کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەکارم شیرازی: تێلگرام پەرە بە پەیوەندیی ناڕەوای مەحارم دەدات

22:47 - 3 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: مەکارمی شیرازی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاند: تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرام پەیوەندیی ناڕەوا لەگەڵ محارم پەرەپێ دەدات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئایەتوڵڵا مەکارمی شیرازی، لە دیدارێکدا لەگەڵ مەحموود واعێزی، وەزیری پەیوەندییەکان گوتی؛ بەپێی ڕاپۆرتی کارناسان، ئەو کەسانەی کە ئەندامی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرامن، زانیارییەکانی خۆیان لە بەردەستی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دادنێن و بەوشێوە، ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دەتوانێ ڕووداوە جۆراوجۆرەکان ڕێکبخەن، وەک چۆن دوژمنان لە فیتنەی ساڵی ٨٨ی هەتاوی، توانییان هێزی خەڵک بۆ دژایەتیی نیزام ڕیکبخەن.

مەکارمی شیرازی ئیدعا دەکات کە بەرپرسانی ڕۆژئاوایی و عەرەبستانی سعوودی دزەیان کردووتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بەپێی زانیارییەکانی مەکارمی شیرازی، بەشێكی بەچاوی خەڵک لە ئێران، ڕۆژانە ٥ هەتا ٩ کاتژمێر لە سەر تێلگرامن و ئەوە لە کاتێکدایە کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە مانگێکدا ١٦ کاتژمێر لە تێلگرام کەڵک وەردەگرن.

بە وتەی ئەو مڕۆڤە سەرەتاییەی عصر حجر، زیاتر لە ٨٠% ی قوتابیان لە ئێران، کۆی دەرجەکانیان ١٢، یان کەمتر لەو دەرەجەیە. هۆکاری سەرەکی ئەو بابەتەشی بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەڕاندۆتەوە.

ناوبراو، بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و زانایانی ئایینی، بە یەکێک لە زیانەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرام زانی، و گوتی؛ تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلگرام ناسازگارییە ئیخلاقییەکان بە تایبەتی پەیوەندیی ناڕەوا لەگەڵ محارم پەرەپێدەدات.