کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیسواییەکی دیکە بۆ ئێران تۆمار کرا

17:28 - 8 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فووتواڵی ئێران لە وڵاتی بڕێزیل بەتاوانی دزی دەستبەسەر کرا.

هەواڵدەرییەکانی وڵاتی بڕێزیل بڵاویان کردەوە کە؛ مەنسوور دەمیرچی ٥٣ ساڵە، و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فووتواڵی ئێران، کە بەرپرسایەتی تیمی فووتواڵی ئێرانی بۆ وڵاتی بڕێزیل لە ئەستۆ بووە، بە تاوانی دزی کردن، لە لایەن پۆلیسی ناوچەی کوپاکابانا لە باشووری ڕیۆدۆژانیرۆ دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەم هەواڵە، ناوبراو پاش ئەوەیکە هەندێک کەلوپەلی لە فرۆشگایەک دزیوە و لەنێو جلوبەرگەکەی‌دا شاردوویەتەوە، لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە؛ دواتریش بە دانانی وەسیقە بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە، بەڵام پاسپۆڕتەکەی لەلای پۆلیسە و دەبێ لە دادگادا وەڵامدەر بێت.

لەبەرامبەردا، سەرپەرەستی فێدراسیۆنی ئەنجومەنە وەرزشییەکانی ئێران، لەباتی داوای لێبوردن وتوویەتی: ڕاگەیەنەکان نابێ لەبەر هەڵەیەک، ڕابردووی بەرپرسێکی بەئەزمونی وەک دەمیرچی بشۆرنەوە.

تا ئێستا وەزارەتی وەرزشی ئێران لەمبارەوە هیچ لێدوان یان ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.

پێشتریش باڵوێزی ئێران لە بڕێزیل لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەدی نژاد، لە مەلەوانگەیەکدا بووە هۆی ئابڕووچوونێکی دیکە، کە ئەو کات سەرانی کۆماری ئیسلامی لە ژێرناوی جیاوازیی فەرهەنگی پاساویان بۆ بەدڕەوشتییەکانی هێنایەوە.