کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنیستیتۆی مێری سێمینارێکی بو مستەفا هیجری بەڕێوه برد

23:53 - 1 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: ئەنیستیتۆی مێری (MERI) لە شاری هەولێر، سێمینارێکی بۆ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران پێک هێنا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۱ی خەرمانانی ۱۳۹٥ی هەتاوی، ئەنیستیتۆی مێری، سێمینارێکی بۆ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر، لەژێر ناوی دەرفەت و ئاستەنگەگان لە هۆڵی کۆبوونەوەی ئەو ئەنیستیتۆیه پێک هێنا.

ئەو سێمیناره له شاری هەولێر به بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاکادیمیسیەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور، ڕۆژنامەوان و هەواڵنێر بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای سێمینارەکەدا، سەرۆکی ئەنیستیتۆ، دوکتور دلاوەر عەلائەدین باسێکی لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشکەش کرد.

تەوەری سەرەکی لەو سێمینارەدا، پرسە پێوەندیدارەکان بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو.

پاشان مستەفا هیجری، باسێکی لە سەر کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ناوبراو هەروەها ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم خەبات و دەرفەتەکانی خەباتی شی کردەوە.

هیجری سەرەتا باسی لە خەباتی ۲۰ ساڵی ڕابردووی حدکا کرد؛ کە بە هۆی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، شێوەی خەباتی چەکدارییان ڕاگرتووە.

بەڵام ئێستا چوونکه ڕێژیمی ئێران هیچ ژینگەیەکی ئەمنیەتیی بۆ خەڵکی کوردستان نەهێشتووەتەوە، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دوای خوێندنەوەیەکی قووڵ، بەو ئاکامە گەیشت کە؛ هێزی پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی وڵات.

هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە؛ ڕێژیمی ئێران مافی کورد نادات و باوەڕی پێی نیه. بۆیه دەبێ گوشار بۆ ئەو ڕێژیمە بهێنرێت کە دان بە مافی کورددا بنیێت، و لەو پێوەندییەش‌دا دەبێ هەموو خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات بکەن.

هەروەها هیجری لەو سێمینارەدا باسی لەوە کرد کە بەشی زۆری ئەو چالاکییانە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە، چاڵاکیی خودی خەڵکی کوردستان بوونە و یارمەتی پێشمەرگەیان داوە.

مستەفا هیجری لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی دایە ئەوەی کە؛ هەتا کۆماری ئیسلامی مابێ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.