کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگەی ستراتیژیی پاکستان

15:25 - 7 خەرمانان 2716

عومه‌ر ئیزه‌دخا

بەکالریۆس لە زانستە سیاسییه‌كان

گرنگیی ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگە ستراتیژییەی پاکستان هەیەتی، بەتایبەتی لایەنی سەربازی و هەروەها وەکو ناوچەیەکی جیۆستراتیژیی گرنگ بەنیسبەت ململانێ نێودەوڵەتیەکانەوە، هەروەها پێوەندییە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە و رۆڵی لە واقێعی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی توانا و جیۆپۆلیتیک و ستراتیژیی ئەو دەوڵەتە، راستیی ئەو پێگە ستراتیژییەمان بۆ دەردەکەوێت، هەرچەند پاکستان خاوەن کۆمەڵێک هه‌ڕه‌شه‌ی نێوخۆیی و دەرەکییە کە رۆڵ و پێگەی ئەو وڵاتەیان بەردەوام بەرەو لاوازی بردووە، لەهەمانکاتیشدا بەرووشاخانی وەک مەترسیی هیندستان و بوونی جۆرێک لە گەمە و کێبڕکێی هێز، ئەوا دەرەنجام بووەتە مایەی پێشکەوتن و فراوانبوونی توانا و ئامانجەکانی ئەو وڵاتە.

پاکستان دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئاسیا و پێتەختەکەی ئیسلام ئابادە، بەپێی دوایین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتوانه‌كه‌ی ١٩٣ میلیۆن کەسە و شەشەمین دەوڵەتە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانه‌وه‌ و یەکێکە لەو ناوچانەی کە چڕیی دانیشتوان زۆر بەرزە، خاکی ئەو وڵاتە لە باشووره‌وه‌ کەناراوەکانی دەریای عەرەبی و کەنداوی عەمان و لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنورە لەگەڵ هیندستان و لە رۆژئاوا لەگەڵ ئەفغانستان و لە باکووری رۆژئاوا لەگەڵ ئێران هاوسنورە و هەروەها لەگەڵ وڵاتی چین لە باکوری رۆژهەڵات و هاوبەشیی سنوری دەریایی لەگەڵ عەمان هەیە، زمانی (اردو) زمانی پاکستانی و هاوبەشی ئەو دەوڵەتەیە، بەڵام بەپێی دەستور ئینگلیزی زمانی فەرمی و زمانی بازرگانی و لەگەڵ ئەوەشدا پێگەیەکی تایبەت و تەواوکەری هەیە و لە بواری زانستی و ئەکادیمی و ناوەندەکانی زانکۆدا زیاتر بەکاردێت .

مێژووی پاکستان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ بەرلە زایین کە فارس و ئەسکەندەری مەکدوونی لەو ناوچەیە حوکمیان کردووە و دواتر لەلایەن موسڵمانانەوە فەتح کراوە و دینی ئیسلامی تێدا بڵاوکراوەتەوە، پاکستان لە ١٤ی ٨ی ١٩٤٧دا سەربەخۆیی بەدەستهێنا و لەژیرە قەڵەمڕەویی دەسەڵاتی بەریتانیا، کە محمدعەلی جناح بە دامەزرینەری دەوڵەتەکە دەناسرێ.

سیستمی سیاسی:

دەستوری پاکستان لە ساڵی ١٩٧٣ەوە دانراوە و لەسەردەمی حومی (زولفەقار عەلی بۆتۆ)دا نووسرایەوە و چەندین جار هەموار کراوە و یەکەم هەمواركردنی له‌ ساڵی ١٩٧٤دا و پاشان بۆ دوایینجار لە ساڵی ١٩٩٩دا هەموار کرایه‌وە، بەپێی ئەو دەستورەش سیستمی سیاسیی پاکستان بریتییە لە دێموکراسیی نوێنەرایەتیی کۆماری \\ فیدڕاڵی \\ پەرلەمانی و بەپێی سیستمی فیدڕاڵیی پاکستان، ئەو وڵاتە پیکدێت لە چوار یەکەی کارگێڕی کە ئەوانیش بریتین لە (پەنجاب، سەند، خەبیبر بختونخو، بەلوچستان) ، سەرجەم هەرێمەکان خاوەن حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی خۆیانن و سەرجەمیشیان حکومەتی فیدڕاڵی پێکدێنن لە ئیسلام ئاباد، کە ئیسلام ئاباد پێتەختی پەنجاب و کەراتشی پایتەختی سەنەدە و هەروەها پیشاوەریش پێتەختی خەبیر بختونخوایە و پایتەختی بەلووچستانیش کویتەیە.

لایەنی سەربازی:

هێزی سەربازیی پاکستان پێکدێت لە (سوپای وشکانی، سوپای ئاسمانی، سوپای دەریایی، هێزە شێوە سەربازیەکان، پاسەوانی نیشتیمانی)، تاکە وڵاتی ئیسلامییە کە خاوەنی وزەی ناوکییە و بەپێی ریزبەندیی ساڵانەی سوپای وڵاتان بۆ ساڵی ٢٠١٦، پاکستان بە ١٣هەمین وڵاتی به‌هێز دیاریکراوە کە بووجەی سەربازیی بڕی ٢ ملیارد و ٤٣٥میلیۆن دۆلاره‌ و بودجەی سەربازی لە کۆی گشتی داهاتی نیشتیمانی بریتیە لە ٢.٥%.

لەم خشتەیەدا توانا سەربازیەکانی دەخرێنە روو :
border=0

* - کۆی ژمارەی فڕۆکەی سەربازی ٩٢٣ فڕۆکەیه‌ کە تیایدا ٣٠٤ فڕۆکەی شەڕکەر هەیە و هەروەها ٢٦١ فڕۆکەی بارهه‌ڵگر و ٣٠٤ فڕۆکەی هێرشبەری دامەزراو و ١٧٠ فڕۆکەی راهێنان، هەروەها ٣٠٦ هێلیکۆپتەر و ٥٢ هێلیکۆپتەری هێرشبەر.

*- بەپێی هەڵسەنگاندێک بۆ بەهێزترین دەزگای هه‌واڵگری و زانیارییەکان لە ئاستی جیهاندا کە لە پێگەی (روسییا ئەمڕۆ) بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە (بەڕێوەبرایەتیی ئیستخباراتی ناوخۆیی ISI - پاکستان لە پلەی یەکەمی ئەو ریزبەندیەدایە).

*- بەپێی راپۆرتێیکی ئەمریکی ناوەندی توێژینەوەی سیاسی (تینک تانگ)، پاکستان خاوەن سێهەم هێزی ئەتۆمییە لە جیهاندا کە پاکستان ٢٠ کڵاوەی ئەتۆمیی بەرهەمهێناوە تا ساڵی ٢٠١٦، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە بەهێزترینە دوای ئەمریکا و روسیا، راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە پاکستان خاوەن ١٢٠ کڵاوەی ئەتۆمی جەنگییە و لە هەوڵدایە بۆ زیادکردنی زیاتری گەنجینەکانی لە ( پلۆتۆنیۆم ) کە ئەو ماددەیە زیاتر لە پیشەسازیی ئەتۆمیدا بەکاردێت و بۆ ئەو مەبەستەش خاوەن چوار بگۆڕی ئەتۆمیی تایبەت بە پلۆتۆنیۆمە .

پێوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی پاکستان:

هیندستان بەردەوام هه‌ڕه‌شه‌یەکی گەورەی بەردەم پاکستان بووە لە ستراتیژیی نیشتیمانیی ئەو وڵاتەدا، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی سەرەڕای گرژیی پێوەندییەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا بنەمایەکی گرنگ بووە بۆ یەکلاکردنەوە و ئاستی پێوەندییەکانی پاکستان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری، هەروەها ئەو پێوەندییە توند وتۆڵەی پاکستان لەگەڵ سعودیە هەیەتی و لەهەمانکاتدا ئەو ململانێ درێژخایەن و قووڵه‌ی لەنێوان وڵاتانی سعودیە و ئێراندا هەیە، بە خوێندنەوەی ئەو پێگە جیۆسیاسی و ستراتیژییەی پاکستان هەیەتی، ئەو فاکتەرانەی کار دەکەنە سەر سروشتی ئەو پێوەندییە لەگەڵ هەردوو وڵات لەیەک کاتتدا ( پاکستان \\ سعودیە ، پاکستان \\ ئێران )، بەتایبەت هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە کیشە و قەیرانە ناوچەییەکاندا دەردەکەوێت و لەلایەکی دیكەوە بوونی پێوەندییەکی مێژوویی نێوان پاکستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها بوونی پێوەندییەکی باشتر لەگەڵ وڵاتی چین لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە و لەو سۆنگه‌وه‌ پەرەدان بە پێوەندییەکان و دواجار بوونی پێوەندییەکی ستراتیژی بە بەدەستهێنانی هاوکاریی پێویست و ستراتیژی لەلایه‌ن حکومەتی چینی.

پێوەندی لەگەڵ هیندستان (پاکستان \\ هیند):

هیندستان وەک وڵاتێکی هاوسنوری پاکستان کە سنورێکی درێژی هاوبه‌شیان هەیە، له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونیانەوە لە ساڵی ١٩٤٧ و سەربەخۆییان لە ژێر فەرمانڕەوایی بەریتانی و دابەشبوونی نیمچە دوورگەی هیندستانی پێشوو بەسەر وڵاتانی هیندستان و پاکستان و...، کێشەی سنور و ململانێی یەکلاکردنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک هەرێمی کشمیر کە پاش كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی بەریتانیا وەکوو ناوچەیەکی سەربەخۆ دیاری کرابوو، بوو بە سەرچاوەی ناکۆکیەکی زیاتر لە نیو سەدەی نێوان دوو وڵاتی پاکستان و هیندستان و تیایدا چەندین شه‌ڕی ماڵوێرانکەری بەدوای خۆیدا هێنا کە لەساڵی ١٩٦٥دا شه‌ڕی نێوان هندستان و پاکستان هەڵگیرسا و ساڵی ١٩٦٦ رێکەوتنی ئاشتی لە نێوانیاندا واژۆ کرا كه‌ بە ریکەوتننامەی (تەشفەند) ناسراوە، بۆیە کێشەی کشمیر و هەروەها لەلایەکی دیكه‌شەوە گەمەی خۆ پڕ چەکكردنی هەردوو وڵات و هەڕەشەی بەردەوام و درێژخایەن وایکردووە بەتایبەت لەلایەن پاکستانەوە، بیر له‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هێز و توانای به‌رامبه‌ره‌كه‌یاندا ده‌كرایه‌وه‌، هەروەها جیابوونەوەی پاکستانی خۆرهەڵات لە پاکستانی خۆرئاوا دیسان کەیسێکی دیكه‌یه‌ کە ناکۆکیی نێوان ئەو دوو وڵاتەی ئاڵۆزتر کرد، ئەوه‌ش تۆمەتبارکردنی هیند بوو بە هاوکاری كردنی بەنگالە جوداخوازەکان، بوونی کەمینەیەکی ئیسلامی لە هیند، دیسان کەیسێکی دیكه‌یه‌ کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێوەندییەکانیان هەیە، پێوەندیی پاکستان و هیند بە گرژی و ئاڵۆزیی زۆردا تێپەڕیوە و تا ئێستاش پێوەندییەکی ئاسایی و سەقامگیر لەنێوانیاندا بەدی ناکرێ و تا ئیستاش کشمیر له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا سەرچاوەیەکی مه‌زنی ناکۆکیی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

