کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن دێهقان: ڕووسیە ئەمەگ‌ نەناسی کرد

17:41 - 1 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: حوسێن دێهقان وەزیری بەرگریی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران باسی لەوە کرد کە ڕووسیه ئەمەگ نەناسی کردووە.

وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کاناڵی دوو، باسی لەوە کرد کە ڕووسیه بە ئاشکراکردنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی خۆی لە پایگای هەوایی نۆژەی هەمەدان ئەمەگ نەناسی کردووە و ڕەخنەی لەو کارەی وڵاتی ڕووسیه گرتووە.

نابراو لەو دیمانە تەلەفزیۆنییەدا باسی لەوە کردووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیه لە پایگای هەوایی هەمەدان تەنیا بۆ سوخت گیری حوزووریان هەبووە و ڕووسەکان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ئەمەگ نەناسیان کردووە.

ئەو بەپرسەی ڕێژیمی ئێران هەروەها گوتی کە ئێمە هیچ نووسراوەیەکمان سەبارەت بە حوزووری فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیه لە هەمەدان واژۆ نەکردووە.

ئەو گوتانەی حوسین دێهقان لە کاتێک دایە کە پێشتر گوتبووی تا هەر کاتێک پێویست بێت پایگای نۆژە لە ئیختیار ڕووسیه دادەنێین و ئەوەش پێوەندی بە مەجلیسەوە نییە و بڕیای نیزامە.

هەروەها هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، بڵاویان کردەوە کە حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، لە پرێس‌کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کردووە کە، پرسی پایگای هەوایی نۆژەی هەمەدان پێوەندی بە مەجلیسەوە نیه.
بەپێی ئەسلی ١٤٦ی یاسای بنەڕەتی ئێران، کە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەسند کراوە، هیچ وڵاتێکی بیانی ناتوانیت لە ئێران پایگای سەربازی، تەنانەت ئەگەر بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەش بێت، جێگیر بکات.

کەڵک‌وەرگرتنی ڕووسیه لە پایگای هەوایی نۆژەی هەمەدان، لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، بەردوام باس لە سەربەخۆیی ئێران و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکەن و لە ڕابردووش‌دا ڕەخنەیان لە ڕێژیمی پاشایەتی دەگرت، کە دەست‌نیشاندەی بێگانەکانه و ئێستاش بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە خۆیان بوونەتە ئاڵقەلەگوێ و دەست‌نیشاندەی وڵاتی ڕووسیه.