کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری خامنەیی لە ئەفغانستان دەستبەسەر كرا

17:27 - 8 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: قوربان غولامپوور، نوێنەری خامنەیی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگانەی ئاخوندە شیعەكانی ئەفغانستان و ئەندامی ئەنجومەنی چاوەدێری بە سەر حەوزەی علمییەی هەراتدا، لە لایەن ئیدارەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستانەوە دەستبەسەر كرا.

چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ئەفغانستاندا ڕایانگەیاندووە ناوبراو بەرپرسی ڕاكێشانی لاوانی شیعەی ئەفغانستان بۆ بەشداری لە شەڕی سووریەدا بە مەبەستی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد بووە.

ڕاگەیەنەكانی ئەفغانستان وەك هەواڵدەریی جومهووری هەواڵی دەستبەسەركردنی غولامپووریان بڵاو كردۆتەوە. بە پێی ئەو هەواڵە، ئەو ئاخوندە شیعەیە لە لایەن ژمارەیەك لە هێزەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستانەوە لە شاری هەرات دەستبەسەر كراوە و گوازراوەتەوە بۆ شاری كابول.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕە ئەفغانیبیەكان، غولامپوور بەرپرسی دابەشكردنی مووچەی مانگانەی نێردراوی سێ مەرجەعی تەقلیدی شیعە لە نێو ئاخوندە ئەفغانییەكاندا بووە كە دوو كەس لەوانە بریتین لە: عەلی خامنەیی و عەلی سیستانی.

كۆماری ئیسلامیی تیرۆریستیی ئێران بە ئامانجی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد، میلیشیا شیعەكان لە وڵاتانی جۆراوجۆری وەك ئەفغانستان، پاكستان، عێراق و لوبنانەوە كۆ دەكاتەوە و بۆ بەشداریكردن لە شەڕ دژ بە ئۆپۆزیسیۆن و كوشتن و قەڵاچۆكردنی خەڵكی سووریەدا، دەیاننێرێتە ئەو وڵاتە. میلیشیا ئەفغانییەكان لە چوارچێوەی لەشكری فاتمیوون و لە ژێر فەرمانی سپای تیرۆریستیی پاسداراندا لە سووریە شەڕ دەكەن.