پێوەندی لەگەڵ ئەفغانستان (پاکستان \\ ئەفغانستان):

ئەفغانستان پاش هیندستان، درێژترین سنوری لەگەڵ پاکستاندا هەیە و سەرباری ئەوەش پێکهاتەی ئایینیی هاوڵاتیانی هەردوو وڵات زۆر لە یەک نزیکە کە زۆرینەی دانیشتوانی هەردوو وڵات ئاینیان ئیسلامی سوننەیه‌، لەماوەی رابردوودا بەهۆی ئەو دۆخە ناله‌بارە نێوخۆییەی ئەفغانستان تیایدا بووه‌، لەشەڕی ناوخۆیی نێوان دەیان گروپی رادیکاڵی جیاواز و هەروەها داگیرکاری و رووبەڕووبوونەوە دەرەکیەکان، بۆیە بەگشتی بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی نێوخۆی ئەفغانستانه‌وه‌ کە وایکردووە نەتوانێ رۆڵێکی نێودەوڵەتی ئەوتۆ بگێڕێت و لەنێوخۆی خۆشیدا لەسەر پێیی خۆی راوەستێ، بەهۆی ئەو لاوازییەی ئەفغانستان لەلایەک و لەلایەکی دیكه‌شەوە بەهۆی پێوەندیی کۆمەڵایەتی و ئه‌و هەڵکەوتە جوگرافییەی لەنێوان پاکستان و ئەفغانستاندا هەیە و دەستوەردانی چڕی حکوومەت و هێزە سیاسی و هۆزە پاکستانییەکانی لە كاته‌ جیاوازەکاندا له‌ نێوخۆی ئەفغانستاندا ببێتە ئاراوە، کە بووەتە مایەی ویرانبوونی ئه‌و وڵاته‌، وەک ئەو دۆخەی ئێستا لە دەرەنجامی هەموو ئەوانەدا بەدیهاتووە لە شەڕی نێوخۆیی بەردەوامی ئەفغانستان. دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤیەتەوە لە ساڵی ١٩٧٩ و راگەیاندنی حکومی کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو، بە فەرمی لە ١٥ی فێبریوەری ١٩٨٩دا سۆڤیەت بە یەکجاری ئەفغانستان جێدێڵێت. بێگومان ئەو هەڵوێستەی سۆڤیەت ناڕەزایی توندی وڵاتانی پاکستان و واشنگتۆنی بەدوای خۆیدا هێنا. حکومەتی پاکستان بە پاڵپشتیی سه‌ره‌كیی تاڵیبان و دواتر دروستبوونی ئەلقاعیدە دادەنرێ کە پاش شەڕێکی نێوخۆیی خوێناوی لە دوای داگیرکاریی سۆڤیه‌تەوە ئەفغانستانی تێکەوت، تا ساڵی ١٩٩٦ کاتێک بزاوتی ئیسلامی سووننە مەزهەبی ناسراو بە (تاڵیبان) کە ساڵی ١٩٩٤ دامەزرا، دوای شەڕێکی زۆر توانی کۆنتڕۆڵی زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەفغانستان بکات و دواجار له‌ ٢٧ی سێپتەمبەری ١٩٩٦دا کابوڵیشی گرت، کە لەو ساڵەدا (میرنشینی ئیسلامی لە ئەفغانستان)یان راگەیاند و (القاعیدە)ش وەکو رێکخراوێکی جیهادیی رادیکاڵی سوننه‌ دوای راوەدوونانی ئووسامە بن لادن لە سعودیە و سودان و ولاتانی عەرەبی، رووی لە ئەفغانستان کردوو و به‌ خێرایی پێگه‌یه‌كی به‌رچاوی لەژێر سێبەری حوکمی تاڵیبان به‌ده‌ستهێنا و تێكه‌ڵاویی ئه‌و دوو رێكخراوه‌ تا ئاستی تێكه‌ڵبووون بوو، هێرشی قاعیدە لە ١١ی سێپتەمبەر بۆ واشنگتۆن وای کرد ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١دا شه‌ڕ دژی ئەفغانستان رابگەیەنێ و کۆتایی بە ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی رادیکاڵ بێنێت، جێگای ئاماژەیە لەدوای هێرشەکەی قاعیدە بۆ ئەمریکا، هەریەکە لە سعودیە و وڵاتانی عەرەبی دانان بە ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان کشاندەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پاکستان تاکە وڵات بوو کە دانپێنانی نەکشاندەوە، لە ئێستاشدا و دوای هاتنی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەرچەند لەسەرەتادا شکستی گەورە بەرەوڕووی تاڵیبان بووەوە و تا لە دواجاردا و لە ساڵی ٢٠١١دا ئووسامە بن لاده‌ن لەسەردەستی هێرشێکی کۆماندۆكانی ئەمریکا کوژرا، بەڵام لە ئێستادا و دوای بڕیاردانی کشانەوەی هێزە ئەمریکاییەکان لەو وڵاتە و کەمکردنەوەی نفوزی سەربازی ئەمریکی لێی، هاوکێشەکە گۆرانكاریی دیكه‌ی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەلایەک گروپی تیرۆریستی و رادیکاڵەکانه‌وه‌ زۆر بە توندی بەرۆکی ولاتی پاکستانیان گرتووە و تا لە ساڵی ٢٠٠٧یشدا تاڵیبانی پاکستانیش راگەیەندرا، لەلایەکی دیكه‌شەوە بەهۆی لاوازیی حکومەتی ئەفغانستان، لەو ماوەیەدا تاڵیبان توانیویەتی لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەیەکی زۆری ئەفغانستان سەرکەوتنی به‌رچاو بەده‌ست بێنێت، ئەوەی ئێستا زۆر بە توندی پێوەندیی نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و پاکستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بریتیە لە کەیسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم کە بە توندی بەرۆکی هەردوو وڵاتیان گرتووە.

پەیوەندی لەگەڵ چین ( پاکستان – چین ) :

پەیوەندی پاکستان و چین بە پەیوەندیەکی ئاسایی دادەنرێت هەر لەسەرەتای دروستبوونی پاکستانەوە ، هەرچەند لە سەرەتادا بە شک و گومان و لێک دڵنیانەوەبوونەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەست پێ دەکات ، بەڵام پاکستان پێشەنگی ئەو وڵاتانەبوو کە دانی نا بە ( کۆماری چینی گەلی ) و کۆتایی هێنا بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ( کۆماری چینی تایوان ) لە ساڵی ١٩٥٠ کە ئەوەش وەک سەرەتای پەیوەندیەکی ئەرێنی بۆ هەردوو لا دادەنرێت ، جگەلەوەش لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان هیند و پاکستان هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی پەیوەندیەکی هاوکاریانەی نێوان چین و پاکستان بە تایبەت لە هاوکاری سەربازیانەی چین بۆ پاکستان ، لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ دواوە ئەوا ئەو قۆناغە بە گەرموگوڕترین پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە ناسراوە ، کە ئەوەش بە هۆکاری یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەری لایەنی چینی کە کاتێک سەرۆک ( دینگ شیا و بنگ ) دێتە سەر حوکم ئەوا جاڕی سیاسەتێکی پراگماتی دەکات بە ئامانجی گەشەپیدانی لایەنی سەربازی و ئەمنی و سەقامگیری و گەشەکردنی ناوخۆیی و هەروەها لەهەمان کاتتدا هێنانەدی ئاشتی لە سیاسەتی دەرەوەدا ، بە گشتی لەماوەی رابردوودا دەکرێ بووترێ پەیوەندی پاکستانی –چینی دەستکەوتێکی ستراتیژی بووە لە پێگەی پاکستان لە ناوچەکەدا ، بە تایبەت لەرووی ئابووریەوە ئێستا چین بە پاڵپشتیەکی گەورەی چین دادەنرێت لە بواری پەرەپیدانی ژێرخانی ئابووری لە پرۆژە گەورەکان ، لەوانەش بڕیاری خەرج کردنی بڕی ٤٦ ملیارد دۆلار لەلایەن چینەوە لە ڕێگەی بانکی سەرمایەگوزاری بونیادی ئاسیایی ، بەمەبەستی دروستکردنی ڕێگاو بان و هێڵێکی شەمەندە فەر کەوا باشوری چین بە باشوری پاکستان دەبەستێتەوە و تا سەر ئاوەکانی ئۆقیانوسی هیندشۆڕدەبێتەوە.

پێوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە (پاکستان \\ سعودیە):

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ دا زنجیرەیەک لە دانیشتن و کۆبوونەوە لە ئاستی باڵای نێوان سەرکردایەتیی سیاسی و ئەمنیی سعودی و هاوپەیمانەکەی واتا پاکستان، هاتنە ئاراوە. لایەنی پاکستانی لەو کۆبوونەوانەدا جەختی کردۆتەوە لەسەر پاراستنی خاکەکانیان و پەیوەست بوون بە پارێزگاری لە ئاسایش و سەروەریی وڵاتی عەرەبیی سعودیە و جەختیان لەسەر ئەوەش کردوە کە پێوەندییەکی میژوویی لەنێوانیاندا هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکی دیكه‌ لە باسە سەرەکییەکان بریتی بوون لە گۆڕانکارییە نوێکانی ناوچە کە ئاستەنگ و بەروشاخانی نوێن لەبەردەم سیاسەتی هەردوو دەوڵەت بە ئاراستەی باشترکردنی پێوەندییە ستراتیژییەکانی نێوانیان.

لە بارەی گرنگیی پێوەندیی مێژوویی نێوان پاکستان و سعودیە، توێژەری ستراتیژی (د. یوئال جوزنسکی) لە ناوەندی توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، کە مێژووی پێوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە و بەپێی ئەو رێکەوتنانەی لە نێوانیاندا هەیە نیشاندەری ئەوەیە کە پاکستان ویستی پێشکەشکردنی هاوکاریی سعودیی هەیە و تواناشی هەیە، هەر بۆیە ئەو پێوەندییە زۆر بەرز دەنرخێنێت.

سەبارەت بە گرنگیی ئەو پێوەندییەش دەتوانین ئاماژە بە هاوکارییە سەربازییەکانی پاکستان بکەین لە رابردوودا. لەوانەش هاوکاریی سعودیە لە رووداوی ساڵی ١٩٧٩، کاتێک دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتە مەترسییەوە کە لە كاتی شه‌ڕی ئێران و عێراقدا پاکستان سوپای وڵاتەکەی بۆ سعودیە نارد.

لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریی سوپای هەردوو وڵات بۆ هاوکاریی شەڕکەرە ئەفغانەکان دژی داگیرکاریی سۆڤیەت، سوپای سعودی راهێنانیان پێ دەکرا لەلایەن بەرپرسە سەربازییەکانی پاکستان و لەبەرامبەر ئەوەشدا سعودیه‌ پاڵپشتی دارایی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی دەکرد لە پێدانی نەوت بێبەرامبەر یا بە نرخی زۆر کەم. هەر بۆیە دەتوانرێت بگوترێت ئەو پێوەندییە تایبەتیەی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە بریتییە لە پێوەندییەکی پتەوی باڵای سیاسی و ئەمنیی زۆر بەهێز.

پرسی ئەتۆمی رۆڵێکی دیاری لە باشترکردنی پێوەندیی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. سعودیە پاڵپشتی ماددیی پاکستان دەکات لە پێناو پیشەسازی بۆمبی ئەتۆمیی ئیسلامی، لەبەرامبەر ئەوەشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەرەنجامی ئەو مامەڵەیەدا کۆمەڵێک سزای بەسەر پاکستاندا سەپاند، لەبەر ئەوە رییاز هەنگاوی نا بۆ هاوکاریی ماددیی پێویست بە پاکستان بۆ کەمكردنەوەی کاریگەریی سزاکان، لەبەر ئەوە هەوڵی زۆر هەیە لەلایەن سعودیەوە بۆ بەدەستهێنانی وزەی ناوکی کە پێویستییه‌كی زۆری پێیه‌.

لە ڕووی ئابوورییەوە، پێکەوە بەسترانێکی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەیە. بەرزبوونەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوانیان لەو ساڵانەی دواییدا نێونجییه‌كه‌ی رۆژانە نزیك ٥ ملیار دۆلاره‌. هەروەها ژمارەی کرێکاری پاکستانی لە سعودیە بەشێوەیەکی بەردەوام رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە. بەپێی خەمڵاندنەکان رۆژی وا هەیە یەک ملیۆن و نیو پاکستانی داهات بۆ خێزانەکانیان دەنێرنەوە کە نزیکەی ٣ ملیار دۆلاری کردووە .

پێگەی ستراتیژیی پاکستان خاڵێکی گرنگی دیكه‌ی پاکستانە بۆ سعودیە کە چوونکە سنوری هاوبەشی بە درێژایی ٩٠٩ كیلۆمیتر لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەوە کە هەڵکەوتەیەکی گرنگە بۆ رێگری کردن لە ئێران و سنوردانان بۆ هەیمەنەی ئێران لە ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا کە پاکستان خاوەنی گەورەترین سوپای موسڵمانانی جیهانە، هەروەها تاکە وڵاتی ئیسلامییە کە خاوەنی هێزی ناوکیە، ئەوەش وا دەکات کە سعودیە هەمیشە وەک سەنتەری هێز بڕوانێتە پاکستان لە قەیرانەکاندا .

ئایین یەکێکی دیكه‌یه‌ لە فاکتەرە بنچینەیی و گرنگەکانی پێوەندیی نێوان پاکستان و سعودیە و پاکستان بە دووەم گەورەترین کۆمەڵگای ئیسلامی دێت لە دوای ئیندونوزیا و زۆرینەی ئەو وڵاتە سونە مەزهەبن و پشتگیریی تەواوی دینی لە نێوانیاندا هەیە .

پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران (پاکستان \\ ئێران):

سەبارەت بە پێوەندییەکانیشی لەگەڵ ئێران راستەوخۆ دێینە سەر رووداوەکانی ئەو دواییە کە سروشتی پێوەندییەکانیان بە تەواوی روون دەکاتەوە. لەوانەش کێشە و ململانێکانی یەمەن کە بەشدارنەبوونی کارای پاکستان لە هاوپەیمانیی ئەلحەزم بە سەرۆکایەتی سعودیە دژی حوسییەکان و بزاوتی بەرهەڵستکاری یەمەنی کە ناڕاستەوخۆ شه‌ڕ بوو لەگەڵ ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار لەوانەش:

١- بوونی ترس لە سەرهەڵدانی بارگرژیی عه‌شیره‌یی ناوخۆیی.

٢- بوونی رێژەی بەرزی شیعە لەو وڵاتە کە ڕیژەیان زۆرە و نزیکەی ٢٠% لە کۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدێنن و کاریگەریی ئێرانیان له‌سه‌ره‌.

٣-پێوەندییە ئابوورییەکانی پاکستان لەگەڵ ئێران بەتایبەت کەیسی قورسی پەیوەندیدار بە قەیرانی کارەبا لە پاکستان، جگە لەوەش پاکستان تا راده‌یه‌ك پشت دەبەستێت بە گازی سروشتیی ئێران.

٤- سوپای پاکستان سەرقاڵی پارێزگاری و سەرپرشتی سنورەکانیەتی لەگەڵ هندستان و ئەفغانستان و نەبوونی خواستی ئەو وڵاتە بۆ کردنەوەی هەر جەبهەیەکی دیاریکراوی دیکە .

٥- خاڵێکی دیکەی کاریگەر کە پاکستان بە ئێران دەبەستێتەوە بریتیە لە بزاوتی رزگاریخوازیی بەلوچەکان و چالاکیەکانیان لە هەردوو وڵاتی پاکستان و ئێران.

هەرچەند سعودییە هێڵی سورە بۆ پاکستان کاتێ بکەوێتە ژێر هەر مەترسیەکەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاکستان لە سیاسەتی دەرەوەیدا وەک ئەوەی کە دۆخی یەمەن ئەوەی زیاتر دەرخستن ئەوا تا راددەیەک هەوڵ دەدات دژایەتیی ئێران نەکات بەهۆی بوونی ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە باسکران، بەتایبەت بوونی پرسی بەلوچ کە پرسێکی لەمێژینەی ئەو ناوچەیە و بەلوچەکان نەتەوەیەکن کە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانیان بن پێ خراوه‌. بەتایبەت ئەو بەلوچانەی دەکەونە ناو خاکی ئیرانەوە کە زۆر بە توندی لەلایەن رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانیان پێشل دەکرێ و رۆژانە بە تۆمەتی جیایی کۆمەڵایەتی بەڵام لە راستیدا بەهۆی خواستە مافخوازانەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ زیندان و دەستبەسەر و ئەشکەنجە و لە سێدارە دەرێت. هەرچەند بەلوچەکانی پاکستان خاوەنی حکومەتی هەرێمی خۆیانن لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵی پاکستانیدا، بەڵام لەو حاڵەشدا لەو ساڵانەی دواییدا کێشە و پێکدادان هەبوو لەنێوان بزووتنەوه‌کانی بەلوچ و حکومەتی فیدڕاڵی پاکستانی. به‌لوچه‌کانی پاکستان له‌ ساڵی ١٩٧٣-\\ ١٩٧٧ بزووتنه‌وه‌یه‌كیان ده‌ست پێكرد که‌ زیاتر له‌ نۆ هه‌زار که‌سی تێدا کوژرا و یەکێکی دیکە لەو سەرهەڵدانە دیارانەی ئەو دوایانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک بەلوچستانی پاکستان ده‌ستیان به‌ سه‌رهه‌ڵدانێکی نه‌ته‌وه‌یی کردوو و به‌ به‌رد و دار، رووبه‌ڕووی سوپای پاکستانی بوونەوەوە و ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکی به‌لوچستان یه‌کمجاریان نەبووە‌ بۆ مافه‌کانی خۆیان ڕاده‌په‌ڕن، به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی ئەوکاتە دوای کوشتنی سه‌کردەی چەکدارەکانی به‌لوچستان، (نه‌واب ئه‌کبه‌رخانی بوگتی) ته‌مه‌ن حەفتاو نۆ ساڵه‌‌‌ که‌ ڕۆژی شه‌مه‌ ٢٩/٨/ ٢٠٠٦ له‌ هێرشێکی سوپای پاکستاندا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ چەکدارەکان گیانیان له‌ده‌ست دا. ئه‌کبه‌رخانی که‌سێکی خوێنده‌وار و ده‌رچووی زانستگای ئۆکسفۆرد بوو له‌ به‌ریتانیا و له‌ په‌نجاکانه‌وه‌ وه‌کو چالاکڤانێکی سیاسی بۆ مافه‌کانی گه‌لی به‌لوچ تێده‌کۆشا‌، ماوه‌یه‌ک وه‌زیر و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ش بووه‌، به‌ڵام له‌ کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦دا سه‌رکردایه‌تیی ده‌سته‌یه‌ک چەکداری به‌لوچی به‌ ناوی (سوپای رزگاریخوازی به‌لوچ) گرته‌ ده‌ست. یەکێک لە هۆکاری سەرهەڵدانەکان و بنپێنانی مافی بەلوچەکان بریتیە لە دابەشنەکردنی دادپەروەرانەی داهاتی سەرچاوە سرووشتیەکان بەسەر هاوڵاتیانی بەلوچه‌، لە کاتێکدا ٤٥% گازی سروشتی پاکستان له‌ به‌لوچستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. هەر بۆیە حکومەتی هەردوو وڵات هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی کە نەتەوەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، بۆ ئەوەش دەتوانین ئاماژە بۆ پێوەندی نێوان وڵاتانی تورکیا و عێڕاق و سوریا و ئیران بکەین کە هەرچەند زۆر هۆکاری بنەڕەتی و ستراتیژیی دژایەتیی نێوانیان پێک دەهێنێت، بەڵام پرسی کورد یەکێک بووە لەو پرسانەی کە بە درێژایی مێژوو لێكگرێدراوییه‌كی دروست کردووە. بوونی ڕێژەیەکی بەرزی شیعەش هۆکارێکی زۆر گرنگە و شیعەکان لەبەر بوونی ژمارە زۆرەکەیان کە نزیکەی یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی ئەو وڵاتە پێکدێنن، لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانن رووبەڕووی دەسەڵاتی پاکستانی ببنەوە و ببنە کۆسپی گەورە لەبەردەمیدا. هەر لەبەر ئەوە پاکستان هەوڵ دەدات جۆرێک لە هاوسەنگی دروست بکات لە ململانێی نێوان ئێران و سعودیە، سەرباری ئەوانەش دوای پچڕانی پێوەندیی نێوان سعودیە و ئێران دوای رووداوەکانی حەج و لە سێدارەدانی (نەمر) و بانگێشتکردنەوەی باڵویزەکانیان، پاکستان هەوڵی نێوانگیریی کرد لەنێوان ئێران و سعودیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوسەنگییەی کە باسی لێوەکرا کە پاکستان هەوڵی بۆ دەدات.
هەروەها پێویستە بگوترێت کە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٢٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە پێشوازیی باڵوێزی پاکستان (نور محمد جادمانی) لە وڵاتەکەی، ڕایگەیاند کە ئێران و پاکستان پێوەندییەکی ستراتیژی و متمانەپێکراویان هەیە، جێی باسە کە دوای سەردانی ئەو دوایانەی رۆحانی بۆ ئیسلام ئابادا کاریگەری ئەرێنیی لەسەر ئەو پێوەندییانە هەبوو.

سەرباری هەموو ئەوانە پێویستە سەرنج بدەینە ئەو رێکەوتن و پرۆسە هاوبەشانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت و تێیدا هاوکاری یەکتری دەکەن، لەوانەش رێکەوتن و لیژنە هاوبەشەکانی نێوان پاکستان و ئێران:
١. لیژنەی وەزاری بۆ پرسی ته‌ناهی و بۆ رووبەرووبوونەوەی مادده‌ی هۆشبه‌ر و چالاکی سه‌رپێچكارانه‌ لە رێگەی سنورەکان و رووبەرووبوونەوەی کۆچی نا یاسایی .

٢. لیژنەی هاوبەش بۆ خەبت و پێوه‌ندیی ته‌ناهیی سنورەکان لە ئاستێکی بەرزی وەزاره‌تدا.

٣.لیژنەی هاوبەشی باشترکردنی هاوکاری دوولایەنەی بەرگری .

٤.لیژنەی وه‌زاره‌تی هاوبەشی باشترکردنی پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان.

٥.رێکەوتنی بازرگانیی تایبەتی.

٦.کۆمپانیای پاکستانی \\ ئێرانیی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنان.

٧.رێکەوتنی پرسی رۆشنبیری لە نێوان پاکستان و ئێران.

٨.رێکەوتنی هێڵی گواستنەوەی گاز.

پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا (پاکستان \\ ئەمریکا):

هەرچی سەبارەت بە پێوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکاشە پێویستە بگوترێت پاکستان بە درێژایی میژووی، ناوچەیەکی گرنگی جیۆستراتیژی ئەمریکا بووە و وەک یەکێک لە هاوپەیمانانی ناسراوە و بۆ تێگەیشتن لەو پەیوەندیانەش مێژووی ئەو پێوەندیانە دەخرینەڕوو کە پێوەندییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٩ لە سەردەمی ئیدارەی ئەیزنهاوەر کە هەر لە سەرەتاوە پێوەندییەکی پەرەگرتووپێكهات کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو بەرژەوەندییە زۆرەی کە له‌گۆڕێدا بوو بۆ هەردوولا. لەوانەش بەکارهێنانی پاکستان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بەرژەوەندییەکانی و لەبەرامبەردا بەدەستهێنانی هاوکاری دارایی لەلایەن پاکستانەوە، رێکەوتننامەکانی ئەمریکا بوونەتە مایەی هاوکاری زۆری پاکستان لە لایەنی ئابووری و سەربازی و بەشداری پاکستان لە هاوپەیمانی بەغداد و سنتۆ CENTO و سیاتۆ SEATO .

پێویستە بگوترێت کە هەمیشە ئەمریکا پاڵپشتیەکی بەهێز نەبووە بۆ پاکستان و تەنانەت لەهەندێ قۆناغدا پچڕانی پێوەندییەکانیان لێ کەوتۆتەوە، لەوانەش کاتێک لە ساڵی ١٩٦٥دا شه‌ڕی نێوان هیندستان و پاکستان هەڵگیرسا، ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هەردوو دەوڵەتی هیندستان و پاکستان راگرت کە بەهەمان شێوە هیندستانیش هاوپەیمانی ئه‌مریكا بوو. ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنیی زۆری کردە سەر پاکستان، بەپێی کات بەرە بەرە پاش ئه‌و قۆناغه‌ پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و پاکستان بەرەو باش بوونەوە رۆیشت، بەڵام دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٧٩ ئەمریکا هاوکارییە ئابوورییەکانی خۆی بۆ پاکستان دەوەستێنێت و بەوەش زیان بەر پاکستان دەکەوێت.

داگیرکردنی ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٧٩وایکرد پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و پاکستان لە ئاستێکی بەرزدا خۆی ببینێتەوە ئەویش لە بەشداریان لە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیریی باکوری ئاسیا و لە ساڵی ١٩٨١دا هەردوو وڵات رێکەوتنێکیان بۆ هاوکاری سەربازی و ئابووری بە بڕی ٣.٢ بیلیۆن دۆلار بە ئامانجی یارمەتیدانی پاکستان بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ لەگەڵ مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها بە ئامانجی خواستەکانی پاکستان بۆ گەشەپیدانی ئابووری واژۆ کرد کە یەکێک لە گەورەترین پرۆسەی نهێنیی لە مێژوودا بەدوای خۆیدا هێنا ئەویش بریتی بوو له‌ یارمه‌تیدانی چەکدارە یاخیبووەکانی ئەفغانستان لەلایەن پاکستانه‌وه‌ دژی سۆڤیەت.

لە مارسی ١٩٨٦ هەردوو دەوڵەت رێکەوتن لەسەر دووهەم بەرنامەی هاوکاریی درێژخایەن ( ١٩٨٨ \\-١٩٩٣ ) بە بڕی ٤ بیلیۆن دۆلار بۆ گەشەپیدانی ئابووری و هاوکاریی سەربازی، بەڵام لە ١ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٠دا ئەمریکا سەرجەمی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی راگرت و مەرجی دانا بەوەی کە پشکنینی ساڵانە هەبێت بۆ سەلماندنی نەبوونی چەکی ناوکی .

ساڵی ٢٠٠١ رووداوی ١١ی سێپتەمبەر كە بە كردەوە جیهانی بە سەر دوو جەمسەری تیرۆریزم و دژە تیرۆریزمدا دابەش كرد، پاكستان بە سەركردایەتی موشەرەف بە كردەوە لەگەڵ لایەنی دژی تیرۆریزم كەوت و دوای بڕیاردانی ئەمریکا بۆ لیدانی ئەفغانستانیش پاکستان لە ئاستێکی بەرزدا هاوکاری ئەمریکای کرد هەرچەند لە ناوخۆی پاکستان بەو هەڵوێستەی بارگرژی توند هاتە ئاراوە.

پێویستە بگوترێت کە کشمیر کە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان پێکدێنێت، ئەمریکا لە ئەجێندای پێوەندییەکانی لەگەڵ پاکستاندا، هاوسەنگی راگرتنی پێوەندییەکانی ئەمریکا لەنێوان هندستان و پاکستان و رێگرتن لە دروستبونی شه‌ڕ لە نیوان ئەو دوو وڵاتەدا ستراتیژێکی سەرەکیی ئەمریکایە.

هەروەها سەبارەت بە گرنگترین هۆکارەکانی پتەویی پێوەندییەکان لە ئێستادا، سەرباری پێوەندییە مێژووییەکانیان، دەتوانین ئاماژە بەو هۆکارانە بدەین:
١- شه‌ڕی ناسراو بە شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر کە پاکستان رۆڵێکی مێحوەری وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا دەگێڕێ.

٢- بەرنامەی ئەتۆمی پاکستانی کە ئەمریکا ویستوویەتی کۆنتڕۆڵێک دروست بکات لەسەر گەشەی بەردەوامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

٣- ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکاری بەرهەمی پاکستانی، کە نزیکەی یه‌ك له‌سه‌ر چواری بەرهەمی پاکستان لە بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساغ دەکرێتەوە.

٤- هاوکاریی ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە بۆ حکومەتی پاکستان بەتایبەت لەکاتی قه‌یرانی ئابووریدا.

٥- بوونی كۆچبه‌ری به‌ربڵاوه‌ پاکستانی لە ئەمریکا کە لەنێویاندا بە هەزاران لەو ڕێژەیە خوێندکارانن.

٦- سود وەرگرتن لە چەک و کەرەستەی شه‌ڕكه‌ری ئەمریکا بۆ هێزە پاکستانییەکان وخولی راهێنانی سەربازی بۆ سەربازانی پاکستانی لە ئەمریکا.

٧- گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ بۆ پاکستان بەو تایبەتمەندییەی کە هاوپەیمانێکی سەرەکییە لە دەرەوەی هاوپەیمانیی ئەتڵەسی.
سەبارەت بە شه‌ڕی دژه‌ تیرۆریش پێویستە بگوترێت لە ساڵی ٢٠١٠دا ئه‌مه‌ریکا دابینکردنی زیا له‌ ٥٠٠ ملیۆن دۆلار یارمه‌تیی بۆ پاکستان ڕاگه‌یاند. له‌و كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا کار ده‌کات بۆ به‌ده‌ستهێنانی پیشتیوانیی گشتی له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆریزم له‌ وڵاتی ئه‌فغانستاندا، ئەو پرۆژەیە بەشێک بوو له‌ ٧.٥ میلیارد دۆلار له‌ هه‌وڵه‌کان به‌ مه‌به‌ستی قه‌ناعه‌ت پـێکردنی پاکستانیـیه‌کان که‌وا ئه‌مه‌ریکا نه‌ک به‌ ته‌نها جه‌خت ده‌کاته‌ سه‌ر پشتیوانکردنی شه‌ڕی ئه‌فغانستان دژی تاڵیبان و میلیشیاکانی ئه‌لقاعیده‌، به‌ڵکوو هەوڵدان بۆ هاوکاریی پاکستانه‌ بۆ باشترکردنی گوزەران و ئابووری ئەو وڵاتە، کە بەدوای ئەوەشدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاکستان له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند په‌ره‌پێدانی‌ ئاستی هاوکاریکردنی ئه‌مه‌ریکا له‌ بواری جیاوازدا گرنگه‌ بۆ گۆڕینی بۆچوونی گشتی سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی ئه‌مه‌ریکا له‌ پاکستاندا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە