کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی سوویس بەڕێوەچوو

18:47 - 24 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣/٨/٢٠١٦، لە شاری زوریخی وڵاتی سوویس، سمینارێک بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ژێر ناوی هەستانەوەی ڕۆژهەڵات و ڕاسانی نۆێی حیزب بۆ بەڕێز مەنسوور عەزیزی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.

سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان کامران ڕەسوڵی بەرپرسی کومیتەی حیزب لە سوویس، وتارێکی لەم پێوەندییەدا پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و دواتر مەنسور عەزیزی، وتەکانی خۆی دەست‌پێکرد.

عەزیزی لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە دا کە؛ بۆ ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی تەعریف بکەین، پێویستە بارودخی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی، بارودۆخی سیاسیی ئەودەمی پاش جەنگی جیهانیی دووەم، و لایەنی مێژوویی_سیاسیی ناوچەکە بە گشتی، و ئێران بەتایبەتی، هەڵسەنگێنین.

ئاماژەدان بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژ-ک، کۆمەڵگەی کوردی لەو سەردەمە، و هەوڵەکانی پێشەوا قازی لە دامەزرانی حیزبی دێموکرات، و دواڕۆژبینیی ئەو حیزبە، لە خاڵە سەرەکییەکانی باسەکانی ناوبراو بوون.

عەزیزی هەروەها باسێکی تێروتەسەلی لەسەر سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و بابەتی تایبەت بە ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکرات، و ئەگەر و بەربەستەکانی سەر ڕێی ئەو ڕاسانەهێنایە بەر باس. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە وردبینییەکی تایبەتەوە، و بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ناوچەیی و نێونەتەوەیی، سیاسەتەکانی خۆی داڕشتووە و ئەو سیاسەتە، واتە چوونەوە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروا درێژە دەدات و لەو پێوەندییەشدا ئامادەیە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئەو پارچەیە لە کوردستان هاوکاری و هاوبیری بکات.

بە دوای قسەکانی بەڕێز عەزیزی، لە بەشی دووهەمی بەرنامەی سمینارەکەدا، پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن ڕامیار خادەمیەوە پێشکەش کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکەدا کە تایبەت بوو بە پەیام و لێدوانی نوێنەرانی هیز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانیەکان، نوێنەرانی حیزبە بەشداربووەکان، وتار و پەیامی خۆیان پێشکەش کرد، کە لە تێکڕای پەیامەکاندا، پشتیوانی لە ڕاسانی نۆێی حێزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، بەشدارانی سمینارەکە پرسیار و ڕا و بۆچوونی خۆیان لە مەڕ ڕووداوەکانی ئەم دوایانە و ڕاسانی نۆێی حیزب خستە بەر باس، و ڕێزدار مەنسوور عەزیزی بە وردی وڵامی پرسیار و ڕەخنەی بەشدارانی دایەوە.

ئەو هێز و لایەنانەی کە سەبارەت بە نێوەڕۆکی سمینارەکە وتەیان پێشکەش کرد بریتی بوون لە:

پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتیکشانی کوردستان
پارتی سوسیالیستی کوردستان باکوور
پارتی ماف و ئازادی (هاک پار)
پارتی دێموکراتی کوردستان سووریە
پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سوریە (یەکیتی)
پارتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە
کەسایەتی ئێرانی دکتور مەجید مۆشەیدی