کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

غەسان شەربڵ: ئێران قبووڵی ناكات كوردی ئێران دۆخێكی هاوشێوەی كوردانی عێراقیان هەبێت

19:21 - 2 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: غەسان شەربڵ، نووسەری ناوداری عەرەب، لە وتارێکدا باسی لەوە کردوە کە؛ ئێران ئەوە قبووڵ ناكات كوردی ئێران، دۆخێكی هاوشێوەی كوردانی عێراقیان هەبێت، و ئێران شێواندنی هەرێمی كوردستان بەچارەسەر دەزانێت.

غەسان شەربڵ، نووسەری ناوداری عەرەب و سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ئەلحەیات)، لە وتارێكیدا بەرگری لە مافی نەتەوەیی كوردان دەكات و باس لەوە دەکات که؛ ناکرێ تاهەتایە چوار دەوڵەتەكەی ناوچەكە، دژی كورد بوەستنەوە و سەركوتیان بكەن.

شەربڵ لەو وتارەدا نووسیویەتی، لە نێوان ئانکارا، تاران، بەغدا و دەمشق‌دا، بەرژەوەندیی زۆر و كۆنەقینیش هەن، بەڵام تا ئێستە تاكە بەندی هاوبەشی نێوانیان، ترسیانە لەوەی كورد دەست بەخەونی لەمێژینەیانەوە بگرن.

ئەو نووسەرە لوبنانیە لە بەشێکی ئەو تارەدا، باس لە کوردانی ئێران دەکات و نوسیوویەتی؛ ئێران لەلای خۆیەوە بەردەوامە لە بچووك کردنەوەی ڕۆڵی كوردان، و ئەوە قبووڵ ناكات كوردی ئێران دۆخێكی هاوشێوەی كوردانی عێراقیان هەبێت.

هەروەها دەڵێت؛ لەو كاتەدا کە خومەینی سەركەوت، شاندێكی كوردی سەردانیان كرد، و باسی مافی كوردیان بۆ كرد، ئەویش گوتی؛ كێشەیەك بوونی نیە بەنێوی كێشەی كورد، شۆڕشەكە ئیسلامییە. بەڵام شۆڕشەكەی خومەینی كێشەی كوردانی چارەسەر نەكرد.

هەروەها باسی لەوە کردووە كە ئێران بەرژەوەندییەكی ڕاستەقینەی هەیە بۆ لەناوبردنی خەونی كوردانی سووریه. سووریەی فیدڕاڵ وا دەكات ئێران نەحەسێتەوە.

شەربڵ لەو وتارەدا دەڵێت پێدەچێ ڕووبارێكی درێژی خوێن و توندوتیژی بەڕێوەبێ، لەبەرئەوەی هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ كورد، وەك مینێكی چێندراو لەنێو نەقشەی ناوچەكەدا، پێشبینی شەڕ و لێكترازانی زیاتر لەگەڵ خۆی دێنێ. ناتواندرێ دۆخی كوردانی سووریە بگەڕێندرێتەوە بۆ دۆخی پێنج ساڵ لەمەوبەر. ناتواندرێ تاهەتایە ڕاوەدووی كوردانی توركیە بنرێت. كێشەی كوردانی ئێرانیش بەتێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستانی عێراق چارەسەر نابێت.

شەربڵ لە كۆتاییدا دەڵێت ڕەتكردنەوەی دان پێدانان بەمافی جیاوازبوونی كوردان، كارەساتێكە تەنها بەسەر كورداندا ناشكێتەوە.