کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی میسری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران دەستبەسەر کرا

17:33 - 3 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی میسری بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و سیخوڕی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی عەرەبستانی سعوودییەوە دەستبەسەر کرا.


ڕۆژنامەی \'\'عکاظ\'\'ی عەرەبستان بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییەکی میسری بە تاوانی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران دەستبەسەر، و بە زیندان مەحکووم کراوە.

ئەو هاووڵاتییە میسرییە، دەستی بە بەڵگەیەکی نیزامی گەیشتووە، کە لەو بەڵگە نیزامییەدا، وردەکارییەکانی بزووتنەوە و ناوی هێزەکانی سعوودی تێدا بووە.

ئەو بەڵگە نیزامییە، لە ڕێگای ئیمەیلەوە بۆ باڵوێزخانەی ئێران لە لوبنان نێردراوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە میسرییە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ڕۆژنامەی عکاظ باسی لەوە کردووە کە؛ ناوبراو هەوڵی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سەرپێچی لە یاساکانی کار لە سعوودی، و پێوەندی لەگەڵ جادووگەرێک بۆ تەلیسم‌کردنی سەرۆکی خۆی، سەرجەم بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت وڵاتانی کەنداو، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەیان تاوانبار کردووە، و ئەمەش بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە.