کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە بنكە سەربازییەكانی دیكەی ئێرانیش بە كار دەهێنێت

17:31 - 3 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: سەرەڕای بنكەی ئاسمانیی نووژە، ڕووسیە بنكە سەربازییەكانی دیكەی ڕێژیمی ئێرانیش بە كار دەهێنێت.

هەواڵدەریی ڕووسیی ئینترفاكس بەپێی گێڕانەوەی سەرچاوەیەك لە ئێرانەوە ئاشكرای كرد ڕاگرتنی چالاكیی هێزەكانی ڕووسیە لە بنكەی ئاسمانیی نووژەی هەمەدان بە واتای ئاڵۆگۆڕ لە هەڵوێستی تاراندا بۆ هاوكاریكردنی ڕووسیە نیە و تاران تەنانەت ئامادەیە ناوەندە سەربازییەكانی دیكەشی بخاتە خزمەت ڕووسیە.

ئینترفاكس هەروەها ڕایگەیاند كەڵك وەرگرتن لە بنكەی نووژە بە شێوەی یەكلایەنە و ئەوەش بە بڕیاری ڕووسیە ڕاگیراوە و ئەوە بەو واتایە نیە كە ئێران ڕووسیەی ناچار كردبێت كە بە پەلە كۆتایی بە هێرشەكانی لەو بنكەیەوە بهێنێت یان ئاڵۆگۆڕێك بە سەر بڕیاری خۆی لەو پێوەندییەدا بهێنێت.

هاوكات عەلی لاریجانی، سەرۆكی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانیش لە وەڵامی نوێنەرێكی مەجلیسدا كە داوای لێكۆڵینەوەی لەمەڕ كەڵكوەرگرتنی فڕۆكە ڕووسییەكان لە بنكەی سەربازیی هەمەدان كردبوو، ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیە لەو بنكەیەوە، ڕانەگیراون و هێشتا درێژەیان هەیە.

ئەوە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی سێ‌شەممە ٢ی خەرمانان، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو فڕینی فڕۆكە ڕووسیەكان لە بنكەی نووژەی هەمەدانەوە كۆتایی هاتووە.

سێ رۆژ لەمەوپێش، پاسدار سەرتیپ حوسەین دیهقان، وەزیری بەناو بەرگریی ڕێژیمی ئێران گوتبووی كەڵكوەرگرتنی فڕۆكە ڕووسییەكان لە بنكەی ئاسمانیی نووژە هیچ پێوەندییەكی بە مەجلیسەوە نیە. ناوبراو هەروەها بە هۆی ئاشكراكردنی هەواڵی كەڵكوەرگرتن لە بنكەی نووژەی هەمەدان، ڕەخنەی لە ڕووسیە گرتبوو.