کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران چی لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟

22:18 - 26 گەلاوێژ 2716

محەمەدساڵح قادری

لە هەفتەی ڕابردوودا دوو دیداری جیاوازی بەرپرسە ئەمنیەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ هەرکام لە شاندی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان و شاندی وەزارەتی نێوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت لە پێناو کۆسپ و لەمپەر خستنە بەردەم ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگای گوشار و هەڕەشەکانیەوە، بتوانێ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان ناچار بکات، تاکوو بە قەولی خۆیان پێکەوە ئەمنیەتی سنوورەکانی نێوانیان بپارێزن.

سەیر لەوەدایە، ئەم داواکارییەی ڕێژیم لە کاتێکدایە، کە خودی ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات، بە هۆی سیاسەتە دژی گەلییەکانیەوە، نەک هەر ئەمنیەتی بۆ خەڵکی ئێران و وڵاتانی ناوچە نەهێشتووە، بگرە بووەتە گەورەترین مەترسی بۆ نائەمنی نانەوە و لەباربردنی ژیانی مرۆڤایەتی لە هەموو ناوچەدا. کەوایە باشترە سەرانی ئەم ڕێژیمە بۆ دابینکردنی ئەمنیەتی وڵات، بەر لە هەمو شتێک بیرلەو هۆکارانە و چارەسەرکردنیان بکەنەوە کە بە هۆی دەسەڵاتی نگریسی ئەو ڕێژیمەوە، بوونەتە هۆی نائەمنی لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی سنوورەکانیەوە، و ناو و ناوبانگی ئێرانیان وەک وڵاتێکی تێرۆریست و پێشێلکەری مافی مرۆڤ و ژێرپێ‌نەری یاسا نێودەوڵەتییەکان بە جیهان ناساندووە.

سەیرتر لەمەش ئەوەیە، ڕێژیمێک کە تا ئێستا ئەسلەن بڕوای بە پرۆسەی سیاسی و سەروەری هەرێمی کوردستان نەبووە، و ئەزموونی دەسەڵاتە دێموکراتیکەکەی باشووری کوردستانی وەکوو مەترسییەک بۆ داهاتووی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی زانیوە، و بگرە بە ئیسرائیلی دووەم ی ناوزەد کردووە، و بەردەوام بە هەموو پیلانگێڕییەکانیەوە، لە دژی هەر هەنگاوێکی ئەو هەرێمە ڕاوەستاوە، کە بەرەو سەقامگیری و گەشەسەندن هەڵدەگیرێت و لە هەموو ڕێگایەکەوە هەرێمی کوردستانی خستوەتە ژێر پاڵەپەستۆی جۆرەها پیلان و مەترسی و هەڕەشە، کەچی ئێستا وەبیری هاتووەتەوە، تاکوو بە قەولی خۆیان لە گەل ئیسرائیلی دووەم، ئەمنیەتی سنوورەکانی نێوانیان بپارێزن؟

لە لایەکی دیکەوە، دەزانین تاکوو ئێستاش، مەلەفی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئێرانەوە، مەلەفێکی ئەمنیەتییە، و زیاتر لە ڕەواڵی پێوەندییەکی هەرە نزمی دیپلۆماسی- بازرگانی، لە بازنەی دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی وەکوو سوپای قودسی پاسداران و شوورای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگا سیخۆڕییەکانیەوە، لە گەل هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوتی کردووە. بەمەش ڕانەوەستاوە و دەبینین بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و سووریە، بە مەبەستی ڕێگری کردن لە هەرچەشنە سەرکەوتنێکی جووڵانەوەی کورد، هێزێکی زۆری سپای پاسدارانیان هێناوەتە ئەو ناوچانە و ڕۆژ نیە کەلاکی پاسدارەکانی، لە بەرەکانی شەڕی سووریە و عێراقەوە، نەگەنەوە ئێران.

بەم شێوەیە، لە کاتێکدا کە دەبینین سیاسەتی ئەو ڕێژێمە دژ بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای دووبەرەکی بنێرەوە و زاڵ بە، ھەروا درێژەی ھەیە، و لە ساڵەکانی دوای ڕاپەڕینی باشوورەوە تاکوو ئێستا، ئەو ڕێژیمە چەندەی پێ کراوە، ھەوڵی داوە لە ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم لە گەڵ یەکتر، و هەرێم لە گەڵ هەرکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، تووشی دووبەرەکیی و ئاژاوە و جەمسەربەندی بکات، تاکوو بەو پیلانە دوژمنکارانەیەوە، ڕێگە نەدات پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، گەشە بکات و ناوچەکە ڕووی سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت. لە لایەکی دیکەوە بە سیاسەتێکی فریودەرانە، وا دەنوێنێ کە ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بیانەوێت ڕووی سەقامگیری و ئارامی بە خۆیانەوە ببینن، پێویستە ملکەچی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بن، تاکوو لە نیعمەتی خێر و خۆشی و ئارامی بێبەش نەبن.

ئەم ڕێژیمە نایهەوێ ببینێت کە ھەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو کەموکۆرییەک کە هەیەتی، ساڵانێکە توانیویەتی وەکوو دۆفاکتۆیەکی سیاسی و ھێمایەکی نەتەوەیی کورد لە ناوچەدا، خۆی جێ‌بخات و وێرای داکۆکی کردن لەسەروەری خۆی، و هەوڵدان بۆ بڕیاری یەکجارەکی لەسەر چارەنووسی خۆی لە گەڵ دەوڵەتی عێراق، لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی تاقیکردنی ئەزموونی دێموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دانیشتووی کوردستان، و بەتایبەت دوای هاتنی داعش و ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریستاندا، توانی پێگەیەکی پڕ لە متمانە و جێگای ڕێز، لە ئاست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌دا، بۆ خۆی دەستەبەر بکات و ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانەتی شەڕی دژی تێرۆریستانی داعش، هەر بۆیە دەبینین ھەر کاتێک سەرکردایەتی کورد لەو بەشەی کوردستاندا بیەوێت ھەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی ھەڵبگرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی جیا جیا، لە ڕێگەی دەزگا ئەمنی و دیپلۆماسییەکانیەوە، ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات، تاکوو لەو ھەنگاوەی پاشگەز بێتەوە و ئەو بڕیارەی خەڵکی کوردستان، وەکوو زەنگی مەترسی لە سەر ئەمنیەتی خۆی دەزانێ و هەربۆیە بەردەوام ھەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی و کێشە و ناسەقامگیری لە ھەرێمی کوردستان دەدات و وێڕای ئاراستەکردنی شەڕی داعش دژ بە هەرێم، هاندانی دەوڵەتی عێراق بۆ دوژمنکاریی هەرێم و بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، ئێستاش هەوڵی سازدانی هێزی حەشدی شەعبی و چەندین پیلانی دیکە دەدات، تاکوو دوای شەڕی داعش، بە بیانووی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان، شەڕێکی دیکە تووشی هەرێمی کوردستان بکات، تاکوو بە ھەر شێوەیەک بێت، ڕێگا لە بەرەوپێشچوونی ئەو ئەزموونە بگرێت و نەھێڵێت ئەو دەسکەوتە نەتەوەییە سەقامگیر بێت.

لە لایەکی دیکەوە دوای ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵات، و ستراتیژی لێک گرێدانی خەباتی شاخ و شار لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، دیتمان ئەو ڕێژیمەی کە ساڵەها بوو بانگەشەی لەنێوچوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وخەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی دەکرد، بەو ڕاسانە چۆن کەوتووەتە پەلەقاژە و پێگەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی وەلەرزە کەوتووە و بە دڕندانەترین شێوە، بەربووەتە گیانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و بە ڕەشبگیریی و زیندان و لەسێدارەدان و.... هەوڵی چاوترساندن و پاشگەز بوونەوەی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لەو خەباتە و داکۆکی کردن لە مافە نەتەوەییەکانیان دەدات، لە هەمانکاتدا بە تۆپباران کردنی سنوورەکانی باشوور- ڕۆژهەڵات و هەڕەشەکانی لە هەرێمی کوردستان، دەیهەوێ پێش بەو ڕاسانە بگرێت.

بەڵام پێویستە ئەم ڕێژیمە باشتر لە هەر لایەنێک ئەم ڕاستییە بزانێت، کە ئیرادەی تێکۆشەرانی دێموکرات کە میراتگری ڕێبازی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندین، بە هاوکاریی خەڵکی خەباتکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر لەوە بەهێزترە کە بەم هەڕەشە و چاوترساندنانە، تا وەدیهێنانی مافە زەوت کراوەکانیان، لە خەبات دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەر و دیکتاتۆری کوماری ئیسلامی پاشگەز ببنەوە.

هەروەها پێویستە لە ڕێژیمی ئێران بپرسین، بۆچی بۆ هێزە جینایەتکارەکانی سوپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە، وەک هێزێکی بێگانە ڕەوایە کە لە سەعدییە و جەلەولا و خانەقینەوە بگرە تاکوو دوزخورماتوو و تەلەعفەر..... لە خاکی هەرێمی کوردستان تەڕاتێن بکەن، بەڵام بۆ ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوا نەبێت کە لە نێو خاکی کوردستان و لە وڵاتی خۆیاندا، بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان، بوون و چالاکیان نەبێت؟

هەر وەها پێویستە هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی، ئەو ڕاستیەیەیان لە بەرچاو بێت، کە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نابێ لەسەر حیسابی بزووتنەوەی کورد و ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بێ، و زەرەر لە خەباتی ئەوان بۆ وەدیھێنانی مافەکانیان نەگەیەنێت. حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە دوای ساڵانێکی درێژ لە ھاوکاری کردنیان بۆ بارودۆخی باشووری کوردستان، ئێستا بەھۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و بەرەو سەقامگیری چوونی ھەرێمی کورستان، ئیتر پێویستە خەمی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە بابەتی سەرەکیی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، و بە پێی ئیمکان و دەرەتان، لە ماف و ڕۆڵی خۆیان بۆ خەباتی مافخوازی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان خاوەن دەرکەون، و لە نزیکەوە لە نێو خەڵکی خۆیان بە کاری ڕێکخستنی و چالاکیی سیاسی و جەماوەری، پاشەکشە بە دەسەلاتی دیکتاتۆری ئەو ڕێژیمە بکەن.

کە وایە گەر لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و حکوومەتی هەرێم، بە هەر هۆیەک بێت، نەتوانن هاوکاری و پشتگیریی ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی ئەو بەشەی نیشتمانی داگیرکراو بکەن، دەکرێ کە کۆسپی سەر ڕێگاش نەبن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە