کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧١ـەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە دانمارک پیرۆز کرا

17:46 - 1 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧١ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵبۆرگی وڵاتی دانمارک بە ئاهەنگێکی پڕ شکۆ پیرۆز کرا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک ئاهەنگێکی بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی دانمارک بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی ٧١ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پێک هێنا.

سەرەتای ئاهەنگەکە بە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی ڕاسانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک لە لایەن کاووس عەزیزی خوێندرایەوە؛ دواتریش پەیامی پیرۆزبایی ئەم لایەنانە پێشکەش بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان، لێژنەی ناوچەی ئالبۆرگ
ـ یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان، کەرتی ڕێکخستنی ئالبۆرگ
ـ پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) دانمارک
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان . دانمارک
ـ سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران –کۆمەڵە. دانمارک
ـ یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لقی ئالبۆرگ
ـ ماڵی کورد لە ئالبۆرگ

پێویست بە ئاماژەپێدانە کە لە هەمووی ئەم پەیام و برووسکانەدا وێڕای پیرۆزبایی کردنی ٧١ـەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماژەیان بە ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ٧١ ساڵی ڕابردوو لە نێو بزاڤی نەتەوەی کورددا کردبوو و بەرزیان نرخاندبوو.

هەروها پەخشانێک لە لایەن ئافاق خانم بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پێشکەش کرا.

دوا بەشی ئەو ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.