کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و لێک‌گرێدراویی کورد

00:02 - 29 گەلاوێژ 2716

مەنسوور عەزیزی

بزووتنەوە و دەوڵەتەکانی ناوچە:

بزووتنەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکانی ناوچەکە، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بە زۆر قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیون. لەو ماوەیەدا لە وڵاتانی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریە، زۆر دەسەڵات هاتوونەتە سەرکار و ڕۆیشتوون.

ئابووریی وڵات، هێزی سەربازی و کایەکردن لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا، هەردەم بەدەست هێزێک یان لایەنێکەوە بووە و کردوونیەتی بە سوتەمەنییەک بۆ دەسەڵاتەکەی، و بەکاری‌هێناون بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی. واتە قەت نەبووە دەسەڵاتێک بیەوێ خۆی تەرخان بکات بۆ خزمەت بە ویستە مرۆییەکانی کۆمەڵگە و داهاتوویەک دروست بکات کە ئارامی و ئۆقرەیی تێدا مسۆگەر بکرێ. هەرکام لەو دەسەڵاتانە، ئەو سەردەمەی کە خۆیانی تێدا بوون و هەروەها ئێستا و داهاتووی ئەو وڵاتانەشیان، نەک هەر لە بواری ئابوورییەوە فەلەج کردووە، بگرە لە بواری ڕەوانیشەوە بۆ چەند نەسڵی دیکە، کاریگەریی ئەو شەپۆلە پڕ لە کێشە و گرێ‌وگۆڵانەی دەستکردی خۆیانیان، هەروا بۆ ناوچەکە بەجێهێشتووە.
دەیان ساڵ لە مێژووی وڵاتێکی پێشکەوتوودا، ئاکامەکەی ئەوەیە کە ئەو وڵاتە ئارامی و ئۆقرەیی لە کۆمەڵگەکەیدا بناغەیی کردووە، باخچەی ساوایانی ئەو وڵاتە، یەکەم بنکەی بارهێنانی چەند نەسڵی دوور لە کەمایەسییە ئابووری و زانستییەکانە و لەمڕۆشدا چاوی بڕیوەتە دەسکەوتی زانستی و تیکنۆلۆژیی زیاتر و ڕوونتر چاوی خستۆتەسەر جیهانی پاش ئەم قۆناغەی ئێستامان و هەڵسەنگاندن دەکات بۆ چۆنیەتی پێشخستنی ژیانی پاش قۆناغی مۆدێڕنیتە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو باسە بۆ وڵاتانی پاشکەوتوو ئاوا نیە، و ئەبینین ئەو وڵاتانە ڕاست بەو خێراییەی پێشکەوتنی وڵاتانی پێشکەوتوو، بەرەو پاشەوە گەڕاونەتەوە و لە بواری هزرییەوە بە هەزاران ساڵ بۆ دواوە هاتوونەتەوە. ئەمەش وادەکات لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەوان تووشی دوگمی و پاراودۆکس ببنەوە و نەتوانن هاوشانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، خۆیان پێناسە بکەن.

کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست:

کورد نەتەوەیەکی کراوەیە کە بەپێی سروشتی ئاو و خاکەکەی، بەردەوام لایەنگری ئارامی و پێکەوەژیانە و قەت لە مێژووی خۆیدا هێرشی نەکردۆتە سەر نەتەوەیەکی دراوسێ و لە هەموو ئەو ساڵانەشدا، هێرش‌کردنە سەر کوردستانیشی بەرپەرچ داوەتەوە و سەری بۆ داگیرکەرانی نیشتمانەکەی نەوی نەکردووە. ئەم گەلە حەزی لە شایی و ژیانە و بە کەمترین ئامرازەکانی ژیانەوە، هەوڵی داوە گەر تەنانەت لە شاخەکانیش بووە، بوونێکی ئارام و دوور لە کێشە بۆ خۆی دروست بکات.

هەڵکەوتی جوغرافیایی کوردستان، بەپیت بوون و دەوڵەمەند بوونی کوردستان، لە بواری کانگا ژێرزەوینییە جیاجیاکانەوە، هەردەم وای کردووە نەتوانێ خۆی لە کێشەکان بەدوور بگرێ و تووشی کاولکاری بۆتەوە.

دین، کێشە نەتەوەییەکان و فاشیزمی نەتەوەی باڵادەست و سنووری نێوان دەسەڵاتەکان، هەر لە دێرزەمانەوە تا ئەوڕۆ، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی ئەم ئاو و خاکە، چرکەیەکیش ئارامی بە خۆیەوە نەبینێ.

لەگەڵ ئەو هەموو پاڵەپەستۆیانەش، لە مێژووی کورددا، بەڵگەیەک بەدی ناکرێ کە بیسەلمێنێ ئەم گەلە لایەنگری شەڕ و ماڵوێرانی بووبێ، و هێرشی کردبێتە سەر وڵاتی خەڵکی دیکە.

