کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ

22:19 - 31 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژی کرد و لە گەڵ شەل گوینار ئێریکسن بەرپرسی کاروباری ئێران لەو وەزارەتە، دیداری کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، و دیدار لەگەڵ شەل گوینار ئێریکسن، بەرپرسی کاروباری ئێران، سەبارەت بە لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قسەیان کرد، و داوا کرا وڵاتی نۆروێژ لەم بارەوە هەڵوێستی هەبێ، و گوشار بخاتە سەر کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

نوێنەری حیزبی دێموکرات پێی وابوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ترسی لە جموجۆڵەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستان و جموجۆڵەکانی ئەحواز و بەلووچستان هەیە، و دەیهەوێ بەم جینایەتانە دژبەرانی خۆی چاوترسێن بکات.

هەر لەم پێوەندییەدا نوێنەری حیزب باسی لەوە کرد کە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستێکی باڵای لە دروستکردنی سێنارێو و تۆمەت بۆ بەندکراوان هەیە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ناکرێت باوەڕ بە دەزگای دادوەریی ئەو ڕێژیمە بکرێت.

ئەلیاسی باسی لەوەش کرد که؛ بە تایبەتی لە کوردستان، ڕێژیمی ئێران بۆخۆی ئاسانکاری بۆ بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەکات، و زۆر جار دژبەرانی سیاسیش بەو تۆمەتانە و هێندێک تۆمەتی دیکە، لەسێدارە دەدات. یارمەتیدان و کارئاسانی کردن بۆ توندڕەویی مەزهەبیش لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، شتێکی شاراوە نیە بۆ خەڵکی کوردستان، کەچی هێندێک لەو کەسانەی کە لەم دواییانەدا لەسێدارە دران، تۆمەتەکانیان توندڕەویی مەزهەبی ڕاگەیاندراوە. بۆیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەریەتی کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و پرسی لەسێدارەدان لەو وڵاتەدا بە جیددی بگرێت.