کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو

19:11 - 2 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: جێژنی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەکانی ڤێسترۆس، ئۆڕۆبرۆ و ئیسکیلستونای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنان، لاوان و ناوەندی یەکیەتیی کوردان لە وڵاتی سوید، و بە بەشداریی نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، و هەروەها کوردانی دانیشتووی ئەو سێ شارە، و دەوروبەری، جێژنێکی بەشکۆیان لە شاری ڤێسترۆس بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لە لایەن کۆڕی یەکیەتیی لاوان و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاک و سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان دەستی پێکرد و بە داگیرساندنی ٧١ مۆم، بە بۆنەی ٧١ساڵەی تەمەنی حیزبی دێموکرات، لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤێسترۆس بەردەوام بوو.

پاشان پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی ڤێسترۆس، ئیسکیلستونا، ئورۆبرۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری ڤێسترۆس بەڕێز عەزیز مورادپەرەستەوە خوێنرایەوە. پەیامەکە چەندین تەوەری پەیوەست بە کوردستان، ناوچەکانی دەوروبەر و هەروەها هەستانەوەی حیزبی دێموکرات و ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لەخۆ گرت بوو.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای باس کردن لە بەستێنەکانی پێکهاتن و دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات، ئاماژەی بە ڕێگا چارەی سیاسیی ئەو دەمی کێشەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پرسە پێوەندیدارەکان بە دێموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، لە سەرانسەری ئێراندا کردبوو. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا، ئیشارە بە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، کێشە و پرسە نەتەوایەتییەکان لە ئێران، دەسڵاتی دیکتاتۆری و سیستمی چەند هەزار ساڵەی پاشایەتی و داگیرکەری لەو هەرێمە و دەوروبەریدا، کرابوو.
مورادپەرست لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتی؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر ڕێبەریی د. قاسملووی نەمردا، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، نەک تەنها ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی گەلی کوردی لە کوردستانی رۆژهەڵات دەکرد، بەڵکوو بە بەرنامەیەکی درێژەخایەن و سیاسەتێکی سەردەمییانە، خەباتی دژی کۆماری ئیسلامی لە پێناو دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە، بۆ بەدیهێنانی مافی نەتەوایەتیی نەتەوە ژیردەستەکانی ئێران، گرتبووە بەر.

عەزیز مورادپەرەست، لە بڕگەیەکی دیکەی پەیامەکەیدا وێرای ئاماژەکردن بە سیاسەت و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا، تیشکی خستەسەر ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و وتی، ڕاسان سەرەتایەکە بۆ گۆڕینی پارسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژیانەوەی دووبارەی گەلێکی داگیرکراو و سەرکوت کراو لەو بەشەی کوردستاندا.

هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ناوبراو گوتی، ناکرێ ڕاسانی ڕۆژهەڵات تەنیا وەک بزاڤێکی چەکداری ببیندرێ، و لەو چوارچێوەیەدا تەسک بکرێتەوە.
ڕاسان تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی و بزاڤێکی چەکداری بۆ خۆدۆزینەوەی حیزبی دێموکرات نییە. ڕاسان هەڵقوڵاوی ناخی خەڵکی کوردە لە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتیش بڕیاری داوە خەباتی شاخ بە شارەوە گرێ بدا، و تا گەیشتن بە مافەڕەواکانی کورد، ئەو خەباتە هەر بەردەوام دەبێت.

لە کۆتایی پەیامەکەدا مورادپەرست بەم شێوەیە وەسفی ڕاسانی کرد:
ڕاسان یانی ڕاسانەوەی مرۆڤی کورد بەرانبەر بە هەستی خۆبەدەستەوەدان، ڕاوەستان بەرانبەر کولتوور و نەریتە کۆنەپەرەستانەکان، هەستانەوە بەرامبەر زوڵم و ستەمی چینایەتی و مرۆڤایەتی و چەوسانەوە و ستەمکاری، ڕاسان دەبێ بکرێتە بزاڤێک بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ فەلسەفەی وجوودیی خۆی، ڕاسان زیندووکەرەوەی کەرامەتی ئینسانی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕاسان درێژەی کاری بەنەتەوەبوونە، بەهێزکردنی بایەخە مرۆڤدۆستانە و هوومانیستیەکانی جۆڵانەوەی نەتەوایەتی کوردە، ڕاسان لێوانلێوە لە هەستی یەکسانی خوازی و فەلسەفەی مرۆیی و پێکەوە ژیان.

پاشان پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوان، یەکیەتی ژنان و ناوەندی یەکیەتیی کوردان، لە لایەن ئاواز مەولانییەوە خوێندرایەوە.
هەروەها پەخشانێک بە ناوی ٧١ ساڵە لە لایەن سابیر ڕەحمانپووڕەوە خوێندرایەوە.

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا، چەندین هۆنراوە، لە لایەن ئارەزوو حیسامییەوە پێشکەش کران.

پەیامی لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لەو مەراسمە بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی سوید
ـ یەکیەتیی نشتیمانیی کوردستان لە سوید
ـ نوێنەرایەتی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە دەرەوەی وڵات
ـ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەنجۆمەنی وڵاتی سوید بازنەی ڤێسترۆس
ـ برووسکەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە
ـ‌ برووسکەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە، کومیتەی سوید(ئە.نە.کە.سە)
ـ برووسکەی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە ئەلپارتی، نوێنەرایەتی سوید
ـ برووسکەی حیزبی شیوعی کوردستان سوید
ـ برووسکەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید
ـ برووسکەی پیرۆزبایی بەڕێز باباعەلی مێهرپەروەر، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ برووسکەی کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێسترۆس
ـ برووسکەی کۆمەڵەی کوردی ئێسکلیستۆنا

کوتایی مەڕاسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربوان کۆتایی پێهات.