چارەنووسی نەتەوەی کورد پێکەوە گرێ‌دراوە، و قەت بەشێک لەم وڵاتە دابەشکراوە، ناتوانێ هەست بە ئۆقرەیی بکات، تا ئەو کاتەی هەموو بەشەکانی دیکەی ئەم وڵاتە، لە ئارامی‌دا نەژین. ئێستا دەبینین باشووری کوردستان دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆی هەیە، و لە زۆر بواردا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە. بەڵام لە ڕاستی‌دا ئاسایشی نەتەوەیی ئەو بەشە لە کوردستان، بە بێ دانانی بناغەی بەهێز بۆ ڕزگار بوونی سێ بەشەکەی دیکە، لە درێژخایەندا تووشی هەرەس دەبێتەوە.
ئێمە بە سەرنجدان بە مێژوو، دەبینین لەگەڵ ئەوەی ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ی زایینی لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندیی ئەو سەردەمەی عێراق و بزووتنەوەی کورد لە باشوور واژوو کرا، بە سووکە ڕێکەوتننامەیەکی دیکەی دەسەڵاتی ئەودەمی عێراق، لەگەڵ دەسەڵاتێک لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی(ئێران) هەڵوەشایەوە، و شۆڕشی کورد تووشی نسکۆیەکی گەورە هات. کەواتە ئەمە بۆمان دەسەلمێنێ کە بەشێکی کوردستان ناتوانێ بە ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ وڵاتێکی داگیرکەری بەشێکی دیکەی کوردستان، یان ئەو بەشەی کە ئەوی داگیرکردووە، پاڵی لێ‌بداتەوە و پێی‌ وابێ ئیدی هەموو شتێک ئەمان و ئەمانە و لەخەم ڕەخساوە.

بە پێچەوانەی ئەو بیرە، بەشێکی کوردستان و بزووتنەوەکەی، ئەبێ لە باتیی ڕێکەوتن لە گەڵ یەکێک لەو دەسەڵاتانە، لە ڕێگەی حیزبەکانیانەوە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەو بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بکات، بۆ ئەوەی بۆخۆشی تووشی هەرەسهێنان نەبێتەوە. ڕاست لێرەدایە کە ئاسایشی نەتەوەیی ئەو بەشە لە کوردستان ئەچەسپێ و تووشی داڕمان نابێ.

گەر سەرنجی بزووتنەوەکانی کورد بدەین لە مێژوودا، ئەوەمان بەڕوونی بۆ دەردەکەوێ کە؛ بزووتنەوەیەک لە بەشێک لە کوردستان لە کاتێکدا سەرکەوتووتر بووە، کە لەو فاکتە سەرەکییە کەڵکی وەرگرتووە.

کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، چارەنووسیان پێکەوە گرێ‌دراوە و هیچ گومان لەوەدا نیە، کە ڕاوەستانی شۆڕشی بەشێک لە کوردستان لەبەر بەشێکی دیکەی، نەک هەر قازانج بەو بەشە ئازادە ناگەیەنێ، بگرە دەبێتە خاڵێکی هەرە سەرەکی بۆ، سەرەتا دەستەمۆ بوونی حیزبەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە دەستی ڕێژیمەکانی دراوسێی ئەو بەشە و دواتر داڕووخانی لە نێو خۆیدا و پاشان بەهیچ بوونەوەی هەموو دەسکەوتەکانی، کە لە کوردیدا ئاوا پێناسەی ئەم حاڵەتە دەکەن: هەموو ڕیسەکەی لێ دەبێتەوە خوری.

کاراکتری بزووتنەوەی کورد:

بەپێچەوانەی ئەو هەموو دەسەڵات و بیرۆکە فاشیستییانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاتوونەتە سەر کار و ڕۆشتوون و جیهانێکی دواکەوتوویان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە، کورد ڕوونتر بناغەکانی بزووتنەوەکەی خۆی داڕشتووە و لانیکەم لە سەردەمی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە، گەر قامکی بخەینە سەر، لە هێڵە سەرەکییە مرۆڤایەتییەکان لای‌نەداوە و قەت دەمارگرژانە نەجووڵاوەتەوە، و هەر ڕۆژەو گوتارێکی سیاسیی بە دەمامکێکی نادیاری کۆنەپارێزی و داگیرکاری و تیرۆر و تۆقاندنەوە نەخستۆتە ڕۆژەڤ، و بگرە ڕێگەیەکی دروستی لەو هەموو ماوەیەدا بۆخۆی دیاری کردووە و پێیدا تێپەڕێوە.

حیزبی دێموکرات وەک نموونەیەک:

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەو دیاردە کۆمەڵایەتی‌_سیاسییەیە، کە حەفتاویەک ساڵ پێش ئێستا، بە خوێندنەوەیەک کە بۆ دۆزی کوردی هەبووە دامەزراوە، و لەڕاستیدا لەگەڵ ئەوەی کە ئەو هەموو ساڵانە تێپەڕیون لە مێژووی دامەزرانی، ئێستاش، زۆر لەو هەشت مادەی ڕاگەیەندراوی یەکەم ساتی دامەرزاندنی، نەک هەر دوور نەکەوتۆتەوە، بگرە زیاتر هەر ئەو خاڵانەی شی کردۆتەوە و هەر لەو ڕاستایەدا دەوڵەمەندتری کردوون و هەنووکەش، زیاتر لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی خۆی، خاوەن نفووزە و ڕیشەی ئەم حیزبە ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە شێوەی کردەیی، و هەموو کوردستانیشی بە شێوەی مەعنەوی گرتۆتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕاسانی حیزبی دێموکرات:

لەم ساڵانەی دواییدا و تەنانەت پێش هاتنی داعشیش، ڕێژیمی ئێران هیچ سنوورێکی لە ناوچەکەدا نەهێشت و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، کۆمەڵێک پێتەختی لە ناوچەکە ئاڵۆز کرد و باڵی بەسەردا کێشان. سنووری ئاوی، زەوینی و ئاسمانیی ئەو وڵاتانەی بەزاند و لە لایەکی دیکەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کەوتۆتە شەڕ لە دژی هەموو بەها سیاسی و مرۆییەکان.

ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی تەنانەت تاکە مەرقەدێکی ئیمامزادەیەکی شێعە لە وڵاتێک، ئامادەیە هەموو ئەو وڵاتە کاول بکرێ و سنوور هیچ مانایەکی نییە بۆی. کەچی ئێستا کە کار دەگاتە ڕاسانی حیزبی دێموکرات، ئەو دەسەڵاتە لەپووچ گەورەکراوە، باسی سنوور دەکات و داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات سنوورەکان بپارێزێ.

هەر ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئەو ڕێژیمە هەر لەو بەشە لە کوردستان، دەیان بنکەی سیخوڕیی وەک حوسەینییە و کۆنسولگەرییەکانی داناوە و کەی پێی خۆش بووە، تیرۆری وەڕێ خستووە و کەی پێی باش بووە، ئاژاوەی دروست کردووە بۆ ئەو بەشە لە کوردستان، و هەموو هەوڵێکی داوە کاولکاری و ترس و تۆقان و چەند بەرەکی دروست بکات.

پرسیار لیرەدا ئەوەیە، کە ئایا؛ ئەگەر حیزبی دێموکراتیش ڕاسانەکەی ڕاوەستێنێ، ئەو ڕێژیمە واز لە دەستێوەردان و بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵدەگرێ لە باشووری کوردستان؟ ئایا بنە و بارەگا سیخوڕییەکانی خڕ دەکاتەوە و ئیدی دەستێوەردان ناکات لەو بەشە؟ ئایا ڕێژیمی ئێران ناردنی مادەی هۆشبەر بۆ ئەو بەشە لە کوردستان و مەوادی خۆراکیی ماوە بەسەرچوو، و دەیان شتی دیکەی پیس و پۆخڵ ڕادەگرێت و ناهێڵێ بێنە نێو هەرێم؟ ئایا ڕێژیمی ئێران واز دێنێ لە هاندانی حەشدی شەعبی، لە دژی هەرێم و ئایا واز دێنێ لەوەی کە دژی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بێ، و چیدی داعشی دیکەی لەدژ نەجووڵێنێ؟!

بێگومان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە، نەخێرە! کەواتە هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان ڕێژیمی ئێران و باشووری کوردستان، سەرناگرێ و لە بنەڕەتدا پێک نایەت. ڕێژیمی ئێران بە چاوێکی زۆر نزمەوە چاو لە دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکات، و ئێستاش هەروەک باکووری عێراق، شارە مەرزییەکان و کوردەکانی شارەکانی باکووری عێراق و ...هتد، ناویان دێنێ و هەر بەو چاوەوە چاو لە دەسەڵاتی کوردی دەکات، و نرخی پووشێکی بۆ دانانێ و ئەیەوێ ئامرانە بەسەریدا زاڵ بێ.

ئێرانییەکان لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا، دروشمێکیان هەڵگرتووە کە زیرەکانە بووە، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێن: بۆ ئەوەی سبەی لە کرماشان و تاران و ئیسفەهان، شەڕی دوژمن نەکەین، ئەبێ شەڕەکە بگوازینەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، و لەوێ شەڕی ئەوان بکەین.

من پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، سەرکردایەتیی باشووری کوردستان، ئەو دروشمە بە هەند وەرگرێ و پێش لەوەی ڕێژیمی ئێران لە هەولێر شەڕیان پێ بفرۆشێ، و حشد الشعبی بێنێتە سەریان، و ڕێگەی سەربەخۆییان لێ دابخات، ئەوان ئەو جەنگە ببەنە نێو ماڵی ڕێژیمی ئێران و بە کردەوە، هەوڵدان بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بخەنە نێو ستراتیژیی خۆیان و هەوڵی بۆ بدەن.

هەر هەمان سیاسەت لەپێوەندی لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی هەر چوارپارچەی کوردستانیش پێویستە، و تەنیا لە وەها حاڵەتێکدایە کە ئەو گرێ‌دراوییە، ئەبێتە ئامرازی بنەڕەتی بۆ سەرکەوتنی یەکجاریی کورد لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە