کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران فۆردۆ بۆ دەستپێكردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم ئامادە دەكات

19:25 - 8 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: بە پێچەوانەی بەڵێنییە ناوكییەكانی كۆماری ئیسلامی لەمەڕ ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە بنكەی ئەتۆمیی فۆردۆ، ئاماژەكان دەری دەخەن كە ڕێژیم خەریكە خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو پرۆسەیە لە داهاتوودا ئامادە دەكات.

كاناڵی تەلەڤیزیۆنیی خەبەری كۆماری ئیسلامی بۆ یەكەمین جار وێنەی دامەزراندنی سیستمی قەڵغانی مووشەكیی ئێس ٣٠٠ی ڕووسیەی لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ بڵاو كردەوە.

لەو ڤیدیۆیەدا كامیۆنێكی هەڵگری سیستمی مووشەكیی ئێس ٣٠٠ لە فۆردۆ دەبینرا كە هاوێژەرە مووشەكییەكانی ڕوویان لە ئاسمان كردووە. لە ڤیدیۆكەی كاناڵی خەبەردا هەروەها ڕادارە لاوەكییەكانی ئەو سیستمە دەبینران كە دامەزراون و چالاك كراونەتەوە.

دامەزراوە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ كە لە نێو شاخێكدا لە نزیك شاری قوم هەڵكەوتوون، لە پاش جێبەجێكرانی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە بەرجام لە مانگی ژانویەی ئەمساڵەوە پرۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆمیان تێدا ڕاگیراوە.

ساڵی ١٣٨٧ لە سەردانی مستەفا محەممەد نەجار، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێراندا بۆ مۆسكۆ، گرێبەستێكی ٨٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ وەرگرتنی ٥ سیستمی بەرگریی ئێس ٣٠٠ لە نێوان ئێران و ڕووسیەدا واژۆ كرابوو.

ڕووسیە ماوەیەك دواتر سەرەڕای واژۆكرانی ئەو گرێبەستە، ڕایگەیاند بە هۆی گەمارۆكانی سەر ئێران، ناردنی ئەو سیستمە مووشەكییە دوا دەخات، بەڵام دواجار لە مانگی ئاوریلی ساڵی ڕابردووی زایینیدا ولادیمیر پووتین، سەركۆماری ڕووسیە ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و سیستمەكەیان ڕادەستی ڕیژیمی ئێران كرد.

وەگەڕخستنی ئەو سیستمە لە دەوروبەری دامەزراوە ناوكییەكانی ڕێژیمدا كە ئێستا چالاكیی ئەتۆمییان تێدا ڕاگیراوە، بە ئاشكرا دەری دەخات كە كۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لەو ناوەندانەدا چالاكییە ئەتۆمییە قەدەغەكراوەكانی دەست پێ بكاتەوە وەك خامنەیی دەڵێ ڕێككەوتننامەی بەرجام ئاگر تێ بەر دەن.