کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەگەڵ تینک‌تانکەکان کۆ دەبێتەوە

22:01 - 8 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، لە دیدار لەگەڵ تینک‌تانکەکان، لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گفتوگۆی کرد.

ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی داهاتووی ئامریکا، لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی کاریگەری تینک‌تانک، لەو بوارەدا دیداری کرد.

لە درێژەی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٤ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوی شوورای ڕێبەری بۆ مافی مرۆڤ کۆ بووەوە و هەروەها ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، سەردانی بنکەی سەرەکیی ڕێکخراوی نێونەتەویی ئەی جەی سی لە واشینگتۆن کرد.

ئەم زنجیرە چاوپێکەوتنانە بە دوومەبەستی سەرەکیی ناساندنی ڕاسان بە بیروڕای گشتیی ئامریکا و هەروەها رێکخستنی بنەما گشتییەکان بۆ دابینکردنی پێوەندیێکی باشتر لەگەڵ دەوڵەتی داهاتووی ئامریکا، ئەنجام دەدرێن.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لەو بارەیەوە وتی کە؛ لە بارودۆخێکدا کە ئامریکا لەبەردەم هەڵبژاردندایە، ئاراستەی پێوەندییەکانی حیزب لەم وڵاتە، زیاتر پێکهێنانی هەندێک پێش‌زەمینەی گرینگە بۆ پەرەدانی پێوەندییەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی داهاتوودا.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وتووێژ لەگەڵ تینک‌تانکەکان، ئاراستەی سەرەکیی ڕاسانی بۆ ئامادەبوان شی کردەوە، و باسی لەوە کرد کە؛ ئەمە لە بەرژەوەندیی دێموکراسییەکانی ناوچە و جیهانە، کە پاڵپشتی لە ڕاسان بکەن.

لەم چاوپێکەوتنانەدا ئارش ساڵح گووتی کە؛ کەمپەینی ڕاسان کە کەمپەینێکی فرە ڕەهەندە، بە دەسپێشخەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کردووە و ئێستا ڕێکخراوەکانی وەکوو یەکیەتیی لاوان و خوێندکاران و ژنان لەو کەمپەینەدا بەشدارن و ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم کەمپەینە ڕاگەیاندووە.

هەروەها لە ئاستی ئێراندا، ڕێکخراوەکان و حیزبەکانی سەر بە نەتەوەکان و کەسایەتیە ئێرانییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕاسان دەربڕیوە.

لە درێژەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات گوتی کە؛ خۆتان دەزانن و چەندین جاریش سەرۆک ئۆباما و ڕێبەرانی جیهان ئاماژەیان پێ‌داوە، هیچ متمانەیەک بە ئێران ناکرێت، بۆیە بە باوەڕی ئێمە ڕێگەدان بە چوونی پارە بۆ ئێران تەنیا لە خزمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوچە دایە.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا کە ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە هێشتا هەر ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و گوزەرانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، بەشێکی هەرە زۆری سەرچاوە ماڵییەکانی خۆی، بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بەکار دەبات.

جەیسون ئایزاکسن بەرپرسی بەشی سیاسەتگوزاریی نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەی جەی سی، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ دەسپێشخەریی حیزبی دێموکرات لە کردنەوەی درگای پێوەندی، باسی لەوە کرد کە؛ پێشتر هەڵەی زۆر کراوە لە پشتگیری نەکردن لە جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکان لە ئێران دا.

ناوبراو هەروەها گوتی؛ لەوانەیە ئەگەر کاتی خۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی دەوڵەتی ئامریکا، پشتیوانی لە بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی نێو ئێران کردبایه، ئەوا ئەمڕۆ زۆر شت جیاواز دەبوو.

هەروەها لە درێژەدا جوولی فیشمەن بەرپرسی بەشی دیپلۆماتیکی ئەو ڕێکخراوەیە، وێڕای باس کردن لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران، ئەوپەڕی خەمی خۆی بۆ زیاد بوونی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران ڕاگەیاند و وتی کە؛ دیارە کوردەکان و کەمینەکان لەم بوارەدا زیاتر وەبەر شەپۆلی لەسێدارەدان دەکەون.

هەروەها جۆ دابڕۆف کە کارناسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کاروباری کوردەکانە، بە ئاماژە بە لەسێدارەدرانەکانی ئەم دواییانەی ئێران، باسی لە ڕۆڵی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ کرد.

هەروەها لە درێژەدا دابڕۆف چەند پرسیاری لەو بارەیەوە ئاراستە کرد، کە لەلایەن نوێنەری حیزبەوە وەڵامیان پێ درایەوە.

لە کۆتاییدا، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی ئێران لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە وتی کە؛ تەنیا یەک ڕێگا لەبەردەم دنیادا ماوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەری کێشەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن، ئەویش پشتگیرییە لە نەتەوەکانی ئێران بۆ ئەوەی بتوانن سیستمێکی فێدڕاڵ پێک بێنن، چوونکە تەنیا لە ئاوا حاڵەتێکدایە کە ئاشتی لەگەڵ جیهان، و دەستهەڵگرتن لە نانەوەی ئاژاوە، بژاردەیەکی عەقڵانی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەبێت.