردەوامی درێژخایەنی پەرەسەندووی چالاکیی ستراتیژیی تیرۆری ئێرانی بەرانبەر بە دژبەرانی لە هەریەکە لە وڵاتانی ناوچەکە.

*ساڵی ١٩٨٢، فڕاندنی ٩٦ هاوڵاتیی بیانی، لە لوبنان، کە لەنێوانیاندا ٢٥ کەسیان هاوڵاتیی ئەمریکی بوون و ناسراوە بە قەیرانی بارمتەکان، کە ئەو چالاکییەش لەلایەن (حیزبوڵڵا) و گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام درا .

*لە ساڵی ١٩٨٣ تەقاندنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە بەیروت، لەلایەن (حیزبوڵڵا)ەوە، کە تیایدا بووە هۆی کوژرانی ٦٣ کەس لەو کۆنسوڵخانەیە .

*تەقاندنەوەی بنکەی هێزە فەڕەنسییەکان لە بەیروت، لەلایەن حیزبوڵڵا کە تیایدا ٦٤ فەڕەنسیی مەدەنی و سەرباز کوژران .

*وە لە ساڵی ١٩٨٣، تەقاندنەوەی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە بەیروت و کوشتنی ٢٤١ کەس .

*هەر لە ساڵی ١٩٨٣، بکوژەکانی حیزبوڵڵا و پارتی بانگەوازی شیعی بە پاڵپشتیی ئێران، هەڵسان بە کۆمەڵێک هێرش بۆسەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکی و فەڕەنسی لە کوەێت، کە تیایدا ٥ کوژراو و ٨ برینداری لێ کەوتەوە .

*لە ساڵی ١٩٨٥، هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی شێخ جابر ئەحمەد چەباح ئەمیری کوەێت، کە پێش بە هەوڵەکە گیرا .

*لە ساڵی ١٩٨٦، دروستکردنی ئاڵۆزی لەنێو حاجیانی مەراسیمی حەج و بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆوە کوژرانی ٣٠٠ حاجی لێ کەوتەوە.
*ڕفاندنی فڕۆكەیەکی كوەیتی لە ساڵی ١٩٨٨ .

جێگای سەرەنجە، ئەو كەسە عێراق‌ی و لوبنانیانەی كە لە تەقینەوەكەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لەكوەیت، لەساڵی ١٩٨٣دا دەستیان هەبووە، هەروەها ئەو لوبنانیانەی لە تەقینەوە بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە بەیروت لەساڵی ١٩٨٣،و ڕفاندنی فڕۆكەی كوەیتی لە ساڵی ١٩٨٨، دەستیان هەبووە، سەرجەمیان ڕەگەزنامەی ئێرانییان وەرگرتووە، لەوانە عیماد موغنیە فەرماندەی پێشووی میلیشیاكانی حیزبوڵڵای لوبنان.

*ساڵی ١٩٨٩، تیرۆری غافڵکوژیانەی (د.عبدولڕەحمان قاسملوو) ڕێبەری گەلی کورد لە ڤییەنا، ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، واتە ١٢/٧/١٩٨٩ لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا، دوکتور عبدولڕەحمان قاسملوو، لەگەڵ عبدوڵڵا قادری‌ئازەر، کاتێک لەسەر مێزێک لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئێران بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی دێموکرات بۆ پرسی کورد دانیشتبوون، بە پیلانگێڕی و بەدەستی نوێنەرانی وڵاتی ئێران شەهید کران .

*ساڵی ١٩٩٠، تیرۆری غافڵکوژییانەی چوار دیپلۆماتی سعوودی لە تایلەند.

*لە ساڵی ١٩٩١، تیرۆری غافڵکوژی شاپوور بەختیار، دواهەمین سەرۆک وەزیرانی سەردەمی فەرمانڕەوایی شا.

*لە ساڵی ١٩٩٢، تیرۆری غافڵکوژی (د.سادق شەرەفکەندی)، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چێشتخانەی میکۆنوس لە شاری بەرلین، کاتێ بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی سەرانی گرووپەکانی دژ بە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردبوو، کە دواتر کەیسێکی تایبەت بەو ڕووداوە لەلایەن دادگای بەرلینەوە کرایەوە و دوای شی کردنەوەی ڕووداوەکانی کارەساتی میکۆنوس، سەرانی کۆماری ئیسلامی، بە تاوانبار ناسران بۆ ئەنجامی ئەو تیرۆرە لەوانەش (عەلی خامنەیی (ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران،) ئەکبەر ھاشمی ڕەفسەنجانی (سەرۆک کۆماری ئەو کات و ( عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەو کات، بۆ دادگا بانگهێشت کران.

*١٩٩٠ - ٢٠٠٣ و تیرۆری ڕۆژانەی هاوڵاتیان و چالاکانی سیاسی و ڕێبەری پارت و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دانیشتووی باشووری کوردستان.

*لە ساڵی ١٩٩٤، تەقینەوەی (بۆینێس ئایرێس) لە ئەرجەنتین، کە تیایدا زیاتر لە ٨٥ کەس بوونە قوربانی و زیاتر لە ٣٠٠ کەس، برینداربوون .

*لە ساڵی ١٩٩٦، ئەنجامدانی تەقینەوەیەک لە شاری (خوبر)ی سعوودیە و لە ئەنجامدا، ١٢٠ کوژرای لێ کەوتەوە، کە لە نێویاندا، ١٩کەسیان ئەمریکی بوون .

*ساڵی ٢٠٠٣، ئاشکرا بوونی پلانی گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ ئەنجامدانی چەندین تەقینەوە لە بەحرەین .

*ساڵی ٢٠١١، تیرۆری غافڵکوژی دیپلۆماتی سعوودی (حەسەن قەحتانی) لە شاری کەڕاتشی .

*ساڵی ٢٠١١، هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی کۆنسولی سعوودیە لە ئەمریکا.

*٨/٨/٢٠١٥ هەوڵی تیرۆری سیاسی لەبەرانبەر هەریەک لە ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان درا و دواتر هەوڵی تەقاندنەوەی بارەگایەکی حیزبی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران درا، کە دوایی دەرکەوت ئەم چالاکییە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بووە.

*٧/٨/٢٠١٦ دەستگیرکرانی نێردراوانی ئێران بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆر لە وڵاتی بەرزایل و ئۆرۆگوای.

وە جگە لەوەش، ئەو گرووپانەی ڕاستەخۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکارییان دەکات و کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژێمە دەکەن و لە هەمان کاتدا، سەرچاوەی توندڕەویی و گرژیی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکەن و دەست ناپارێزن لە هەر کردەیەکی تۆقێنەر و تیرۆریستانە و خاوەنی هزرێکی ڕادیکاڵی مەزهەبین، بە تایبەت لە عێراق و سووریە و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و بەحرەین.. پێویستە ئاماژەیان پێ بکرێ، لە سەرووی هەموویانەوە (سپای پاسداران- نیروی قودس) کە نفوزی ڕاستەوخۆی لەو وڵاتانەدا هەیە و گروپێکی یەکجار زۆری دیکەش کە لە سەروویانەوە (جەیشی مەهدی، حیزبوڵڵا، عەسائێبی ئەهلی حەق، فەیلەقی بەدر ..) هەن، کە ئەوانەی خوارەوە بەشێکیانن :

١.کەتیبەکانی دەرعی شیعی
٢.کەتیبەکانی تەیاری ڕیسالی
٣.سوورەیەی عاشوورا
٤.کەتیبەکانی مالێکی ئەشتەر
٥.حەرەکەی ئەبداڵ
٦.کەتیبەکانی ئیمام عەلی
٧.جەیشی موختار
٨.حەشدی شەعبی
٩.لیوای حەمد
١٠.لیوای ئیمام قائیم
١١.لیوای عادیات-حەرەس خاس
١٢.حەرەکەی ئەنساروڵڵای ئوفیا
١٣.لیوای حەرەس خاس خامسەلبەتار
١٤.جەیش ئەلکەڕار
١٥.فیرقەی عەباسی قیتالی
١٦.کەتیبەکانی غەزەب
١٧.لیوای شەبابی ڕیسالی
١٨.جیشولمەهدی
١٩.عسائب ئەهلی حەق
٢٠.ڕێکخراوی بەدر
٢١.لیوای ئەبولفەزڵ عەباس
٢٢.حیزبوڵڵای عێراقی
٢٣.حیزبوڵڵای لوبنانی
٢٤.حەرەکەی حیزبوڵڵای نەجیبە
٢٥.حیزبوڵڵا-کەتیبەکانی ئیمام غالب
٢٦.حیزبوڵڵا سائیرون
٢٧.سووریەی ئیسلام
٢٨.فەیلەقی وەعدی سادق
٢٩.لیوای عەمار بەن یاسر
٣٠.لیوای ئەسەدوڵڵا غالب
٣١.کەتیبەکانی ئەنسار و حەج
٣٢.کەتیبەکانی دیفاعی موقەدەس
٣٣.لیوای قاریعە
٣٤.سووریەی زەهرا
٣٥.لیوای زولفەقار
٣٦.لیوای کەفیل زەینەب
٣٧.لیوای مونتەزیر
٣٨.بەدر-کۆمەڵە تایبەتەکان
٣٩.حەرەکەتی جیهاد و بینا
٤٠.سووریەی دیفاعی شەعبی
٤١.کەتیبەکانی سەیدوشوهەدا

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە