کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ شاری یاری لە پارێزگای کرماشان داخران

23:08 - 2 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری گشتیی ستانداردی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا، ٨ شاری یاری لەو پارێزگایە داخراوە و بڕیاریشە لە شارەکانی شائاباد و داڵاهۆ، دوو شاری یاریی دیکەش دابخرێن.

مەحموودڕەزا نیازی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم، ئاماژەی بە پێویستیی حاشاهەڵنەگری دڵنیایی لە شاری یارییەکان و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ تەندروستیی ڕۆحی و جیسمی منداڵان کرد، و ڕایگەیاند؛ لە ڕاستای ئەرکی ڕێکخراوەیی ئیدارەی گشتی، بۆ چاوەدێری لە سەر چڵۆنایەتی و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری، بە مەبەستی پاراستنی مافی هاووڵاتییان و پێشگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، ٨ شاری یارییان لە پارێزگای کرماشان داخستووە.

ئەو بەرپرسە لە درێژەی وتوێژەکەیدا دەڵێ؛ هەر لەو پەیوەندییەدا، داخستنی دوو شاری یاریی دیکە لە دوو شاری دیکەی ئەو پارێزگایەش، لە دەستوری کاردایە.

ناوبراو، داخستنی شاری یارییەکانی بۆ کۆن و ناستاندارد بوونی کەرەستەی یارییەکان گەڕاندەوە.

ڕەزا نیازی ئەوەشی خستەڕوو کە؛ لە زستانی ساڵی پارەوە، کارناسانی ئەو ئێدارەیە بە هەستیاریی تەواوەوە، باس لە دانانی کەرەستەی ستانداردی شاری یارییەکان دەکەن، و داوایان لە خاوەن، و خاوەن پشکەکانی شاری یارییەکانی پارێزگاکە دەکەن کە؛ بۆ ستاندارد کردنی کەرەستەی یارییەکان هەوڵ بدەن، ئەگینا لەگەڵ داخستنی شاری یارییەکان ڕووبەڕوو دەبنەوە.