کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ چارەسەرمانەوەی قەیرانی ئاو لە ئێران و گرانترکردنی لە خەڵکی بێدەرەتان

17:22 - 5 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ گرانترکردنی نرخی ئاو لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە گوندنشینانی زابۆل لە پارێزگای سیستان بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە ئاوی پیس تووشی چەندین جۆر نەخۆشی بوون.

لەحاڵێکدا کە بەرپرسانی حکومەتی لە ساڵی پێشووەوە بەردەوام بەڵێنیان دەدا کە ئاو گران ناکرێت، ڕێکەوتی ٣ی خەرمانان مەجلیسی ڕیژیمی ئێران بە بڕیارێک وەزارەتی وزەی ئەرکدار کرد کە لەڕێگەی کۆمپانیاکانی وەک ئابفا نرخی ئاوی خواردنەوە بۆ هەر ١ میتری چوارگۆشە ١٥ تمەن گران بکات.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پیسی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی بەرچاو لەو هەرێم و ناوچانەی کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا دەژین.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتوانی گوندەکانی زەهەک، حسەین ئاوای خاجە، گوڵخانی، ناسرئاوا و زیفا سەر بە شارستانی زابۆل لە پارێزگای سیستان بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە ئاوی پیس، لە ڕووی ناچاری و نەبوونی سەرچاوەی بەکەڵک بۆ خواردنەوەی ئاو، تووشی چەندین جۆر نەخۆشی ڕیخۆڵەیی بوون.

بەپێی دوایین زانیارییەکان زۆربەی دانیشتوانی پارێزگای سیستان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی کێشە و قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی هاتوون و دانیشتوانی گوندەکان ناچارن بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی خۆیان چەندین کیلۆمێتر ڕێگە ببڕن و سەرەڕای بەدواداچوونی خەڵک و دانی بەڵێنی بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە هیچ کام لە بەرپرسانی حکومەتی ئامادە نەبوون هەنگاوێکی هەرچەند بچووکیش بۆ ئەم مەسەلەیە هەڵبێننەوە.