کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنە یان تۆمەت؟

22:18 - 1 خەرمانان 2716

کەریم پەرویزی

لە کۆمەڵگای مرۆییدا، هەر کردەوە و هەڵسوکەوتێکی مرۆڤ، دەتوانێ جێگای پرسیار و لێوردبوونەوە و ڕەخنەی مرۆڤەکانی دیکە بێ. لە ڕاستیدا بەو پێیەی کە هەر وتە و هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەتوانێ نیشاندانی ڕێگایەک بێ بۆ مرۆڤەکانی دیکە، کە چاوی لێ بکەن و پێڕەوی بکەن، دەتوانێ لە سەر ژیان و بیرکردنەوەی ئەوان کاریگەری دابنێ، بۆیە مافی مرۆڤەکانی دیکەیە کە پرسیار لەو هەڵسوکەوتە یان وتەیە بکەن و ڕەخنەی لێ بگرن.

ئەم باسە کە دێتە نێو کۆمەڵگا و لە ئاستێکی گەورەتردا کردەوە و سیاسەت و لێدوانەکانی گرووپ و حیزبەکان، ڕۆڵی زیاتریان لە ژیانی تاکەکان هەیە و هەر بەو پێیەش مافی تاک و گرووپ و حیزبەکانی دیکەیە کە ڕەخنە لەو سیاسەت و کردەوانەی حیزبەکانیتر بگرن.

بەم پێیە ڕاسانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە لە گوتار و دیسکۆرسی حیزبی دێموکراتدا جێگەیەکی تایبەت و دیاری هەیە، و سیاسەتی ئەم حیزبە ئەوەیە کە هەموو گرووپ و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو دیاردە نوێیە کە خۆی بە ناوی راسان پێناسە دەکا، جێگەیان ببێتەوە و دەوری تێدا بگێڕن. هەر بۆیەی مافی هەموو تاکەکانی کوردستان و هەموو گرووپەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت هەموو تاک و گرووپەکانی ئێران و هەر حیزب و لایەنێکی سیاسی لە هەموو بەشەکانی کوردستانیشە کە پرسیاریان لە گوتاری ڕاسان هەبێ، و ڕەخنە لە سیاسەت و کردەوەکانی حیزبی دێموکرات بگرن. چوونکە ئەم سیاسەت و کردەوەیە، ئەوەندە کاریگەریی لە سەر ژیان و سیاسەت لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستاندا هەبووە و تا ئەو ئاستە جێگای دیارە، کە ڕێژیمی تاران دوای چەندین دەیە چەواشەکاری، لە ژێر ناوی سەربەخۆبوون لە پۆلێنبەندییە جیهانییەکان، ئێستا بە ڕاشکاوی بۆتە کۆلۆنی و موستەعمەرەیەکی مۆسکۆ و پایەگای نیزامی دەدا بە ڕووسیە، لە هەمەدانی تەنیشت کوردستاندا.

بە ڕادەی کاریگەریی سیاسەتێک لەسەر تاکەکان و گرووپەکان و گشتیەتی کۆمەڵگا، ئەوانیش مافی پرسیار و ڕەخنەیان هەیە، بەڵام ئەو مافە هیچ کات نابێ بەو شیوازە لێک بدرێتەوە کە هەر گرووپ و تاکێک لەگەڵ سیاستێکدا ناتەبا بوو، یان لە سیاستێک تێنەگەیشت و لێی حاڵی نەبوو، ئیتر مافی ئەوەی هەیە سووکایەتیی پی بکا و تۆمەتی بۆ هەڵ ببەستێ.

بەداخەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سنووری ڕەخنە و تۆمەت هەڵبەستن زۆرجار تێکەڵ دەکرێن و بە فرتوفێڵێکی سادە و ساکار کە هەموو کەس لێی تێدەگەن، لە ژێر ناوی ڕێگادان بە ئازادیی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن، تۆمەت بۆ سیاسەت و کردارێکی سیاسی هەڵدەبەستن کە بەداخترەوە، زۆر جار سەرچاوەی ئەو تۆمەت هەڵبەستنانە، دوژمنانی گەل و دەسەڵاتە سەرەڕۆکانی حاکم بوون و هەن، و زۆر نەزانانە لەلایەن هەندێک کەسەوە دووپات دەبنەوە، کە ڕەنگە خۆیان زۆر زیرەکتر و وشیارتر لەوەی بزانن کە وەداوی چەواشەکاریی دوژمن بکەون.