کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی ئۆتریش لە ئێعدامەکانی ڕێژیمی ئێران شەرمەزار کرا

22:47 - 28 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئۆتریش بۆ شەرمەزارکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نیسبەت بە لە سێدارەدانی زیندانیان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و نیسبەت به شەرمەزارکردنی لە سێدارەدانی زیندانیان لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە لایەن جیناتەکارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، کۆبوونەوەیەک لە ناوەندی شاری ویەن پێک هات.

لەم کۆبوونەوەیەدا کوردانی دانیشتووی شاری ویەن و نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراوە کوردستانیەکان بەشدار بوون.
ئەو کۆبوونەویە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش وتارێک بە زمانی ئاڵمانی لە پێوەندی لەگەڵ تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەرهەق بە خەڵکی بێ‌تاوانی کوردستان لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، سیاسەتی میلیتاریزەکردنی کوردستان، بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ناو لاوان و لە بەندیخانەکاندا، سووتاندنی گوند و لێرەوارەکانی کوردستان، کوشتاری کۆڵبەران لە سەر سنوورەکان، بێ‌سزامانەوەی هەموو تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە و ئاکامی ئەم شێوە هەڵسوکەوتەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئیسلامی بۆ خەڵکانی دانیشتووی وڵاتی ئێران وکارنامەی دەوڵەتی ڕوحانی لە کاتی هاتنە سەرکاریەوە لە پێوەندی لەگەڵ ئێعدامەکان و لە کۆتاییدا داواکاری لە وڵاتانی ئورووپایی بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی مافی مرۆڤ، مافی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینیەکان و مافی ژنان پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

پاشان لە لایەن نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە بە زمانی کوردی وتارێک پێشکەش بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرا و لە وتارەدا لە سێدارەدانی ئەم دواییانەی زیندانیان لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندی شەرمەزار کراو و پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی و خەبات تا ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی کرابوو.

هەروەها لە لایەن نوێنەرانی پارتی یەکیەتیی کورد لە سووریە، پارتی یەکیەتی دێموکرانی کورد لە سووریە و پارتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە لە سێدارەدانەکانی ئەم دواییانە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیەوە شەرمەزار کرا و پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی ڕەوا و بەرحەقی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.

پاشان لە لایەن کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە وتارێک بە زمانی ئینگلیزی بۆ شەرمەزارکردنی کردەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بەرانبەر خەڵکی کوردستان و شەرمەزارکردنی لە سێدارەدانی خەڵکی بێ‌تاوانەوە خوێندرایەوە.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە شێوەی جۆراوجۆر وەک ڕاگرتنی وێنەی بەشێک لە سێدارەدراوەکان، دروشمی ڕاگرتنی لەسێدارەدان لە ئێران، بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکان بە زمانی ئاڵمانی و ئینگلیزی سەرنجی خەڵکی ئوتریش و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەیان بۆ لای خۆیان نیسبەت بە تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بەرانبەر بە خەڵکی بێ‌تاوانی کوردستان و سەرانسەری ئێران ڕاکێشا.

لەو کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکان و ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وێڕای دەربڕینی هاودەردیان لە گەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریان تێدا کردبوو.