کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوئاهەنگێک بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

19:28 - 2 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: به بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی نۆروێژ شەوئاهەنگێک بەڕێوە چوو.

بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و ڕەوەندی کوردی لە نۆروێژ، لە ئێوارە شەوێکی کوردیدا لە ساڵۆنی شیسمۆکۆرشە، لە نزیکی ئۆسلۆ، لەدەوری یەک کۆبوونەوە.

بەشدارانی ئەو شەوئاهەنگە کوردیە بە غرور و شانازییەکی گەورەوە، بە دڵێکی پڕ لە ئیرادەی سووربوون لەسەر بردنەپێشی خەبات و بەربەرەکانێ، بە جل‌وبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردییەوە، لەدەوری یەکتر کۆبوونەوە، و وێڕای یادکردنەوەی دامەزرانی حیزبە پێشڕەوەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەوێکی خۆش و پڕ لە خۆشەویستی، دۆستایەتی، برایەتی و هاوخەباتییان، بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی پێکەوە بردەسەر.

بەشدارانی ئەو شەوئاهەنگە، بەوجۆرە نیشانیان‌دا کە لە کولتووری ئێمە و فەرهەنگی خەباتگێڕانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نەتەوەی کورددا، ژیان و خەبات هاوتەریبن. پێویستە بگوترێ کە؛ تەواوی داهاتی ئەو شەوە کوردییە، بۆ یارمەتیدان بە بردنەپێشی خەبات و تێکۆشان لەنێوخۆی کوردستاندا و بۆ یارمەتی بە ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەرخان کرابوو.

هونەرمەندە بەشدارەکان، خۆبەخشانە لەو جەژنەدا بەشدار بوون.

بەشداریی ئەوان و خەڵکەکە لەو شەوەکوردیەدا لەگەڵ ئەوەدا کە پشتیوانی لە ئامانجە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات بوو، یارمەتیی ڕاستەوخۆش بوو بە ڕاسانی حیزبەکەمان بە دژی سەرەڕۆیی و ئیستبدادی ڕەشی مەزهەبی لە ئێراندا بەگشتی، و لە کوردستاندا بەتایبەتی. شایانی باسە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لەو شەوئاهەنگەدا، حزوورێکی بەرچاویان هەبوو.

کۆمیتەی هاوکاریی هێزەکوردستانییەکان پەیامێکی پڕنێوەرۆکی بەدیفاع لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرد، کە لەلایەن ئومید محەممەد، نوێنەری کۆمیتەی هاوکارییەوە خوێنرایەوە.
لەو شەوئاهەنگەدا، چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامیان پێشکەش کرد:
ـ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی
ـ پارتی سەربەستی
ـ ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران