کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە بڵژیک بەڕێوە چوو

17:43 - 3 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧١ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری گێنتی وڵاتی بلژیک سێمینارێک لە سێ تەوەری تایبەتدا بەڕێوە چوو.

بە مەبەستی بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی ٧١ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بڵژیک، سێمینارێکی تایبەتی بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانییەکان و بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە بڵژیک، لە سێ تەوەری جیاوازدا، بۆ هەر یەک لە عەبدولڕەزا کەریمی، عەلی ئەشرەف مورادی و کاوە ئاهەنگەری پێک هێنا.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی ڕاسانی کوردستانی خۆرهەڵات دەستی پێکرد.

لە تەوەری یەکەمی سێمینارەکەدا، عەلی ئەشرەف مورادی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، پەیامی حیزبی دێموکرات و بەتایبەت کۆمیتەی بڵژیکی حیزبی دێموکراتی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

مورادی وێڕای بەخێرهاتن کردنی بەشداران و نوێنەرانی پارتە کورستانییەکان، پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژی لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کرد.

دواتر لە باسەکەیدا ئاوڕی لە تایبەتمەندییەکانی حیزبی دێموکرات دایەوە بە هەموو هەوراز و نشێوەکانی ٧١ ساڵ خەباتی تا ئەمرۆ. ئەو ئەندامەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، یەکگرتن و هاوخابەتیی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بۆ خەباتێکی جیددی لە جۆری ڕاسانی نویی حیزب بە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو پێویستییەکی مێژوویی زانی لەم قۆناغە هەستیارەدا، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گرتۆتەوە.

پانێلی دووهەمی سێمینارەکە تایبەت کرابوو بۆ عەبدولڕەزا کەریمی، کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات و پسپۆر لە بواری مێژوو، کە ناوبراو بە زاراوەی جوانی کەلهووڕی بابەتەکەی لە ژێر ناوی حیزبی دێموکرات، ڕابردوو، ئیستا و داهاتوو، پیشکەش کرد.

کەریمی بە وردی تیشکی خستە سەر هەموو ئەو فاکتەرە سیاسی، مێژوویی، کۆمەڵایەتییانەی ٧١ ساڵ خەباتی حیزبی دێموکرات پێناسە دەکەن، کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ئازادیخوازانە، نەتەوەیی و دێموکراتیکی‌دا سەربەرز بووە.

دوای پێشکەش کردنی باسەکەی پانێلی دووهەم، کۆڕی مۆسیقای کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بڵژیک، سروودی بەرە و ئاسۆ و هەروەها چەند گۆرانیی شۆڕشگێرانەیان بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

پانێلی سێهەمی سێمیناری ٢٥ی گەلاوێژ لە بڵژیک، لە لایەن کاوە ئاهەنگەری سەبارەت بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات، پێشکەش کرا.

ئاهەنگەری وێڕای ئاماژەدان بە تایبەتمەندی و هۆکارەکانی ڕاسانەوەی حیزبی دێموکرات، باسی لە کاردانەوەکانی ڕاسانی لە ئاستی نێوخۆی کوردستان، ناوچە و نێونەتەوەیی‌دا کرد.

ناوبراو دواتر په‌رژایه‌ سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی که له لایه‌ن که‌سایه‌تی، حیزب و ڕێکخراوە ئێرانی و کوردستانیەکانه‌وه سەبارەت بە دەست‌پێکردنی ڕاسان لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە هاتنه‌ ئاراوه. ئاهەنگەری ئەو چوار ڕەخنە بنەڕەتیە، کە لە حیزبی دێموکرات دەگیرێنی، بەم جەشنەی خوارەوە دەستنیشان کرد و دواتر پەرژایە سەر شرۆڤەی ئەو چوار ڕەخنەیە:

١ـ بۆچی حدکا به ته‌نیا ڕاسانی ده‌ست پێکردۆته‌وه؟ ٢- له ڕوانگه‌ی حدکاوه چ شتێک گۆڕاوه که هۆکار و پێویستیی هاتنه‌ئارای ڕاسان بێت؟ ٣- خه‌باتی چه‌کداری و شه‌ڕ هیچ یارمه‌تییه‌ک به دامه‌زراندن و نه‌هادینه‌بوونی دێموکراسی و دێموکراتیزاسیۆنی وڵات نادات؟ ٤- تێچووی ڕاسان به نیسبه‌ت ده‌ستکه‌وته‌کانی زۆره.

ئاهه‌نگه‌ری له وەڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌دا وتی؛ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی به‌ ئێمه ده‌ڵێ که؛ هه‌ر حیزبێک بۆخۆی بڕیار له سه‌ر پلانی خەباتی خۆی ده‌دات، حیزبێکی ٧١ ساڵه که کۆنگره ده‌گرێ و رێبه‌ریی هه‌ڵده‌بژێرێ، پێویستی و چه‌ند و چوونی خه‌باتی خۆی دیاری ده‌کات .

سه‌باره‌ت به خه‌باتی چه‌کدارییش وتی؛ ئێمه له جه‌‌هه‌ننه‌می دنیا به نێوی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌ژین، و به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆکه چه‌ک بڕیارده‌ره. ئه‌گه‌ر له ئێران دێموکراسی پیاده کرابا، ڕێز له مافی نه‌ته‌وایه‌تی کورد گیرابا، و کورد وه‌ک خۆی له ئیداره‌ی وڵاتدا به‌شداریی هه‌بایه، نه چه‌ک پێویست بوو، نه شه‌ڕ ده‌هاته ئاراوه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌وه کورد ٧٠ ساڵ پێش، یه‌که‌م حکوومه‌تی سێکۆلار- دێموکراتی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دامه‌زراندووه و هه‌موو به‌ها مرۆییه‌کانی به کرده‌وه ڕه‌چاو کردووه، که‌چی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه له‌گه‌ڵ دێموکراسی یان بێگانه بوون، یان دژایه‌تیان کردووه. سه‌باره‌ت به هێزه‌کانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان وتی، ڕه‌وا نیه که هێزی پێشمه‌رگه له باشوور له هه‌مبه‌ر داعشی سووننه‌ به چه‌ک به‌رگری له کیانی کورد ده‌کات، به‌ڵام کورد له ڕۆژهه‌ڵات بۆی نه‌بێ که له به‌رانبه‌ر داعیشی شیعه به‌رگری له خۆی بکات؟!

له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا هاورێ کاوه وتی، چۆنێتی ڕوانین به فه‌لسه‌فه‌ی وجودیی حیزبی دێموکرات، زۆربه‌ی ئه‌م ڕه‌خنانه‌ وەڵام ده‌داته‌وه، حیزبی دێموکرات نموونه‌یه‌که له ده‌وڵه‌تمه‌داری و باس له چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کات، و به شێوه‌ی مێژووییش ئه‌وه حیزبی دێموکراته که ڕابه‌رایه‌تی و خاوه‌ندارێتی شۆڕشی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له ئێرانی کردووه.

سه‌باره‌ت به تێچووی قۆناغی ڕاسانیش ئاهه‌نگه‌ری وتی؛ له بیست ساڵی ڕابردوودا هیچ کات به قه‌ده‌ر ئه‌م چه‌ند مانگه که‌یسی کورد له ئاستی ئێران، ناوچه‌ و جیهاندا ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بووه. ئه‌وه‌ش پێویسته بلێین که له کاتی ڕێبه‌ریی سێ رێبه‌ری گه‌وره‌ی کورد پیشه‌وا، قاسملوو و شه‌ڕه‌فکه‌ندی، زیاترین تێچوومان هه‌بووه، و نه‌ته‌نیا شانازییان پێوه ده‌که‌ین، به‌ڵکوو له‌ ڕێبه‌ری شه‌هیدمانه‌وه دوکتور قاسملووه‌ فێر بووین که؛ ئازادی نرخی ده‌وێ.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری سێمیناردا، لە ساڵیادی دامەزرانی‌دا، ٧١ـەمین مۆمی تەمەنی حیزبی دێموکرات، لە لایەنناسکە نەسیرزادە، ئەندامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بڵژیک داگیرسێندرا، و ناوبراو داوای چالاکتربوونی ژنانی کوردی کرد لە بلژیک، بۆ پەیوەست بوونیان بە کار و باری سیاسی، کۆمەڵایەتی و حقووقی و یەکسانی‌خوازی.

لە کۆتاییدا نوێنەرانی بەشدار لە سمینار، پیرۆزبایی ٧١ـەەمین ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد، و دواجار سێمینارەکە بە پێشکەش‌کردنی چەند گۆڕانیی تایبەت کۆتایی پێهات.