کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھەیئەتێكی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموكرات سەردانی پارلمانی دانماركیان كرد

16:48 - 4 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: ھەیئەتێكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی ئەندامێكی پارلمانی دانمارکیان کرد و لەگەڵ نیكۆلای ویلوومسێن کۆبوونەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ٢ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ھەیئەتێكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی سەعید سوڵتانپوور، سەردانی نیكۆلای ویلوومسێن ئەندامی پارلمانی دانمارک سەر بە حیزبی یەكگرتوو Enhedslistی یان كرد.

لە سەرەتای ئەو دیدارەدا نیكۆلای ویلوومسێن وێڕای سپاسی گەرمی حیزبی دێموكرات لە سەر ھەنگاوە تازەكانی ئەو حیزبه و بە تایبەتی ڕاسان چەندین پرسیاری ئاراستەی نوێنەری حیزبی دێموکرات كرد كە لە لایەن سەعید سۆڵتانپوورەوە بە وردی وڵامی درایەوە.

پاشان نوێنەری حیزب لە سەر دوایین پێشھاتەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی پرسی كورد لە ھەر چوار بەشی كوردستان زانیاری بە نیكۆلای ویلوومسێن دا.

سۆڵتانپوور لە سەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و بارودۆخی نەتەوە بندەستەكانی ئێران و لە سێدارەدانی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد و باقی نەتەوەكانی ئێران زانیاری وردی پێشكەش بەم ئەندام پارلمانەی دانمارک كرد.

تەوەرێكی دیكەی ئەو چاوپێكەوتنە تەرخان كرابوو بۆ ڕەوشی پەنابەرانی كوردستانی ڕۆژھەڵات لە دانمارک و بە تایبەتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات لەو وڵاتە، كە نیكۆلای ویلوومسێن پشتیوانی خۆی لەو پەنابەرە سیاسییانە نیشاندا و تەئكیدی كردەوە كە مافی پەنابەری و ژیانێكی ئارام، مافی ئەو كەسانەیە و دەوڵەتی دانمارک دەبێ پشتیوانی لەو كەسانە بكات.

لە بەشی كۆتایی ئەو چاوپێكەوتنەدا نیكۆلای ویلوومسێن ئامادەیی خۆی بۆ سەردانی مەقەرەكانی حیزب لە سەر سنوورەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان نیشاندا و ھەروەھا ئامادەیی خۆی بۆ ھەر ھاوكاریەك نیشاندا و جەختی لە سەر كۆبوونەوەی زیاتر كردەوە.

نیكۆلای ویلوومسێن یەكێک لە دۆستانی نێزیكی جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد لە ھەموو بەشەكانی كوردستانە و لە ڕۆژانی تەنگانەدا یار و یاوەری نەتەوەی كورد و حیزبە كوردیەكان بووە.